ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی ژنان لە بەرنامەی 'ژن، ژیان، ئازادی'دا کۆبوونەوە

بەرنامەیەک لەلایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی ژنان لە لەندەن ڕێکخرا و تیایدا ئاماژە بەوە کرا، ڕاپەڕینەکان بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دروستکرد.

ڕێکخراوی جیهانی زەردەشت، بزووتنەوەی ژنانی کورد، بزووتنەوەی ژنانی ئێران و بزووتنەوەی پشتیوانی نێونەتەوەیی، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرنامەیەکیان لە شانۆی ماریلێبۆنی لەندەن ڕێکخست.

بەرنامەکە بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە بەرخۆدانی ئێران و قسەکردن لەسەر بەرخۆدانی ژنان ڕێکخرابوو. لە چوارچێوەی بەرنامەکەدا پێشانگایەکی وێنەیی زیندانیانی سیاسیی پێشوو لە ئێران، لەلایەن نووسەر و شێوەکار نەسرین پەروازەوە کرایەوە.

ڕێکخراوەکانی ژنان، چالاکوانی مافپارێز مریەم نمازی، نوسەری ڕاحیلە گوپتا، دامەزرێنەری ڕێکخراوی مافی ژنانی کوردی ئێران دیانا نامی، سەرۆکی ڕێکخراوی جیهانیی زەردەشتی نامی زەڕبانو گیفۆرد، نوسەر و سەرۆکی هاوپەیمانی نووسەران لە تاراوگە و دژی توندوتیژیی نێونەتەوەیی ڕوحی شافی، ئەکادیمیسیەن سارا کرمانیان، وتەبێژی کەمپینی ئازادیی زیندانیانی سیاسی لە ئێران شیوا مەحبوبی، نووسەر و شێوەکار نەسرین پەرواز و چەندین نووسەر و ئەکادیمیست بەشداریان لە بەرنامەکەدا کرد.

لە بەرنامەکەدا باسی ئەوە کار، ڕاپەڕینەکان لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێکرد و بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە، کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دروستکردووە. ئاماژە بەوە کرا، ئەم ڕاپەڕین و بەرخۆدانە بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' فۆرم و شێوەی وەرگرتووە و دروشمەکە لە هەموو جیهاندا بووەتە نیشانەی ئازادی و یاخیبوون و ڕاپەڕین.

ئەوانەی وتەیان پێشکەشکرد بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتاییان بە وتەکانیان دەهێنا. ڕێکخراوەکانی ژنان ڕایانگەیاند، دەوڵەتی ئێران سەدان کەسی کوشتووە و هەزاران کەسی بریندار کردووە. باسی ئەوەشیانکرد، زیندانییەکان لە ئێران ئەشکەنجە دەدرێن و هەڕەشەیان لێدەکرێت، بۆیە پێویستە هێزە نێونەتەوەییەکان دەنگیان بەرامبەر بە دەوڵەتی ئێران هەبێت و لەسەر ئەوەی لە ئێران ڕوودەدات بێنە دەنگ.

هونەرمەندانی کورد تارا جاف، سونا ئالان، فرا رستۆمجی و فاری برادلی چوونە سەر تەختە. پیانۆ و کەمانچەیان ژەند، ژنان بە گۆرانیی کوردیی سونا ئالانەوە شایی و هەڵپەڕێکێ و سەمایان کرد.

ژ.ت