دایە ئامینە نامەیەک ئاراستەی گیراوانی سیاسی دەکات

دایە ئامینە قادری، هاوسەری ئیقبال مورادی و دایکی زانیار مورادی زیندانی سیاسیی بە سێدارە سزادراوە، لە نامەیەکدا سپاسی هاودەردی بەندکراوانی سیاسی ناو زیندانەکانی ئێرانی کرد و داوای پەرە پێدانی یەکگرتوویی تێکۆشەرانی ئازادی کرد.

دوای تیرۆرکردنی ئیقبال مورادی لە پێنجوێنی سەربە پارێزگای سلێمانی، زەینەب جەلالیان، ئاتێنا دایمی، گولرۆخ ئیرایی ئیبراهیمی و شوعلە پاکرەوان، چوار ژنە زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێرانەوە نامەی سەرەخۆشی و هاوخەمییان بۆ ئامینە قادری نووسیبوو، ناوبراو لە نامەیەکدا وەڵامی ئەو نامانەی دایەوە.

بەمشێوەیە نامەکەی دەستپێکرد: دەبێت بە هەوڵ و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە یەکسانی و وڵاتێکی ئازاد دەستی زوڵم لە بەرامبەر کەسایەتی نیشتمان پەروەر و رزگاریخوازی وڵاتەکەمان بشکێنین.

دایە ئامینە نووسیویەتی: مرۆڤە ئازادی خوازەکان هیچ کاتێک لە بەرامبەر زوڵم و نایەکسانی ناتوانن بێدەنگ ببن، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە هەستی خۆشەویستی بۆ مرۆڤەکان لە ویژدانیاندا زیندووە و لەو پێناوەشدا بە بەختکردنی گیانیان، نرخ و بەهاکانی مروڤایەتی دەپارێزن، بێگومان شەهید ئێقبال یەکێک لەو شاسوارانەی ڕێبازی نەتەوەکەی بوو، کە بە درێژایی چل ساڵ، بێ وچان بۆ بەدیهاتنی ئاواتی گەلەکەی و ئازادی گەلانی بندەست تێکۆشانی کرد و لەو پێناوەدا کلتووری بەرخۆدان و خۆنەویستی کە لە وێستگەکانی ژیانیدا پێی گەیشتبوو و لە دووا وێستگەدا گەیشتکە لووتکەی تێکۆشانی، وانەی کۆڵنەدانی بۆ بنەماڵەکەی نووسیەوە و فێری کردین، کە بە ئەرکداریەوە پارێزگاری لە ڕیبازەکەی بکەین و ئێمەش تێکۆشانی شەهید ئێقبال بە بنەمای ژیانی شۆڕشگێڕیمان دادەنێن و لەو پێناوەدا بەردەواکەری ڕیبازەکەی و تا گەیشتن بە ئاواتەکانی بێ وەستان خەبات دەکەین.

لە بەردەوامیی نامەکەیدا هاتووە: بەرێزان خاتوو شۆعلە، گۆڵڕۆخ، ئاتینا و زینەب جلالیان؛ لە کاتی هێرشی دوژمنان بۆ سەر گەل و بۆ سەر نرخەکانی کۆمەڵگا هەمووکات ژن یەکەم قەڵغان بووە و هەموو هەوڵدانی پاراستن و بەرزڕاگرتنی ئەو نرخانە بووە، هەم خۆی لە بەرامبەر هێرشێک کە لە سەر کۆمەڵگا کراوە بەرپرسیار بینیوە، هەم بۆ پووچەڵکردنی ئەو هێرشانە بە دەربرینی هەست و ورەی بەرزی خۆیان هەنگاویان ناوە، لە هەمان کات بۆ پاراستنی کەرامەت و روومەتی خۆیان ئامادەن گیانی خۆیان فیدا بکەن.

ئامینە قادری نوسیویەتی: بەڵی ئەمە حەقیقەتی ژیانی ژنە، خاتوو شعلە وەکوو دایکی کچێک کە بۆ پاراستنی خۆی و بەرزگرتنی روومەتی، مافی ژیانی لێ گیرا، باش لە هەستی من کە ساڵانە بە کابووسی ئیعدامی کوڕرەکەم رۆژ بە سەر ئەبەم تێ ئەگات، هەڤال زینەب جەلالیان ئەو ژنەیە کە مەحکوومە بە ئەوە کە ژیانی ئازادی دەوێت و لە پێناوی ئەو ژیانە شەڕ دەکات و لە ناو خۆراگری دایە، خاتوو گۆلرۆخ و ئاتێنا لە بەرگەیاندنی دەنگی ژنان و منداڵان و راستییەکان لەو پەڕی بێ مافیدا مەحکوم کراون، ئێوە و هەموو ئەو ژنانەی کە لە سێبەرێ رژیمی سێدارە، ماڤی ژیانیان نیە و تەنیا بە گرتنی چاویان لە راستیەکان دەتوانن بژین، دەنگی هاواری من و خەمی دڵی من باش دەزانن، بۆیە هاوڕێیانم ئێمە لە سەرەتا وەکوو مروڤ ماڤی ژیانیکی ئازادمان هەیە، وەک ژن، وەکوو دایک مافی ئەوەمان هەیە کە لەگەل منداڵەکانمان و هاوژینمان و بنەماڵەکەمان ژیان بکەین، بەڵام ئەو مافەشمان لێ سەندراوەتەوە.

هەروەها نووسیویەتی: بۆ هەموومان ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێمە سیمبۆلی لێگەڕوانانی ئازادی و حەقیقەتین، بۆیە دوژمن لە پێکەوە بوونمان دەترسێت، بەڵام پێویستە دوژمنانمان باش بزانن کە بە کۆشتن و گرتن و توقاندن و ترساندنی ئێمە ناتوانن ورەمان دابەزێنن لە بەر ئەوە کە دەنگی راستی بەرزە، لە بەر ئەوە کە ویژدان هێشتا زیندووە، لەبەر ئەوە کە کچانی وەکوو رەیحانە زۆرن، ژنانێ وەکوو ئاتێنا و گوڵرۆخ زۆرن، خۆراگرانێک وەکوو زینەب و زانیار زۆرن، دایکانێک وەکوو من و خاتوو شعلە زۆرن، باوکانێک وەکوو شەهید ئیقبال زورن.

لەکۆتاییدا نووسیویەتی: مێژووی ئازادیخوازان ئەوەی سەلماندووە، کە چەندە ئێمە باج بدەین ورەی سەرکەوتنمان و قین و تووڕەیی تۆڵەمان بەهێزتر دەبێت و هیوامان بەرزتر و چاومان لە ئاسۆی سەرکەوتنە، بۆیە یەک گرتنی فکر و هەستی ئێمەی گەلان و ژنان هێزی ئەژنۆمان بۆ بەرەو پێشچوون زیاتردەکات.