کۆلەکتیڤی ژن ژیان ئازادی لە لەندەن خۆپیشاندانی بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن لە ئێران ڕێکخست

بەدەستپێشخەریی کۆلەکتیڤی ژن ژیان ئازادی بۆ جاری دووەم لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوەچوو.

دوای نیوەڕۆی دوێنی لەسەر بانگەوازی کۆلەکتیڤی ژن ژیان ئازادی بۆ جاری دووەم لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا رەوندی کوردی و دۆستانی کورد بەشدارییان لە خۆپیشاندانێکی جەماوەریدا بۆ پشتیوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کرد.

خۆپیشاندەران لە شەقامەکانی لەندەن بە بەرزکردنەوەی ژمارەیەک پۆستەر و لافیتە و وتنەوەی دروشم پشتیوانییان لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکرد. هاوکات داوای ئازادیی گیراوانی سیاسیان دەکرد و سەپاندنی سزای لەسێدارەدانیان بەسەر خۆپیشاندەراندا ئیدانە کرد.

خۆپیشاندەران لە بەردەم کەناڵی بی بی سی تا سەنتەری تەلەگراف سکوێر ڕۆیشتن و بە بەردەوامی لە شەقامەکاندا دروشمی ژن ژیان ئازادی-یان دەوتەوە.

نەتەوە جیاوازەکانی ئێران وەک بەلوچ، عەرەبی ئەهواز، کورد و فارس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد و ئەو نەتەوانە و چەند چالاکوانێکی فمینیست و مرۆڤی ئازادیخواز بە زمانی ئینگلیزی، دژی سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران ڕاگەیاندراویان خوێندەوە و وتەیان پێشکەش کرد و سیاسەتی نادیموکراتیانەی ئیرانیان بەرامبەر بە کورد و گەلانی تری ئێران شەرمەزار کرد.

چالاکوانان بە دروشمەکانی 'ژن، ژیان، ئازادی' ، 'ئازادی بۆ گیراوانی سیاسی کورد لە ئیران'، 'شەهید نامرن'، 'بژی ڕێبەر ئاپۆ'  دوای سێ کاتژمێر لە خۆپیشاندان و گردبونەوە کۆتاییان بە چالاکیەکەیان هێنا.

ژ.ت