بەسێ هۆزات: دەنگدانەوەی دروشمی"ژن، ژیان، ئازادی"لەپانتایی خاكی ئێران بۆ ئێمە شانازیەكی گەورەیە

هۆزات دەڵێت: ئێمە دەڵێن ژن، ژیان، ئازادی چونكە لەو باوەڕەداین كە ئەگەر ژنان ئازاد نەبن، كۆمەڵگە ناتوانێت لەهەرچەشنە زۆڵم و زۆرداری و دەسەڵاتداری رزگاری ببێت. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، ژنان پێویستە رێکخراوەیی بن خۆیان بپارێزن.

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) وتارێكی بەزمانی ئینگلیزی لەسەر ناڕەزایەتیەكان لەئێران بڵاوكردۆتەوە و تێڕوانینی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستانی لەم بارەیەوە روون كردۆتەوە.

بەسێ هۆزات لەوتارەكەیدا كە لەماڵپەڕی"دامەزراوەی ئاشتی كوردی"بڵاوكراوەتەوە نوسیوویەتی:"كاتێك داعش هێرشی كردە سەر عێراق و سوریا، بەرخۆدانی بێوێنەی ژنان، دەسەڵاتداریەتی دڕندانەی داعشی تێكشكاند. ئەمڕۆش كە شەڕ و داگیركاری لەسەرانسەری جیهان رووی لەهەڵكشانە، بەرخۆدانی ژنان لە ئێران جارێكی دیکە رێگەی ئاشتی و ئازادیی نیشان دایەوە".

بەسێ هۆزات لەسەر كۆشتنی ژینا ئەمینی دەڵێت: "كورد و ژنان رۆژانە لەسەر خاكەكەیان لەلایەن رژێمە دیكتاتۆر و تیرۆریستەكان و ئەو كەسانەی كە هاوكار و هاوبەشی ئایدۆلۆژی ژەهراوی ئەوانن قڕ دەکرێن دەكرێن. ئەوەی كە بێ وێنەیە، سەرهەڵدان لەسەر ناوی ژینایە كە لەلایەن ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هەڵگیرساوە و لەئێستاشدا هاوشێوەی ئاگرێك لەسەرتاپای ئێراندا تەشنە دەستێنێت".

هاوسەرۆكی كەجەكە رووداوەکان هاوشانبوونی ژنان و پیاوان بۆ دەستەبەركردنی مافی ژنان و ژیان، بەبێ دەستێوەردانی سیستمی پیاوسالاری، دەوڵەت و مەزهەب بەناو كردوە و دەڵێت:"فارسەكان، ئازەریەكان و پێكهاتەكانی تری ئێران لەگەڵ كوردەكان لەبەرامبەر بە حكومەتێك كە هێزی خۆی لەپەرش و بڵاوبوونەوەی ئەتنیكی و مەزهەبی وەردەگرێت، ناڕەزایەتی نیشان دەدەن. كۆمەڵگەیەك بۆ پاراستنی ژن، ژیان و ئازادی رووبەرووی تانک و گولە بووەتەوە".

بەسێ هۆزات دەڵێت:"بۆ بزوتنەوەكەمان شانازیەكی لەمە گەورەتر نییە كە دەبینین سێ وشەی ژن، ژیان، ئازادی بووەتە درۆشمێك بۆ بەرخۆدانی خەڵكی لەژێر سەركردایەتی ژناندا.

هاوكات هۆزات دەڵێت:"ئێمە دەڵێن، ژن، ژیان، ئازادی؛ چونكە لەو باوەڕەداین كە تاكۆ ژنان ئازاد نەبن، كۆمەڵگە ناتوانێت لەهەرچەشنە زۆڵم و زۆرداری و دەسەڵاتدارێتیەک رزگاری ببێت، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، ژنان دەبێـت خۆیان بەرێكخستن بكەن و خۆیان بپارێزن".

هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان"كەجەكە"، بەسێ هۆزات لەدرێژەی وتارەكەیدا یەكگرتوویی ژنانی هەرێمەكە وەكو پشتیوانیەكی گرنگ بۆ ئاشتی و ئازادی نێونەتەوەیی بەناوكردوە و هەرێمی باكور و رۆژهەڵاتی سوریاشی وەكو نمونە هێناوەتەوە كە ژنانی عەرەب، سوریانی، ئاشوری، ئێزیدی و ئەرمەنی لەگەڵ ژنانی كورددا یەکیان گرتووە بەئیلهام لەهزر و فەلسەفەی ئازادی ژنان، لەبەرامبەر بە تیرۆری داعش، داگیركەری دەوڵەتی تورك و توندوتیژی پیاوان بەرخۆدان بكەن.

بەسێ هۆزات یەكێتی ژنان و پێداگریان لەسەر رزگاری لەهەموو هێزە سەركۆتكەرەكان وەكو گەورەترین خاڵی بەهێزی شۆڕشی رۆژئاوا بەناو كردوە و دەڵێت؛ ئەگەر بەرخۆدانی ژنان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بگاتە سەركەوتن، كاریگەری ئەوە زیاتریش دەبێت و هێز و وەرەی زیاتری دەداتە ئەو خەڵكانەی لەژێر ستەم و چەوسانەوەدان.

هۆزات لەبەشێكی تری وتارەكەیدا دەڵێت؛ خەڵكی توركیا و باكوری كوردستان لەنزیكەوە چاودێری دۆخەکە دەكەن و داوای لەبەرهەڵستكارانی دەوڵەتی تورك دەكات، گۆڕانكاریەكان لەئێراندا ببینن كە باشترین چەك لەدژی دیكتاتۆری، پێداگری لەسەر ئازادی ژنان، یەكگرتوویی گەل و دیموكراتیزاسیۆنبوونە.

بەسێ هۆزات ژنان وەكو یەكەمین قۆربانیانی سیاسەتی شەڕ و گەماڕۆ ئابوریەكانی دەوڵەتانی جیهانی لەبەرامبەر بە ئێران بەناو دەكات و دەڵێت؛ گەمارۆكانی رۆژئاوا لەسەر ئێران، هیچ كاریگەریەكی لەسەر خەڵكی دەستەبژێری حكومەت ناكات و زەرەر و زیانیان لێنادات، بەڵكۆ تەنیا ژنان و كرێكاران زیاتر فەقیر و هەژارتر دەكات و داگیركاری ئابوری رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر تەشنە دەستێنێت. كاتێك دەوڵەتی تورك ژنانی كورد كە لەدژی داعش لەسوریا تێكۆشانیان كرد، دەكۆژێت ئەوا لەتەكنەلۆژیای رژێمەكانی رۆژئاوا كەڵك وەردەگرێت.

هاوسەرۆكی كەجەكە، جەختی لەسەر بەرخۆدانی ژنان كردەوە و دەڵێت؛ لەكوردستانەوە تا سوریا و ئێران و زیاتر لەوانەش، ئێمە هەموو كاتێك لەپاڵ ئەو ژنانەین كە داواكاری ئازادی خۆیان و كۆمەڵگەكانیان هەیە. بەرخۆدانی چل ساڵەی ئێمە نیشانی دەدات كە شۆڕشی ژنان سەرەڕای هەموو هێرشەكان دەتوانێت بگاتە سەركەوتن و ئەم دەستكەوتانە لەداهاتوودا دەكەونە خزمەتی مرۆڤایەتیەوە".

ف.ق