کەنەکە: رۆژی جیهانی زمانی دایک پیرۆز بێت

کۆمییسیۆنی زمان، کلتور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

کۆمییسیۆنی زمان، کلتور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە:

رۆژی جیهانی زمانی دایک پیرۆز بێت

نەتەوەکانی جیهان هەر یەک بە شێوازی خۆیان یادی 21 ـی شوبات، رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکەنەوە. ئەگەر بۆ زۆربەی ئەو نەتەوانە  تەنها بۆنەیەکی زمان بێت، ئەوا بۆ ئێمەی کورد و نەتەوەکانی تری کوردستان واتایەکی بەرفراوانتر، قووڵتر و گرنگتری هەیە. لە پرۆسەی چەندین ساڵەی داگیرکاری و زاڵبوونی زمانی نەتەوە سەردەستەکان بەسەر زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەی کوردستان دا، هەروەها قەدەغەکردن لەلایەک و هەوڵە بە پلانکراوەکانی دەوڵەتان بۆ شێواندن و سووککردنی زمانی کوردی لەلایەکی تر بە ئامانجی لەناوبردن و سڕینەوەی، وای کردووە کە زمان وەک کۆڵەکەیەک و وەک شەنگەستەیەکی چارەنووسساز و پەیوەست بە بوون و هەبوونی کورد وەک نەتەوە سەرەدەری لەگەڵدا بکرێت. مخابن لە مێژەوە و تا ئێستاش بە بەردەوامی زمانی کوردی لەژێر هەڕەشەی لە ناوچوون و تواندنەوەدایە. بە تایبەتی لەباکور و رۆژهەڵاتی نیشتمان ئەو مەترسیە زیاتر بەدی دەکرێت. ئەوەی کە زیاتریش لە ژێر ئەو فشارەدایە و خاڵی لاوازیەتی، پەیوەندی بە بەکارنەهێنانی زمانی دایکە لە قسەپێکردن لەنێوان بە گشتیی ئەندامانی خێزان و کۆمەڵ لە ژیانی رۆژانە دایە. لە هەمووشی گرنگ تر، کە زمانی دایکیی لە پرۆسەی خوێندندا زمانی سەرەکی فێرکردن نییە.

 هەر چەندە بە درێژایی مێژوو، بۆ ئێمەی کورد زمان سەنگەری بەرگریی و مانەوە بووە و بە بەردەوامیش ئەم سەنگەرە پێویستیی بە زیاتر پتەو و بەهێزترکردنی هەبووە. برەوپێدانی هەبوون و مانەوەی کورد وەک نەتەوەیەک بە رەسەنایەتی خۆیەوە، بۆیە هەر چەند زیاتر رەگ  لەناخی بەگشتی ئۆرگانەکانی کەسێتی کورد دا جێگیربکرێ هەر کەمە.

 زمان بۆ هەر نەتەوەیەک هێز و ستوونی مانەوەیەتی، غافڵبوون لە ئاریشەکانی زمان و گوێنەدان بە ئازارەکانی زمان و بەرەنگارنەبوونەوەی هێرشەکان لەسەر زمانی دایک، رێڕەوەکەی بەر بە نەمان و لەناوچوونە.  

-              لە باشوری کوردستان پەڕلەمان و حکومەت و دامەزراوەی فەرمی هەیە و لەناو  دەستوری دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقدا دان بە زمانی کوردی نراوە. بەڵام بەهۆی نەبوونی سیاسەتی زمانی و پلانی زمانییەوە، دۆخی زمانی کوردی زۆر شپرزە و لەبەردەم کۆمەڵێک ئاستەنگیدایە. بۆیە پێویستە بە قورسایی و گرنگیپێدانێکی زۆرەوە حکومەتی هەرێم ئەو ئاستەنگیانانە وەلا بنێت و بە جیدی کار بۆ  بەرێکخستن و  بە دامەزراوەییکردنی کەناڵەکانی زمان و پەروەردەدا بکات.

-              لە رۆژاوای کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە لە بارودۆخێکی هەستیار و ژێر هەڕەشەی داگیرکاری و شەڕ و بەرخۆدان دایە، لەو بارەیەوە ویست و ئیرادەیەکی بەهێز بەدی دەکرێ و لەژێر ئەو شەرت و مەرجە ناهەموارەیدا. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر  لە دام ودەزگاکانی فێرکردن و پەروەردەییەکانیەوە پرۆسەی خوێندنی بە زمانی کوردی و سریانی دامەزراندووە و پەیڕەو دەکرێت.

-              لە هەر دوو بەشەکەی تری نیشتیمان، جگە لەوەی کە لەپرۆسەی خوێندندا ناخوێندرێت، لە زۆر رووەوە بە رێگای مەزهەبی، دینی و  رەگەز و نژادپەرستی سیستەمی دەستهەڵاتی داگیرکەرانەوە، زمانی کوردی و زمانەکانی تری پێکهاتەکانی کوردستان لەژێر مەترسی گەورەدان. بەتایبەتی زاراوە و بنزاراوەکانی هەورامی – ماچۆ، زازاکی – کرمانجکی و کەلهوڕی و ئەوانی تر، هەروەها ئاسوری- سوریانی و کلدانی و ئەرمەنیش لەگەڵیاندا و هەندێک لەو زاراوە کوردیانە لە باشور و رۆژاواش بە هەمان شێوە لەبەردەم ئەو مەترسیەدان.

 فرە زاراوەیی زمانی کوردیدا نیشانە و هێزی دەوڵەمەندیەکەیەتی. بۆیە دەبێ زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانیەوە هەر یەکە و لە شوێنی جوگرافی قسەپێکەرانی لە یەک ئاست و گرینگی پێدان پپارێزرێن و  کە دەرفەتی بوو بە رەسمی لە پرۆسەی خوێندندا بخوێندرێت و پەرەی پێبدرێت.

بێگومان بەشی دەرەوەی نشتیمانیش کە ژمارەیەکی یەکجار زۆری کورد لە تاراوگە دەژین و دەمێکە تێکەڵی کلتور و  زمانی ئەو وڵاتانە بوون، یان دوو زمانی دایکیان لە کەسایەتی خۆیاندا هەڵگرتووە، گرنگە زامانی شیرینی کوردی بە زیندووی و پەرەپێدراوی بمێنێتەوە و لە ونبوون و نەمان بپارێزرێت.

لەم سۆنگەیەوە وێڕای پیرۆزبایی، گرنگە ئەم رۆژە بکرێتە دەرفەتی کار و خەباتی زیاتر بۆ ئەوەی سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی تایبەتمەندی پرسی زمان و کلتور بەلای هەڕەشە و فشارەکانی داگیرکەرانی کوردستان لەسەر زمانی کوردی و زمانی پێکهاتەکانی تری کوردستان رابکێشرێت.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک، سەرباری دەستخۆشی لە هەموو هەوڵێکی رێکخراو و کەسانی خزمەتی زمانی کوردی و بردنە نێو دونیای پەیوەندیەکان و ئامێرەکانی وەرگێڕانی دیگیتاڵ و تەکنەلۆژیاوە بە بەرز دەنرخێنین و بۆنەی 21 ـی شوبات رۆژی جیهانی زمانی دایک دەکەینە دەرفەتێک و داوا لە هەموو سازیەکانی زمان، کلتور و پەروەردە و میدیاکان دەکەین کە بە رووی هەموو مەترسی و هەڕەشەکانی سەر زمانی کوردیدا بوەستنەوە، هاوکات ئەرکی رەوەندی کوردیشە کە رێکخراوەکانی تایبەت بە زمان بخەنە بەردەم بەرپرسیارێتی و لە پلانی داگیرکەرانی کوردستان بۆ سەر زمان بێدەنگ نەبن.

پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردیش، لە مەترسی نەبوونی سیاسەتی زمانیی و پلانی زمانی ئاگاداربکرێنەوە، چونکە زمان جیا لە هۆکاری پەیوەندی نێوان تاکەکاندا، بۆ ئێمە ناسنامە و بوونمانە. ئەرکیشمانە بیپارێزین، خزمەتی بکەین، گەشەی پێبدەین و بیگەیەنینە ئاستی نێودەوڵەتیەوە.

ژ.ت