٧٥ ساڵە خەریکی مسگەرییە

محەمەد نەزیر لە منداڵییەوە شاگردی مسگەریی کردووە. ئێستا ٧٥ ساڵە لەو پیشەیە بەردەوامە و وتی، بیر لە ڕۆژانی ڕابردووی دەکاتەە و بۆ ئەوەی پیشەکەی ون نەبێت، هەتا کۆتایی تەمەنی خەریکی مسگەری دەبێت.

ده‌نیز ئیكه‌/ مێردین

مسگەریی یان سەففاریی پاککردنەوەی قاپ و قاچاغی مس و سفرە. ئەوەی ئەو پیشەیە دەکات پێی دەڵێن مسگەر. لە باکوری کوردستان جاران ئەو کارە زیاتر ئەرمەنییەکان دەیانکرد. ئەو پیشەیە سەدان ساڵییە خەریکە لەناو دەچێت. جاران قاپ و قاچاغ و کەلوپەلی ناندێن هەمووی سفر بوو، ئەو کاتە مسگەرەکان لە گوند و ناوچە و کۆڵانەکان دەگەڕان و قاپ و قاچاغی سفری ماڵانیان سپی دەکردەوە. ژنان کە دەیانبیست مسگەر هاتووە، کاروباریان بەجێدەهێشت و کەلوپەلە دروستکراوەکانیان لە سفر، مس، فافۆن، هەڵدەگرت و دەیانبرد بۆ سپیکردنەوە. پێشتر پیشەی مسگەریی زۆر برەوی هەبوو، بەڵام بەهۆی تەکنەلۆژیاوە ئەمڕۆ خەریکە بەرەو نەمان دەچێت. لەجیاتی قاپ و قاچاغی سفر، قاپ و قاچاغی فەخفوری و تفلۆن لە ناندێنەکان بەکار دەهێنرێن. ئەو پیشە مێژوویی و کەلتوورییانەی هەزاران ساڵە تا ئەمڕۆ هاتووە، لەم ساڵانەی کۆتاییدا یەک بەیەک لە بەردەم هەڕەشەی لەناوچوون دان.

'مسگەری لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچوون دایە'

محەمەد نەزیر لە تەمەنی ٧ ساڵییەوە لە بازاڕی زەخیرەی مێردین دەستی بە مسگەری کردووە. ئێستا ٧٥ ساڵە لەو پیشەیەی بەردەوامە. نەزیر دەڵێت، ٣٠ ساڵ لەمەوبەر گوند بە گوند دەگەڕا و قاپ و قاچاغی سپی دەکردەوە و وتی: "باپیرانمان چەندین ساڵ لەمەوبەر لە یەمەنەوە بۆ مێردین کۆچیان کردووە. لە مێردین ئێمە فێری کوردی و تورکی بووین. من خۆم بە کورد دەزانم. کاتێک بچووک بووم بەهۆی بێدەرفەتیی ئابوورییەوە نەمخوێند و دەستم بە کارکردن کرد، بۆ ئەوەی پشتیوانی بنەماڵەکەمان بین لەبواری ئابووریدا، پێویست بوو کارێک بکەین، بەڵام نەوەی ئێستا نە خاوەنداری لە میراتە کەلتورییەکەیان دەکەن، نە پشتیوانیی ئابووریی خێزانەکەشیان دەکەن. لەبەر ئەوە، کەس نییە بۆ داهاتووی مسگەری کار بکات".

'لە پیشەکەم پەشیمان نیم'

نەزیر باسی لەوەشکرد، پیشەکەی پەیوەستە بە کلتورێکەوە. دوای نەمانی ئەو وەستایانە مسگەریش لەناو دەچێت و وتی: "کەس وەکو جاران بەهای مسگەری نازانێت. لەم شارەدا جگە لەمن کەسێکی دیکەش ئەم کارە دەکات. لەبەر ئەوەی قاپ و قاچاغی فافۆن و پۆڵاکان لە کارگەکان دروست دەکرێن، ئیتر کەس پێویستی بە مسگەر نەماوە، تەنها گوندەکانی دەوروبەر داوای مسگەری دەکەن. پێشتر لە هەر ماڵێکدا نزیکەی ٥٠ کەلوپەلی وا هەبوون کە پێویستیان بە مسگەری بوو، بەڵام ئێستا لە هەندێک ماڵدا هەر نییە. ئێستا تەنها بۆ شایی و جەژنەکان کەلوپەلی مس بەکاردێن. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی، کە ئێمە لە بواری ئابوریدا بکەوینە تەنگژەوە، بەڵام لە پیشەکەی خۆشم پەشیمان نیم. چونکە من لە سایەی ئەو پیشەیەوە، بە ڕەنجی خۆم منداڵەکانم بەخێو کردوون و گەورەم کردن".

٩٩% مسگەریی مرد

نەزیر ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەو خواردنانەی لە مەنجەلی سفر دروست دەکران هەم نەریتەکەی دەهێشتەوە، هەم تامی خواردنەکەشی خۆشتر دەکرد. نەزیر ئەوەشی وت، دوای ئەوەی ئەلەمنیۆم و تفلۆن و پلاستیک بڵاو بوونەوە، کەس سفر بەکار ناهێنێت و وتی: "ئەلەمنیۆم لە سفر هەرزانترە، دوای ئەوەی ئەلەمنیۆم دەرکەوت، سفر ٩٩% مرد. ئەو خواردنانەی لە فافۆن دروست دەکرێن، لە ڕووی تەندروستییەوە باش نین، بە هەرزانبوون، تەندروستی خەڵکیش هەرزان دەکرێت".

کاری ڕەنج و هونەر

سەرکان نەزیر کوڕی محەمەد نەزیر بۆ ئەوەی پیشەی مسگەری ون نەبێت هاوکاریی باوکی دەکات. باسی ئەو کاتانەی کرد کە لەلای باوکی خۆی فێری مسگەری دەکات. سەرکان نەزیریش باسی لەوە کرد، بۆ ئەوەی پیشەی باوکیان بەردەوام بکەن و نەهێڵن بمرێت، لەگەڵ براکەی خۆیان فێری ئەو کارە دەکەن و وتی: "من و براکەم لە دەرەوە کار دەکەین، لە کاتی بەتاڵیماندا لەگەڵ باوکماندا ئەو کارە فێر دەبین. باوکم ٧٥ ساڵە ئەو کارە دەکات. بۆ ئەوەی ئەو پیشەیە بەردەوام بکەین، هەموو شتێک دەکەم و هەتا کۆتایی ژیانم بەردەوام دەبم. من کە منداڵ بووم، باوکم گوند بە گوند دەگەڕا و کاری مسگەریی دەکرد. کاری مسگەرییە کارێکی پڕ ڕەنج و هونەرە و بۆیە ئارامی و پسپۆرییەکیشی پێیوستە".

'خواردن لە قاپ و قاچاغی سفر تەندروستە'

نەزیر باسی لەوەش کرد، خواردن لە و قاپ و قاچاغانەی لە سفر دروست دەکرێن تەندورستترە. ئێستا قاپ و قاچاغی سفر تەنها لە گوندەکان هەیە. ئەوەشی باسکرد، پیشەکەیان زیاتر ئارامیان دەکاتەوە و دڵخۆشیان دەکات ئەو پیشەیە بە زیندوویی دەهێڵنەوە.

ژ.ت