کەژار: هێڵ،‌ هێڵی خۆڕاگری و پشت بەستن بە هێزی جەوهەری کۆمەڵگایە

دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەى ژنانى ئازادى رۆژهەڵاتى کوردستان (کەژار / KJAR) لەبارەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هێڵی بەرەنگاری و خۆڕاگریی گەل و کۆمەڵگە و ژنان و سیاسەتی سەرکوت و سێدارەی رژێمی ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەى ژنانى ئازادى رۆژهەڵاتى کوردستان (کەژار / KJAR) لەبارەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هێڵی بەرەنگاری و خۆڕاگریی گەل و کۆمەڵگە و ژنان و سیاسەتی سەرکوت و سێدارەی رژێمی ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەژار:

"هێڵ،‌ هێڵی خۆڕاگری و پشت بەستن بە هێزی جەوهەری کۆمەڵگایە

شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» ماوەی زیاتر لە چوار مانگە بەردەوامی هەیە، ئەم شۆڕشە بە دونیای دەسەلمێنێت کە چەندە شۆڕشێکی خاوەن تایبەتمەندی بیردۆزیە، ئەوەندەش خاوەن تایبەتمەندی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و فرە رەنگیە. ئەم شۆڕشە بە هەموو دونیای ڕاگەیاند کە لە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و قوڵ دەگەڕێت. بە پێشانگایەتی ڕادیکاڵی ژنان، لاوان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە گۆڕەپان و شەقام، هەر لە چرکە ساتەکانی یەکەمەوە تا ئێستا ئەمەی بە گوێی جیهان گەیاندووە کە نیشانە سەرسوڕهێنەرەکەی شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» لە چی دایە و ئەم ئیلهامەی لە کوێوە وەرگرتوە، کە ئەو وزە لە خویدا ئەبینێتەوە تێکۆشان بکات بۆ تیمار کردن، سارێژکردن و چارەسەرکردنی برین، ئێش و ئازاری پاشماوەی مێژوویەکی پیاوسالار و ژن و ژیان کوژ .

ژن ژیان ئازادی، سەنگەری شەقامی کردە سەکۆی دەربڕینی ئیرادەی کۆلەکتیڤی کۆمەڵگا و گرتن، زیندان، لێدان، تۆقاندن و سێدارە، ئیتر نەیانتوانی دەنگ و داخوازی ئازادی کۆمەڵگا راوەستێنن. ترس لە سەنگەری شەقام بە پرچی ژنان لە سێدارە دراو و ئیرادە، یەکگرتن و هەبوون خۆڵقێندرا. شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» هەر کەسی لە ئامێز گرت و خاوەنداری لە هەموو چین و توێژەکان، باوەڕیەکان، نەتەوەکان و فرەڕەنگیەکانی کۆمەڵگا کرد. ژنان جوانترین رەنگیان بەم شۆڕشە بەخشی و جارێکی دیکە نیشانیان دا کە چۆن کۆمەڵگا و ئیرادەی ئازاد دەتوانێت هەموو دەسەڵاتەکان و خوداکانی سەر زەوی لە ناو ببات. ژنان سەلماندیان کە چۆن دەتوانن «من بکەن بە ئێمە». سەلماندیان کە دەتوانن فەلسەفەی «یکی برای همە و همە برای یکی» زیندوو بکەنەوە. نیشانیان دا کە هەرکەس دەتوانێ دەنگ و ڕەنگی خۆی بێ و لە مافی خۆی و لە هەبوونی خۆی بگەڕێ. شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» خۆی بە واتای ئامارگی (گەڕانەوە بۆ جەوهەر) ڕازاندەوە و دەیەوێ ژن و ژیان و کۆمەڵگا بگەڕێنێتەوە بۆ جەوهەری ڕاستەقینەو سروشتی خۆی. ئەم شۆڕشە هەڵگری گەورەترین گۆڕانکاری زیهنیەتیە و ئەوەش خۆبوونە.

بێگومان یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی دەوڵەت-نەتەوە لاوازکردنی کۆمەڵگایە و ڕژێمی وەلایەتی موتڵەقی فەقیە لە کارنامەی رەشی ٤٤ ساڵەی خۆیدا، بە دڕندانەترین شێواز ئەمەی لە سەر کۆمەڵگا و بەر لەویش لە سەر کەسایەتی ژن سەپاندوە . گەورەترین تایبەتمەندی ئەم شۆڕشە داخستنی هەموو ئەو درزە مەزهەبی، نەتەوەیی و زایەندیانە بوو کە دەوڵەت وەکو ئەهرۆمی فشار و گەرەنتی هەبوونی خۆی لە بەرامبەر کۆمەڵگا بە کاری دە‌هێنا. لە هەمان کات و لەبەرامبەری ئەوەش، گەورەترین درز لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا دروست بوو. کە ئەمەش دەتوانین وەکو دەستکەوتێکی گەورەی ئەم شۆڕشە لەبەرچاو بگرین. ئەوەی کە کۆمەڵگایەک لە هێزی جەوهەری خۆی دەگەڕێت بۆ خۆبەڕێوەبردن، لە ئەنجامی بێ باوەڕی و نەمانی ڕەوابوونی دەوڵەت و هێزی دەوڵەت لە چاوی کۆمەڵگە دایە. لە سەرەتای شۆڕش تا ڕۆژی ئەمڕۆ، زۆر بوون ئەو هێزانەی کە خۆیان لە ناو بازنەی شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» نەبینیەوە. دەتوانین بڵێین کە هەموو ئەو هێز یان کەسانەی کە بە زیهنییەتی بەرژەوەند خوازانەی دەوڵەت-نەتەوە ئەژین و هەر جۆرە ماسکێکی دیموکراسی و ئازادیخوازی بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی کە دەسکەوتی ئەم شۆڕشە بدزن، ناتوانن خۆیان لە بازنەی شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» ببیننەوە. بۆیە چەندەش بیانەوەێ تریبونەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار بهێنن و ژێستی وەکیل و نوێنەری کۆمەڵگا بە خۆیان ببەخشن، ناتوانن ئەم شۆڕشە بە لاڕێدا ببەن  و مسۆگەر سەرناکەون. شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» هەر لە بانگی یەکەمی خۆی ئەمەی گوت کە تاک ڕەگەز، تاک نەتەوە و تاک باوەڕی لەم شۆڕشە هیچ جێگایەکی نیە و دەرگامان بۆی کراوە نیە. گەلان بانگیان کرد کە ئێمە گۆڕینی دەستی دەسەڵاتمان ناوێ و زۆر رادیکاڵانە هێڵی خۆیان کە تەنیا و تەنیا «دیموکراسی و بەرابەری» بوو، نیشان دا و گەورەترین «نا» یان پێشکەشی رەهبەری و سەڵتەنەت و هەموو مۆدێلە دەسەڵاتدارە خۆسەپێنەکان کرد. رادیکاڵترین هەڵوێست لە لایەن ستەم لێکراوترین نەتەوەکان کە گەلانی کورد و بەلوچن تا ئێستاش بەردەوامە و بە فەلسەفەی بەرخۆدان ژیانە، خاوەنداری لە داخوازەکانیان دەکەن.

گەلان هەر دەرفەتێک هەڵدەسەنگێنن بۆ ئەوەی کە نەهێلێن ئاگری شۆڕش دامرکێ و ئەو ئاگرە بە گیانی خۆیان گەشاوە بهێلێنەوە. ڕۆحی خۆڕاگری، سەرچاوەی خۆی لە بوونی هیوا لە کۆمەڵگا دەگرێت، ئەمەش لە خاوەنداری کردنی کۆمەڵگا لە شەهیدانی رێگای ئازادی دیارە، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگا گەیشتوە بەو واتایەی کە ئەو گیانانەی سەربەرزانە فیدا دەکرێن، نامرن و چرکە بە چرکە ژیان ئەبەخشن. ئەم شەهیدانەن کە خاوەنە ڕاستەقینەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادین .

لە بەرامبەر باڵای ئەو کۆمەڵگا و ئەم شەهیدانە بانگەشە بۆ هەر جۆرە بازاڕێکی سیاسی بەرژەوەند خوازانە  و هەل پەرستانە گەورەترین خیانەتە بە خۆێنی شەهیدان. ئەوەی کە لەم ماوەیەدا دیار بوو، بیرەوەری مێژوویی کۆمەڵگا زیندووە و لە بیر ناکات، ناپاکی، بەڵێنە درۆینەکان، نەدیتنی فرە رەنگیەکانی کۆمەڵگا، لێدانی مۆرکی جوداخوازی بە نەتەوەکان، بە فیڕودانی پۆتانسیەلی شۆڕشی گەلان لە ساڵی ٥٧ و کردنی بە دژە شۆڕش. کۆمەڵگا و گەلانی ئێران ئەمانەیان لە بیر نەکردووە، لە بەر ئەوەی کە لەبیر کردن بۆ خۆی چەشنێکە لە ناپاکی. گەلان لەم چوار مانگەدا لە سەنگەری شەقام، لە سەنگەری زیندان و لە ژێر پەتی سێدارە ئەمەیان بە دەنگێکی بڵند هاوار کرد کە ئازادی بە وەکالەت بەدی نایەت. لەبەر ئەوەی کە ئێمە بۆ خۆمان خاوەن ئیرادەین. ڕێبەر ئاپۆ لە پێناسەی ئازادی دەڵێت کە: «پێویستە ئازادی بە مرۆڤەوە سنووردار نەکرێت، هەڵپەی باڵندەو ئاژەڵەکانی ناو قەفەس، ئاواز و جریوەی بولبول لە پێناو ئازادی دایە و گشت دەنگ و رەنگی گەردوون ئازادی و گەڕان بەدوای ئازادی دێنێتەوە بیری مرۆڤ. ئایا جگە لە لێگەرینی ئازادی لە رێگای کامە زاراوە گشت هەڵپەکانی ژنان روون بکەینەوە کە یەکەمین و دواترین کۆیلە قوڵەکەی کۆمەڵگای مرۆڤن؟» لە چوارچێوەی ئەم پێناسە فەلسەفیە، دەتوانین بڵێین کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە واتای ئەتیک و ئەستاتیکی ئازادی دەگەڕێت و لەو رێگایەش دایە کە بیگەینێ بە لووتکە.

شورشی ژن ژیان ئازادی بوو بە دەرگای دەربازبوون لە سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوە، دەلاقەیەک بوو کە کۆمەڵگا جارێکی دیکە هێزی خۆی ببینێتەوە، ئەم دەروازەیە نە تەنیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ، بەڵکو بوو بە ئاسۆیەک لە رۆژهەڵاتی ناوین دا.

گەلانی ئێران بە تایبەت ،هێزە دینامیکەکانی شۆڕش پێویستە باش بزانن کە شۆرشی ژن ژیان ئازادی، شۆڕشێکی زییهنیە و هۆشیاریەکی زیهنی لە گەڵ خۆی هێنایە ئاراوە. بەم شۆڕشە پێویستە ژنان جارێکی دیکە بگەنەوە  ئەو گۆڕەپانانەی کە بە ساڵانە لێیان زەوت کراوە. گۆرەپانەکانی زانست، فەلسەفە، هونەر، پەروەردە، سیاسەت، ئابوری و… مەیدانی گەڕانەوەی ژنانن لە ژیان کە ئەمانەمان هەموو لە سەنگەری شەقام بینی. بۆیە ئەوەی کە دیارە و سەلمێندراوە، بارودۆخی کۆمەڵگا و بە تایبەتی ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ چوار مانگ لەمەو بەر و هەر چرکە بەرەو پێش ترهەنگاو هەڵئەگرن.

ئێمە وەکوو کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان-کژار  لەسەر ئەساسی بە بنەما گرتنی سیستەمێکی ڕادیکال و سیاسەتی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵ، هیچکات چاومان لە زوڵم و ستەمەکانی ڕژێمی وەلایەتی فەقیە نەگرتوە و ناگرین و بە خوێندنەوەی سیاسەتەکانی دەوڵەت-نەتەوە، کە بە سەر کۆمەڵگا و بە تایبەت ژنان ئەیسەپێنێت، ڕوومان لە بەرفراوان کردنی بەرەی دیموکراتیک کردووە. بە بڕوابوونمان بە یەکگرتوویی هێزی گەلان و بە تایبەتی ژنان تێکۆشان بەگۆڕتر دەکەین. لەم قۆناغە هەستیارە کە هەموومان دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەبینین و هێزی لێ وەردەگرین، بانگمان لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، لە نەتەوەکانی بەلووچ، کورد، عەرەب، ئازەری، فارس و تەواوی پێکهاتەکان، هەروەها ژنان، لاوان و بە تایبەتی دایکانی شەهیدان هەیە کە بە یەکڕیزی و یەکدەنگی زۆرتر لە پێکهێنانی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازاد بەشدار بین، هەموو وزەمان ببەخشین بە دروست کردنی بەرەی یەکگرتوو (خاوەن پیشەو بازاڕییەکان، مامۆستا، دکتۆر، پارێزەر، ماموستای ئایینی، هونەرمەند، وەرزشکارو…..) و بەم جۆرە بەرەو بونیادنانی کۆمەڵگایەک هەنگاو بنێین کە بتوانێ پشت بە هێزی جەوهەری خۆی ببەستێ و بڕوامان بەوە هەبێ هێڵی سێهەم کە هاوکات هێزی گەلان بۆ خۆیانە سەرکەوتووترین مۆدێلە لە پێکهێنانی سیاسەتی دیموکراتیک دا. هەموو خەباتمان لە پێناو گەیاندنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە بەرزترین لووتکەی تێکۆشان بگەیەنین و دەرفەتی ئەوە نەدەین کە هیچ کەس شۆرشەکەمان بە لاڕێدا ببات و هێڵی بۆ دیاربکات، هێڵ ‌هێڵی خۆڕاگری و پشت بەستن بە هێزی جەوهەری کۆمەڵگایە.

ژ.ت