ئاڵتۆن: قەیرانى ئیدلب قەیرانى سوریا، ئێران، رووسیا و تورکیایە

رەزا ئاڵتۆن ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، ئیدلب بۆ سوریا شوێنێکى چارەنووسسازە. راشیگەیاند، پەیوەندیى قێزەونی نێوان تورکیا، ئێران، رووسیا و رژێم کۆتایى پێهاتووە.

رەزا ئاڵتون ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF)دا باسی لە بابەتەکانى نێوان بەڕێوبەریى شام و مەسەدە، ئۆپراسیۆنى چاوەڕوانکراوی دژ بە ئیدلب، بارودۆخى عەفرین کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە و قەیرانى ئێران کرد.

ئاڵتون رایگەیاند، کێشەى عەفرین تەنها کێشەى سوریا نییە، بەڵکو هاوکات کێشەى هاوبەشی ئەو هێزانەیە کە دەستیان لە سوریا وەرداوە.

ئاڵتون باسی ئەوەیکرد، ئیدلب بارودۆخ و چارەنووسی سوریا روون دەکاتەوە و راشیگەیاند "ماوەى ٦ بۆ ٧ ساڵە لە سوریا شەڕ هەیە. ژمارەیەکى زۆر پەیوەندی، ناکۆکی و هاوپەیمانی روویانداوە. لە سوریا جگە لە هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) ژمارەیەکى زۆر گروپى سەلەفیى بچووک و گەورە بوونیان هەبوو. ئەو هێزانەى کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانی لە چەند شوێنێکدا باڵادەست بوون. ئەو هێزانە ئێستا بە قورسی تێکشکاون و هەموویان لە هەرێمى ئیدلب – جەرابلوس کۆبوونەتەوە. لەو هەرێمەدا ١٠٠ بۆ ١٥٠ هەزار چەکدار کۆبوونەتەوە. ئەوانە هەموویان لە ژێر چەتری تەحریر شام دا کۆبوونەتەوە. پێشتر چەندین وڵات پشتیوانییان لەو هێزانە دەکرد. تاوەکو رادەیەک پەیوەندییان بە ئەمریکا، ئیسرائیل، سعودیە و تورکیاوە هەبوو. ئەو پەیوەندییە بە تێپەڕبوونى کات تەنها لەگەڵ تورکیا بەردەوامیى پێدرا. تورکیا لە قۆناغەکانى دانوستانى ئاستانەدا هەوڵی زۆرى دابوو ئەو هێزانە لە ئیدلب کۆ ببنەوە. هەموو هێزە 'ئۆپۆزسیۆنەکان' جگە لە قەسەدە لە ئیدلب کۆکرانەوە. ئیتر لە هیچ ناوچەیەکى تری سوریادا ئۆپۆزسیۆن بوونى نەماوە".

لەو شوێنانەى قەسەدە باڵادەستە، چارەسەرى لە رێگەى دانوستانەوە دەبێت

ئاڵتون لەبارەی دۆخی سوریاوە و تى "سەربارى ئەوەى رژێم هێزى نییە، هەوڵدرا بە پشتیوانیى ئێران، حیزبوڵا و رووسیا بکرێت بە هێز. رژێم ئێستا هێزێکى زۆر گەورەى نییە. هێزى وشکانیى رژێم لە حیزبوڵا و ئێران پێکدێت. رژێم بە چڕی لە گۆڕەپانى نێودەوڵەتیدا کارى دیپلۆماسى ئەنجام دەدات. رووسیا لە رووی سیاسی و سەربازییەوە رژێم لەسەر پێ دەهێڵێتەوە... لەبەر ئەوەش رژێم بە هاوکاریى رووسیا و ئێران کرایەوە بە هێز، بەڵام ئیتر ئەو هێزە سەربەخۆ نییە و ناتوانێت خۆی بە ئیرادەى خۆى بەڕێوەببات. ئێران و رووسیا بە ناوى رژێمەوە قسە دەکەن".

رەزا ئاڵتون باسى لایەنێکى ترى ناکۆکیى نێوان رووسیا و ئەمریکا کرد و وتى "رووسیا بوونى خۆى لە سوریا بە رەوا دەزانێت. ئەمریکاش بە زۆری دەیەوێت بە پەیوەندییەکانى لە باکووری سوریا رەوایى بە بوونی خۆى بدات. ئەو دوو هێزە هەم پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر هەیە و هەم ناکۆکیشیان هەیە. ئەو دوو هێزەش هەوڵ دەدەن بەبێ ئەوەى بگەنە ئاستى شەڕ، کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) هەر لە سەرەتاوە وەک هێزێکى سەربەخۆ و بە داخوازیى سوریاى دیموکراتیک و سوریاى فیدراڵ دەجوڵێتەوە. لەبەر ئەوەش لە گۆڕانکاری و پێشهاتەکانى سوریادا کراوەیە بۆ دانوستان. لە پێگەیەکى بەهێزدایە. هەرێمێکى بەرفراوانى لە کۆنترۆڵدایە. پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشی بچووک نییە و بەهێزە.

کەواتە لە سوریادا ئەم کێشانە بوونیان هەیە. یەکەم؛ لەو هەرێمەدا کە هێزەکانى قەسەدە تیایدا باڵادەستن پرۆسەى یەکگرتنى سوریا دەستپێبکات. دووەم؛ چارەسەرکردنى کێشەى ئیدلب. ئەستەمە کێشەى ئیدلب لە رێگەى دانوستانەوە چارەسەر بکرێت، چونکە ئەو هێزانەى لە ئیدلب دان بە زۆری چاویان بڕیوەتە دەسەڵات. یانى ئەو هێزانە دەیانەوێت دەسەڵاتى ئێستا بڕوخێنن و خۆیان لە جێگەکەیدا ببنە دەسەڵاتدار. زۆربەى ئەو هێزانەى لە ئیدلب دان بە 'تیرۆریست' دەناسرێن و بە هێزی رەوا ناناسرێن. سەربارى ئەوەى رژێمى رووسیا قبوڵ دەکات بەشێک لەو هێزانە بەشدارى رژێم ببن، بەڵام کۆمەڵگەى نێونەتەوەیى هاوڕان لەسەر ئەوەى کە دەبێت زۆربەى ئەو هێزانە بە شەڕ پاکتاو بکرێن".

ئاڵتون رایگەیاند، ئیدلب قۆناغێکى قورس و دژواری بەردەم لایەنەکانى شەڕە. راشیگەیاند، تاوەکو ئەو کێشەیە لەگەڵ کێشەى پێگەی فیدراسیۆنى باکووری سوریا چارەسەر نەکرێت، ئەستەمە هیچ هێزێک بتوانێت لە سوریادا ببێتە هێزێکى کاریگەر.

ئاڵتۆن ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە سەرنجى خستە سەر هەندێک چاوپێکەوتن لە نێوان ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک (مەسەدە) و رژێمى سوریا و وتى "ئەوە دەتوانێت رێگا خۆش بکات بۆ قۆناغى دانوستان. دەکرێت وەک پێشکەوتنێک سەیرى بکرێت. ئەو کات دەکرێت تێگەیشتن لەو بابەتە دروست بێت. لەو هەرێمەدا هەوڵێکى چڕ هەیە، کە لە پەیوەندییەکاندا چارەسەرى لە رێگەى دانوستانەوە ئەنجام بدرێت، بەڵام دۆخى ئیدلب بەوجۆرە نییە. بەڕاستیش ئیدلب خاڵێکى بنەڕەتییە بۆ تێکشکاندنى سوریا".

ئیدلب بۆ سوریا شوێنێکى چارەنوسسازە

ئاڵتون وتى، ئەگەر رژێم دەیەوێت ببێتە دەسەڵاتدار دەبێت ئیدلب کۆنترۆڵ بکات. لەو بارەیەوە وتیشی "پێویستە ئەو هێزە چەتانە لە ئیدلب نەهێڵدرێن، بەڵام ئەگەر هێزى ١٥٠ هەزار کەسیى چەتەکان، کە لە ئیدلب کۆبوونەتەوە و بیانەوێت ببن بە خاوەنى ناو و پێگەیەک ئەوا دەبێت ئەوانیش بە شێوازى جۆراجۆر بەردەوامى بدەن بە شەڕ لە دژى رژێم. پێشتر رێککەوتنى نێوان رووسیا و تورکیا وەک هاوسەنگی و گەرەنتى دەبینرا، بەڵام ئێستا رووسیا ئەو هاوسەنگییە قبوڵ ناکات. هێزەکانى ئیدلب جاروبار دەیانەوێت لە حەلەبدا لە دژى رژێمى هەندێک هەنگاو هەڵگرن. رژێمیش دەیەوێت ئیدلب گەمارۆ بدات و دەیەوێت ئەو هێزەى لەوێ هەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان تەسلیمى ببن و خۆیان رادەستى رژێم بکەن، یان لە رێگەى تورکیاوە دیسانەوە ئەوان ببنە ئاستێک کە بتوانێت تەسلیمیان بکات. ئەوە بەو مانایە دێت کە هەموو ساتێک ئەگەرى روودانى شەڕ لە گۆڕێدایە.

لەو کاتەدا بەڕاستى ئیدلب شوێنکى چارەنووسسازە بۆ سوریا، بەڵام تەنها کێشەکە، کێشەى بوونى چەتەکان نییە لە ئیدلبى سوریادا. ئەوە لە هەمان کاتدا کێشەى تورکیا و ئێران، تورکیا و ڕووسیا، تورکیا و رژێمە. ئەو سەودا و مامەڵە قێزەونەی کە پێشتر ئەنجامیان دابوو، بۆ هەندێکیان سوودى هەبوو. لەو پەیوەندییە قێزەوەنەدا و بە کردنە دەرەوەى هێزە سەلەفییەکان لە هەندێک ناوچەى سوریادا، باڵادەستیى درایە رووسیا و ئێران و رژێم، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەشدا عەفرین رادەستى تورکیا کرا و ئەوە قازانجى بۆ تورکیا هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو رێککەوتن و پەیمانە قێزەونانە کۆتاییان پێهاتووە. لە دۆخێکى لەوشێوەیەدان کە خۆیان گۆڕ بۆ خۆیان هەڵدەکەنن. دۆخەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستە کە تورکیا داواى بەشێک لە ئیدلب بۆ خۆى دەکات. رژێمیش بۆ ئەوەى ببێت بە دەسەڵات پێویستى بەوەیە ئیدلب کۆنترۆڵ بکات. کەواتە تورکیا کەوتووەتە گەمارۆیەکى لەو شێوەیە، کە دەبێت چەتەکان بفرۆشێت و رایبگەیەنێت،  سیاسەتەکانى بە تەواوى لە سوریادا شکستیان هێناوە، یان ئەوەتا پشتیوانى لە چەتەکان دەکات. لەو کاتەشدا ناچار دەبێت شەڕ لە دژى رژێم، رووسیا و ئێران بکات. ئەو ٢ ریگایە، هەردوکیان رێگاى داخراون بۆ تورکیا. تورکیا یان دەبێت بە شەڕ هەوڵى پاراستنى خۆی لە سوریا بدات، یان بە تەسلیم کردن و رادەستکردنى چەتەکان کۆتایى بە بوونى خۆی لە سوریا بهینێت".

ئەگەر کێشەى ئیدلب چارەسەر ببێت ئەوا چارەنووسى سوریا روون دەبێتەوە

ئاڵتون باسى ئەوەیکرد "هەر ئەوەندەى کێشەى ئیدلب چارەسەر بکرێت، چارەنووسی سوریاش بەپێى چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە روون دەبێتەوە. ئیدلب تاوەکو ئێستا یەکێک لە هەرێمە گەورە و گەرمەکانى شەر بووە. غوتە چى بوو، ئیدلبیش هەر بەو شێوەیەیە، بەڵام ئێستا ئیدلب بە ماناى سوریایە. ئەو هێزانەى کە دەیانەوێت لە داهاتووى سوریادا مافى قسەکردنیان هەبیت، پێویستە لە ئۆپراسیۆنى ئیدلب و دواى ئەو ئۆپراسیۆنەش خاوەنى پێگەیەکى بەهێز بن. تورکیا لەو دۆخەدا نییە لە ئۆپراسیۆنى سەر ئیدلب دا ببێتە خاوەن رۆڵێکى بەهێز و نە لەو دۆخەشدایە، کە دواى ئۆپراسیۆنى سەر ئیدلب ببێتە خاوەن پێگەیەکى بەهێز. لەو بابەتەدا شوێنێکى بەرفراوان، یان توانا و دەرفەتێکی زۆر بۆ تورکیا لە بەردەستدا نییە، کە بتوانێت مانۆڕ ئەنجام بدات. ئەو سیاسەتەى کە تورکیا لەسەر دوژمنایەتیکردنى کورد بەڕێوەى دەبات، تورکیاى گەیاندووەتەوە ئەو خاڵە کە هیچ شتێک نەماوە پێشتى پێ ببەستێت و گەیاندووێتییە لێوارى مایەپوچ بوون و شکست".

بوونى تورکیا لە عەفرین دەبێتە بابەتى مشتومڕ؛ یەپەگەش هەرگیز دەستبەرداری عەفرین نابێت

رەزا ئاڵتۆن ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لەبارەى دۆخى عەفرینەوە و تى "بێگومان عەفرین کێشەیەکى گرنگە. یانی لە راستیدا کاتێک ئێمەباسى ئیدلب دەکەین، مەبەستى ئێمە کێشەى ئەو هێڵەیە. بێگومان مرۆڤ دەبێت بە تەواوى نەیان کات بە یەک. کێشەی عەفرین کێشەیەکى جیاوازە. عەفرین دەکەوێتە چوارچێوەى ئەو نرخاندنەى کە ئێمە لەسەر ئیدلب کردمان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەبێت عەفرین بەپێى دۆخى خۆبەڕێوەبەریى خۆی و جیاواز نرخاندنى بۆ بکرێت. کاتێک رووسیا، ئێران و رژێم هەوڵیاندا لە رێگەى بەکارهێنانى تورکیاوە دەست بەسەر عەفریندا بگرن، قەسەدە هەڵوێستى خۆى لە دژیان خستەڕوو. بۆیە دەبێت هەرگیز ئەوە لە بیر نەکرێت لە چوونى تورکیا بۆ عەفرین تەنها خودی تورکیا نەبووە. دەبێت لەو ڕووەوە لێکدانەوەى هەڵە ئەنجام نەدرێت. تورکیا، رووسیا، ئێران و رژێم، هەموویان پێکەوە تاوانبارى عەفرینن. بەهۆى سەودایەکى قێزەوەنەوە عەفرینیان رادەست کرد، بەڵام هێزەکانى ئازادى لە عەفرین لە دژى ئەو مامەڵە قێزەونە وەستانەوە و لە دژى داگیرکەری خۆڕاگرییان کرد و هەرگیز دەستبەرداری بەرخۆدان نەبوون. ئێستاش بەرخۆدان درێژەى هەیە. هەم درێژە بە هەڵوێستى خۆى لە دژى سیاسەتى ئەو هێزانە دەدات و هەم لە دژى داگیرکەریى تورکیا و چەتەکانى لە تێکۆشاندایە. کەواتە دەبێت لەو بارودۆخەدا بوونى تورکیا و چەتەکانى لە عەفرین لە داهاتوودا چۆن دەبێت؟ ئەو رووداو و پێشهاتانەى باسمان لێکرد کاریگەریشیان لەسەر عەفرین دەبێت. بوونى تورکیا لە عەفرین دەبێتە بابەتى مشتومڕ. بێگومان هێزەکانى رژێم دەیانەوێت لە جێى کۆمارى تورکیا بچنە عەفرین و تیایدا جێگیر بن، بەڵام یەپەگە هەرگیز دەستبەردارى عەفرین نابێت. کەواتە ئەوە چیى لێدەکەوێتەوە؟ پراتیک و کردار، پەیوەندی و ناکۆکییەکانى ئەو هێڵە ئەنجامەکەى روون دەکاتەوە. بۆیە دەبێت مرۆڤ لێکدانەوەى کۆنکرێتى بۆ بەرەى ئیدلب بکات".

ئێستا ئێران ئامانجى سەرەکییە

ئاڵتون لە بەردەوامیى چاوپێکەوتنەکەیدا لەبارەى دۆخى ئێرانەوە رایگەیاند، ئێستا ئێران لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بووەتە ئامانجى سەرەکی.

ئاڵتون لەوبارەیەوە وتى "لەگەڵ ئەوەى ئەمریکا دەڵێت، 'ئێمە دەتوانین لەگەڵ ئێران چاوپێکەوتن ئەنجام بدەین'، بەڵام مەبەست لەوە بۆ تەسلیمکردنى ئێرانە و بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان نییە. چونکە ئێران ئاگادارى ئەوەیە، داواى چاوپێکەوتنى بێمەرجی ئەمریکاى رەتکردەوە. رەتکردنەوەکە لەبەر ئەوە نییە کە بەهێزە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە لە نیازى ئەمریکا تێگەیشتووە. کەواتە کێشەکە زۆر قورسە. ناکۆکیى نێوان تورکیا و ئەمریکا چەند قورسە، ناکۆکیى نێوان تورکیا و ئێرانیش ئەوەندە جدییە. ناکۆکیى نێوان تورکیا و ئەمریکا وەک سیاسەتى گوشارکردن و تەنگاوکردن بۆ تەسلیمکردنى تورکیا، قوڵتر دەبێتەوە. بۆ ئێرانیش داوا کراوە، کە لە رووی سەربازی، سیاسی، دیپلۆماتیک و بارزگانى و لە هەموو ئاستەکاندا گەمارۆ بدرێت و بەشێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ سیستمى جیهانیدا بیگونجێنن. ئێران لە بەرامبەر ئەو سیاسەتدا هەڵوێستى خۆی خستووەتەڕوو. بەڵام ئەوەش بەو مانایە دێت کە ئێران لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا زۆر تەنگاو دەبێت. لە یەمەن، کەنداو، لوبنان و زۆر شوێنى تر رووبەڕوی دژواری و نارەحەتى دەبێتەوە. بەهۆى هەڵوێستى روونی یەکێتیى عەرەبەکان (کۆمکارى عەرەبی)، ئیسرائیل و ئەمریکا، ئێران زۆر تەنگاو دەبێت.

بەڕاستى لە ئێراندا کێشە هەیە، ئەگەر ئێران کێشەکانى خۆی بە شێوەیەکى راست و دروست نەبینێت و بە شێوەیەکى راست و دروست رێگاى چارەسەرییان بۆ نەدۆزێتەوە، دەستوەردان ئەنجام دەدرێت و ئێران باجی قورس دەدات. رەنگە ئێران بتوانێت بۆ ماوەیەکى کەم خۆڕاگرى بکات، بەڵام لە درێژخایەندا قورسە بتوانێت لە بەرامبەر ئەو ئۆپراسیۆنەى، کە دەکرێتە سەری بتوانێت سەرکەوتو بێت. تەنها رێگایەک لە بەردەم ئێراندایە بۆ ئەوەى پێش لەو بارودۆخە بگرێت، ئەویش ئەوەیە ئێران بە باشی کێشەکانى خۆى ببینێت و چارەسەرییەکى راست و دروستیان بۆ بدۆزێتەوە".

رەزا ئاڵتون ئەوەشى وت، یان ئەوەتا ئێران کێشەکانى کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دیموکراتیک چارەسەر دەکات و لەسەر بنەمای یەکێتیى ئێران، ئێرانێکى دیموکراتیک پێشکەش دەکات، یان ئەوەتا لە بن گوشاری کێشە ناوخۆیى و دەرەکییەکان دا هەڵدەوەشێت.

ئاڵتون ئاماژەى بەوەشکرد، چارەسەرکردنى کێشەکان لەسەر بنەمای دیموکراتیک ئێران بەهێز دەکات و دەستوەردانە دەرەکییەکان سڕ دەکات. وتیشی "لەو کاتەدا ئەگەریش دەستێوەردان بکرێت دەتوانێت دەستوەردانەکان تێکبشکێنێت. ئەگەر ئەوە نەکات و تەنها هەستێت لە دژی دەستوەردانەکان خۆڕاگری بکات، رەنگە بتوانێت شەڕ بکات و خۆڕاگرى بکات، رەنگە لە ئاستى هەرێمیدا سیاسەت بکات، بەڵام بۆ ماوەیەکى درێژ ئێران بە تەنها خۆی ناتوانێت بەرەنگاری سیستمى جیهانى بێتەوە.

هێڵى ئۆراسیا ناتوانێت ئێران رزگار بکات

ئەو پەیوەندییانەى ئێران پشتى پێبەستوون پەیوەندیى یەکگرتوانە نین. بۆ نمونە پشتى بەستوە بە هەندێک پەیوەندی لەسەر هێڵى ئۆراسیا، بەڵام ئەوە ناتوانێت رزگارى بکات. ئەو پەیوەندییەى کە لەگەڵ رووسیا هەیەتى ناتوانێت رزگارى بکات. هەر وەک تورکیا، رووسیا ناتوانێت سوودى زۆری بۆ ئێران هەبێت. رەنگە ئەو لایەنانە بتوانن بەشێوەى کاتى سوود لەو پەیوەندییانە وەربگرن. کاتێک مرۆڤ لە رووی سیتسمى جیهانییەوە لێکدانەوەى بۆ بکات، دەکرێت ئەو پەیوەندییانە لە بابەتى تاکتیکییەوە هەندێک هەناسەیان بە بەردا بهێنێتەوە، بەڵام لە رووی ستراتیژییەوە هیچ سوودێکى نابێت، چونکە رووسیا لە رووی ئابوورییەوە هەر وەک ئێران کراوەتە هەمان ئامانج. ئەوانەى ئێستا گەمارۆیان خستووەتە سەر ئێران، هەمان ئەو هێزانەن گەمارۆیان خستووەتە سەر رووسیا و تورکیا. کەواتە قورسە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هێزانەدا، کە کراونەتە ئامانجی گەمارۆ و سزادانەکان بتوانێت لە قەیرانەکان رزگارى بکات".

تورکیا و ئێران ناتوانن بە دوژمنایەتیکردنى کورد خۆیان لە قەیرانەکان رزگار بکەن

رەزا ئاڵتون ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە رایگەیاند، کە نە تورکیا و نە ئێران، هیچیان ناتونن بە نکۆڵیکردن لە کورد خۆیان لە قەیرانەکان رزگار بکەن. راشیگەیاند: "ئێران بۆ پاراستنى رژێمى سوریا هەموو هێزى خۆى بەکارهێنا. وایکرد رژێم لەسەر پێ بمێنێتەوە، بەڵام ئێستا بوونى ئێران لە سوریا بووەتە کێشەیەکى گەورە. بوونى تورکیاش بووەتە کێشە، یانى ئەوانەى پێشتر سیاسەتیان لەگەڵ کردن، ئێستا بوونیان بۆ خۆیان بە کێشە دەزانن. ئەوانەى تورکیایان خستە ناو سوریا، رووسیا و ئێران بوون. ئەوەى هانى دا ئەمریکا بوو، بەڵام ئێستا ئەمریکاش لە بوونى تورکیا لە سوریا نیگەرانە. هەروەها رووسیاش لە بوونى تورکیا لە سوریا نیگەرانە. تورکیا بووەتە بەڵا و کێشە بۆیان. ئێرانیش لە سوریا لە هەمان دۆخدایە. ئەگەر بوونى ئێران لە سوریا زۆر باسیشی لێ نەکرێت، بەڵام بە شێوەى داخراو لەلایەن رووسیا بوونى قبوڵ ناکرێت. ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵوێستێکى روونیان بەرامبەر بە بوونى ئێران خستووەتەڕوو. ئەمریکا دەڵێت 'تاوەکو ئێرانی لێ بێت، ئێمەش لە سوریا ناچینە دەرەوە'. باشە ئێران و تورکیا چیان دەستکەوت؟ تورکیا بە دوژمنایەتیکردن لەگەڵ کورد چیى دەستکەوت؟ بەبێ هۆ ئەو هەموو خەرجەى کرد. ئەوەش ئێستا بەردەوامیى هەیە. تاوەکو تورکیا دوژمنایەتیى کورد بکات، ئەوا ئەو کێشەیە قورستر دەبێت. ئێرانیش تاوەکو کێشەى کورد چارەسەر نەکات، کێشەکانى ترى کۆمەلگە چارەسەر نەکات، ئەوا کێشەکانى قورستر دەبن".

دەکرێت بە ئێرانێکى دیموکراتیک کێشەکان چارەسەر بکرێن

 ئاڵتون باسى ئەوەشیکرد، کۆمەڵگە لە ئێران کێشەى هەیە. ئەگەر لە شوێنێکدا کۆمەڵگە کێشەى هەبێت ئەوا لەو شوێنەشدا ئۆپۆزسیۆنى کۆمەڵگەش بوونى هەیە. ئاڵتون وتیشی: "ئۆپۆزسیۆنى کۆمەڵایەتى لە ئێران و تورکیا، دەبێت بۆ تورکیایەکى دیموکراتیک، بۆ ئێرانێکى دیموکراتیک خاوەنى پلان و پرۆژە بن. ئەوە رێگاى راست و دروستى چارەسەرکردنى کێشەکانە".

ئاڵتون ئەوەشى وت، تاکە هێزی بنەڕەتى کە بتوانێت قەیرانەکان چارەسەر بکات، دینامیک و هێزى کۆمەڵگەیە و وتیشی "بە کورتی، دەستە و گروپ و پێکهاتە جۆراجۆرە ئایینى، ئایینزاکان، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان هێز و دینامیکى کۆمەڵگەن".

ر.م