بە تۆمەتی هێرشی بەکۆمەڵ بۆ سەر کچێک لە سلێمانی ٧ کەس دەستگیرکران

دوای ئەوەی رۆژی هەیەنی دەیان گەنج لەناوچەی هوانەی سلێمانی هێرشیان کردە سەر کچێک، پۆلیسی شارەکە رایگەیاند، حەوت کەسیان بە تۆمەتی بەشداری لەو هێرشە دەستگیرکردووە.

بە گوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، رۆژی هەینی لە میانی نمایشێکی ماتۆرسکیلدا لە ناوچەی هوانەی سلێمانی دەیان گەنج بە شێوەی بەکۆمەڵ هێرش دەکەنە سەر کچێک، کە ئامادەی بینینی ئەو نمایشە بوو.

ئەو گەنجانە بە توندی لەو کچە دەدەن و ئازاری دەدەن بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەس کاردانەوە و ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە.

ڕێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا نووسیویەتی، “ئەو نێرانەی کە وەک دڕندە پەلاماری کچێک ئەدەن کە خواستی بووە وەک هەرکەسێک تەماشای پێشبڕکێیەک بکات، بەرهەمی ئەو خیتابە بەربەریەن کە ڕۆژانە بەرامبەر ژن و کچی ئەم هەرێمە بە پلان و بە ڕێکخراوی بەڕێوەئەچن، دەسەڵات و کۆمەڵگەیەک ئەم بەربەریەتە ڕاینەچڵەکێنێت ئەبێت چاوەڕێی مردنێکی خێرا بێت”.

لای خۆیەوە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ڕووداوەکەی شەرمەزار کردووە و رایگەیاندووە: "بەتوندی رووداوی هێرشکردنە سەر کچێک لەناوچەی هوانە لە شاری سلێمانی شەرمەزار دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە  کە پەلاماردانی ژنان جێی قبوڵ نییە و دەبێ بکەرانی ئەو پەلامارە رووبەرووی یاسا بکرێنەوە، ئەنجامدانی تاوانێکی لەم جۆرە ئاماژەیەکی روونە بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی دژی ژنان، داواکارم دام و دەزگا ئەمنیەکان بەزوویی لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن و بکەرانی ئەو پەلامارە بەسزای خۆیان بگەیەنن".

هەروەها نوخشە ناسح قائیمقامی هەڵەبجە، ڕووداوەکە بە قێزەونترین کار بەرامبەر مرۆڤ وەسف دەکات و داوا دەکات، بەزوترین کات بکەرانی ئەو کارە دەستگیر بکرێن و سزای توندیان بەسەردا بدرێت.

هاوکات یاساناس لەتیف شێخ مستەفا، بەهەمان شێوە لە ڕێگەی بڵاوکراوەیەکەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕووداوەکە بە کارێکی نایاسای و شەرعی و کۆمەڵایەتی پێناسە دەکات و لەڕووی یاساییەوە ڕوونی کردووەتەوە، تاوانێکی لەو شێوەیە پێویستی بە سکاڵا نییە و “تاوانی گشتییە”، ئەوانە دەستدرێژیان کردووە تەنھا دەست درێژیان نەکردۆتە سەر ئەو ژنە گەنجە، بەڵکو دەستدرێژیان کردۆتە سەر ئاسایشی گشتی کۆمەڵگە و نیزامی گشتی، پێویستە لەسەر پۆلیس و دەزگاکانی لێکۆڵینەوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ھەموو ئەوانە بکەن کە ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە.

سەبارەت بە رووداوەکە عەمید ئاسۆ شێخ تەھا بەرێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە، "حەوت تۆمەتباری سەرەکی ئەو ڕووداوی گەڕەکی ھوانە لە سلێمانی، کە ھێرشیان کردبووە سەر کچێک دەستگیرکران و لێکۆلێنەوە و بەداوداچوون لە ڕووداوەکە بەردەوامە".

هـ . ب