ژنانی بۆتان لە ژێر چه‌تری «پشتگیریی مۆر»دا خۆیان ڕێكده‌خه‌ن 

چالاكانی ڕێكخراوی «هاوپشتیی مۆر» کە له‌ شرناخ دامه‌زراوه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وان وه‌ك ژنانی هه‌رێمی بۆتان لە ژێر چه‌تری هاوپشتیی مۆر خۆیان ڕێكده‌خه‌ن.

ڕێكخراوی هاوپشتیی مۆر بۆ پشتگیریی ژنان، ساڵی ٢٠١٧ لە شاری مێرسینی توركیا بە چالاكییه‌ك كه‌ له‌ کەمپەکان ئه‌نجامدرا ڕاگه‌یه‌نرا. ئێستاش ئه‌و رێكخراوه‌ به‌ ناسنامه‌ جیاوازه‌كانییه‌وه‌ شان به‌ شانی ژنان تێده‌كۆشێت. ژنان كه‌ له ‌ئانتاکیا، مێرسین، ئه‌نتاڵیا، ئەدەنە، ئیزمیر و ئیسته‌نبووڵ خۆیان ڕێكخست، له‌ بۆتانیش ڕێكخراوی هاوپشتیی مۆر دامه‌زرا.

خوێندكاری به‌شی ڕۆژنامه‌وانی زیشان باسان كه‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵێكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی چالاك له‌نێو خه‌باتی هاوپشتیی مۆر دایه‌، گوتی: «هاوپشتیی مۆر تێكۆشانێكی ئازادییه‌ كه‌ له‌نێو كارگه‌، پۆل و شاره‌كان خۆی خستووه‌ته‌ نێو ژیانی ژنان و ڕۆژ به‌ ڕۆژ گه‌وره‌تر ده‌بێت.»

«ژنان دێنه‌ لامان»

باسان ده‌ستنیشانی كرد كه‌ نزیكه‌ی ٤ مانگه‌ له‌ شرناخ له‌گه‌ڵ ژنان دیداری جیاجیا ساز ده‌كه‌ن و له‌ ڕێی ڕێكخراوه‌كه‌ و كۆڤاره‌كانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كتر درووست ده‌كه‌ن. گوتیشی، ژنان ڕووبه‌ڕووی سیسته‌مێك بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ دوورخراونه‌ته‌وه‌ و له‌نێو خێزانیشدا به‌ند كراون. ئێستا له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌ تێكۆشانی ڕێكخستنی ژنان هه‌یه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئامینه‌ زه‌یبه‌ك سه‌رنجی  خسته‌ سه‌ر به‌شداربوونی ژنان و گوتی: «ئه‌م خه‌باته‌ تازه‌ ده‌ستی پێكردووه‌، زیاتر ژنانی لاو به‌شدار ده‌بن. ژنانی بۆتان پێشتریش ناویان هه‌بوو له‌نێو تێكۆشانی ژندا. به‌ڵام زۆر جار به‌ربه‌ستی سیاسی و ئاسته‌نگی جیاجیان بۆ دروست كراوه‌. ئێمه‌ هاتووین به‌ سیسته‌مێكی نوێ له‌ بواری نوێ له‌ كۆڵانه‌كانی شرناخ ده‌ست به‌ كار بكه‌ین.»

«له‌ شاره‌ نزیكه‌كانیش ژنان په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ده‌گرن»

خوێندكارێكی به‌شی وێژه‌ به‌ ناوی فه‌له‌ك ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ خه‌باتی هاوپشتیی مۆر-ی بینیوه‌ و بڕیاری داوه‌ به‌شداری ئه‌و خه‌باته‌ بێت. فه‌له‌ك گوتیشی: «ده‌رگه‌ به‌ ده‌رگه‌ ده‌گه‌ڕێین به‌مه‌به‌ستی یه‌كتر ناسین و ئاگاداركردنه‌وه‌ی ژنان له‌ خه‌باتی هاوپشتیی مۆر. له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌میشدا خۆمان گه‌یاندووه‌ته‌ زۆر ژن. له‌ شاره‌ نزیكه‌كانیش ژنان په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ده‌گرن.»

دلبه‌ر چاتكاش یه‌كێك له‌ چالاكانی ئه‌و هاوپشتییه‌ی ژنانی بۆتانه‌ و ده‌ستنیشانی كرد، «ده‌ستمان به‌ تێكۆشانی گه‌وره‌ كردووه‌ له‌ به‌رانبه‌ر زۆر به‌ربه‌ست. شه‌ڕ له‌نێو ئێمه‌دا كرا، ده‌ستگیركردن و سووتاندن ناتوانێ ئێمه‌ی ژنانی بۆتان له‌ تێكۆشان دووربخاته‌وه‌. ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ كه‌وتووینه‌ڕێ تا له‌ دژی زیهنیه‌تی نێرسالاری شه‌ڕ بكه‌ین. پێویسته‌ هه‌موو ژنان له‌ژێر چه‌تری هاوپشتیی مۆردا كۆببنه‌وه‌ و یه‌كێتیی خۆیان بونیاد بنێت.

s.m