کەژەکە: دەبێت تاوەکو دادگایکردنی بەرپرسیارانی کۆمەڵکوژییەکە بەردەوام بین لە تێکۆشانەکانمان

دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە ڕایگەیاند، پێویستە دەوڵەتی فاشیستی تورک لە دادگا نێونەتەوەییەکان بە تاوانی جەنگ دادگایی بکرێت و ڕاشیگەیاند: "تا ئەو کاتەی دادگایی دەکرێت دەبێت تێکۆشانمان بەردەوام و بەرفراوانتر بێت".

کەژەکە بە بۆنەی ١٠هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ی پاریسی پایتەختی فەرەنسا، کە تیایدا ژنانی شۆڕشگێڕی کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کۆمەڵکوژکران، بانگەوازی بەهێزترکردنی تێکۆشانی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە کەژەکە:

"ئێمە چووینە دەیەمین ساڵی شەهیدبوونی هەڤاڵانمان سارا، ڕۆژبین و ڕۆناهی، کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە کۆمەڵکوژکران. بەم بۆنەیەوە، ئێمە سەرەتا لە کەسایەتیی خوداوەندی ئازادیمان سارا، ڕۆژبین و رۆناهی دا، رۆسا لوکسمبورگ، کە لە ١٩ی کانوونی دووەمی ١٩١٩ دا بە گولـلەی فاشیزم کوژرا، سێڤێ دەمیر، پاکیزە نایر، فاتما ئویار، کە لە سیلۆپی کۆمەڵکوژکران، هەروەها ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری  کەجەکە ئەڤین گۆیی، وڵاتپارێزی شکۆدار عبدولڕحمان کزل و هونەرمەندی گرانبەهامان میر پەروەر، کە لەم دواییانە لە ٢٣ی کانوونی یەکەم لە پاریس کۆمەڵکوژکران، بەڕێزەوە یادیان دەکەینەوە. ئێمە لە بەرامبەر یادی ئەو شەهیدانەدا بە ڕێزەوە سەر دادەنەوێنین و بەڵێنی خۆمان دووپات دەکەینەوە، کە ئێمە ئامانجی ژنانی ئازاد و ژیانی ئازاد بەدی دەهێنین و وەک دەستەی بەڕێوەبەبەریی کەژەکە تۆڵەیان دەکەینەوە.

سارا و ئەڤین بە حەز و خۆشەویستییەوە بۆ ئازادی تێکۆشان، بە ڕەنج و خۆشەویستییەکی گەورەوە شۆڕشی هەبوونی ژنان، میراتێکی زۆر ماناداریان بۆ بەجێ هێشتین. ئەوان پێشەنگی ژنانی سەدەی ٢١هەمینن و فەرمانمان پێدەکەن، کە ئێمە شۆڕشی ژنان سەر بخەین. لەم سەردەمەدا، کە هەوڵ دەدرێت جوانی و سروشتی ژن کۆمەڵکوژ بکرێت و لەناوببرێت و ئەم عەقڵییەتە بە هەموو ساتێکی ژیان دا بڵاوبکەنەوە، ئەو هەڤاڵە قارەمانانەمان، کە ڕێنیشاندەرمانن و دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخساندووین، کە بە پەرۆشی و خۆشەویستییەوە دریژە بەو رێگایە بدەین. بە دڵنیاییەوە ئێمە لێپرسینەوە لەو کۆمەڵکوژییانە دەکەین، بەرپرسیارەکان ئاشکرا دەکەین، لە بەرامبەر مێژوو و مرۆڤایەتی دا دادگاییان دەکەین.

لە بەرامبەر  شەهادەتی هەر ژنێکدا تامەزرۆیی و پێداگریمان بۆ بۆ تێکۆشان بەهێزتر دەبێت، ناسنامەی ژنێکی شکۆدار و خۆڕاگرمان بەهێزتر دەبێت و بەو مانایەش سووربوونی ئێمە بۆ ڕێکخستن و تێکۆشان زیاتر دەبێت. سەرەکیترین ڕێگای بنەڕەتیی پاکتاوکردنی هەر کۆمەڵگایەک شکاندنی ئەو ژنانەیە، کە پێشەنگایەتی بۆ ئەو کۆمەڵگایە دەکەن، کە لە شێواز و قاڵبی نەریتی تێپەڕیون و خۆیان  ڕزگار کردووە، بۆ ئەوەش هێزە داگیرکەر و چەوسێنەرەکان بەتایبەتی ژنانی پێشەنگ وەک ئامانج هەڵدەبژێرن و سەرەتا لەوان دەدەن. لەو مانایەش دا فاشیزم و داگیرکاری لە هەوڵی ئەوەدان، بە ئامانجگرتنی ژنانی کورد، کە لە هەر پارچەکانی کوردستان دا پێشەنگایەتی دەکەن، کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوەی کوردان خێراتر بکەن. بە کۆمەڵکوژکردنی هاوڕێیانمانن سارا، ڕۆژبین، ڕۆناهی، سێڤێ، فاتمە، پاکیزە، هەڤرین خەلەف، ژیان تۆڵهەڵدان، ناگەهان ئاکارسەل و ئەڤین گۆیی ڕاستیی ژنی ئازادی کوردی ئازاد دەکەنە ئامانج.

بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان بە بەشداری، بوێری و کەسایەتیی فیدایی هاوڕێ سارا بناغەی خۆی دانا و لەسەر ئەم بنەمایە بەهێزتر بوو. هاوڕێمان سارا خوڵقێنەری چەندین هەنگاو بوو و فیدایانە پێشەنگایەتیی بۆ کرد. لەبەر ئەوەش ڕێبەر ئاپۆ وتی: "تێکۆشانی سارا تێکۆشانی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانە". لە ڕاستیدا ڕێپێوانی دڵسۆزانەی هاوڕێ سارا بووە هۆی ڕاپەڕین، هۆشیاری و بەخەبەرهێنانەوە، ڕێکخستنبوون و بە سوپابوونی هەزاران ژنی ئازاد. هاوڕێمان ئەڤین گۆیی یەکێک بوو لە هەڤاڵانەمان بوو، کە پێش هەموو شتێک بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ هۆشمەندی و هۆشیاری، ڕێکخستنبوون، فەرماندەیی ژنی ئازادی بەهێزتر کرد. لە مێژووی ٣٤ ساڵەی خەبات و تێکۆشانەکەیدا بەهای مەزنی ئافراند و ئەم بەهایە بە شێوەیەکی زۆر بە هێز بە هاوڕێکانی، گەل و ژنانی ئێمەی دەگەیاند و هاوبەشیی لەگەڵ دەکردن. بۆیە بە ئامانجگرتنی هاوڕێمان ئەڤین لە هێرشی دووەمی پاریس دا بۆ لە ناوبردن و سڕینەوەی شۆڕشی ژنان، ڕاستی و حەقیقەتی کوردی ئازاد و ژنان بوو. ئەو هەموو هێرشانە بۆ بە ئامانجگرتنی بزووتنەوەی ئازادیمان، ڕێبەرەکەمان و ئامانجەکانی ئازادیانە.

گەلەکەمان، هاوڕێیانمان، کە بۆ ژنان تێدەکۆشن، باش دەزانن، کە ئەو بکوژانە کێن. بەرپرسیارانی هەر دوو کۆمەڵکوژییەکەی پاریس  ڕژێمی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە و میت-ن. کۆمەڵکوژیی یەکەمی پاریس پەردەپۆشکرا،  بە دە ساڵ ڕوون نەکرایەوە، بۆ ئەوەش  دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس ئەنجامدرا. بکوژانی ئەم هێرشە پاکتاوکاریانە زۆر ڕوون و ئاشکران. نابێت دەوڵەتی فەرەنسا بۆ جاری دووەم ئەم کۆمەڵکوژییە بشارێتەوە، بێگومان بەمە پەیوەندییە سیاسیە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی خۆیان ڕوون دەکەنەوە، نابێت گەلەکەمان و هەڤاڵانمان هەرگیز ڕێگە بەوە بدەن، ئەم هێرشە لەبیر بکرێت و بشاردرێتەوە، دەبێت تا کۆتایی دوای بکەون و هەڵوێستی لێپرسینەوە کردن بگرنە بەر. دەوڵەتی فاشیستی تورک لە هەر چوار لای جیهانەوە شەڕی پاکتاوکردن و سڕینەوەی کوردان دەکات،  لە چیاکان، لە شارەکان، لە کوردستان و لە هەموو شوێنێکی ئەوروپا تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات. دەبێت دەوڵەتی فاشیستی تورک بەهۆی ئەو تاوانانەی جەنگەوە لە دادگای نێونەتەوەیی دادگایی بکرێت. دەبێت تاوەکو دادگایکردنیان ئێمە بەردەوام بین لە تێکۆشانمان و تێکۆشانمان گەورەتر و بەهێزتر بکەین.

ئەو چالاکییانە، کە لە ٢٣ی کانوونی یەکەمەوە لەلایەن گەل، دۆستان و هاوڕێیانی ژنەوە لە ئەوروپا ئەنجام دراون، چالاکیی زۆر مانادار و گرنگن. ڕێپێوانە شکۆدار و مەزنەکەی ٧ی کانوونی دووەم بووە بەرزترین ئاستی ئەو چالاکییانە. ئێمە وەک کەژەکە سڵاو لەو چالاکییانە دەکەین. دەبێت ئەو ڕێپێوان و تێکۆشانەمان بە ماوە و کاتێکەوە سنووردار نەکرێت، تا ئەنجامەکان بەدەست نەهێنرێت و بەرپرسیارانی ئەو کۆمەڵکوژییە دادگایی نەکرێن، پێویستە چالاکیەکانمان بە بەهێزترین شێوە بەردەوام بن".

ژ.ت