کەژەکە کوشتنی مورسەل نەبیزادە-ی شەرمەزارکرد

دەستەی بەرێوەبەری کەژەکە ئیدانەی کوشتنی مورسەل نەبیزادە پەرلەمانتاری پێشووی ئەفغانستان کرد و داوای لە هەموو بزووتنەکانی ژنان کرد، کە پشتگیریی یەکتر بکەن.

مورسەل نەبیزادەی تەمەن ٣٢ ساڵ یەکێک لەو ژنانە بوو ، کە پێش ئەوەی تالیبان لە ساڵی ٢٠٢١ دا دەسەڵات بگرێتە دەست، بوو بە ئەندامی پەرلەمانی ئەفغانستان. نەبیزادە لە هێرشێکی چەکداریدا لە ماڵەکەی خۆی لە کابول کوژرا. سەرەڕای نەبیزادە، یەکێک لە پاسەوانەکانی گیانی لەدەستدا و برایەکی و پاسەوانێکی تریشی بریندار بوون. نەبیزادە یەکێک بوو لەو چەند ژنە سیاسەتمەدارە، کە دوای هاتنە سەرکاری تالیبان وڵاتی خۆیان بە جێنەهێشت.

دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە سەبارەت بە تیرۆرکردنی نەبیزادە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. ڕاگەیاندراوەکەی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە بەمشێوەیەیە:

"هێزە سەرمایەدارییەکان بۆ هەژموونی خۆیان بەردەوامن لە بۆ دروستکردنی ناوچەی نوێی بەرژەوەندی و داگیرکاری بۆ خۆیان، کە مرۆڤ دەتوانێت پێی بڵێت، کۆلۆنیالیزمی سەدەی ٢١، هەموو رۆژێک کۆمەڵکوژی و پاکتاوی بەرامبەر بە گەل و ژنان دەکەن. بارودۆخی کوردستان، عێراق، فەلەستین، ئەفغانستان، لیبیا، ئەوروپای ڕۆژهەڵات، سوریا و ئۆکرانیا و چەندین وڵاتی دیکەی وەک ئەمانە، ئەم واقیعە داگیرکارییە نامرۆڤانەیەی سیستەمی سەرمایەداری بە ڕوونی دەخاتەڕوو.

تاوان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت

لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەمڕۆ قەیران و ئاژاوە تیایدا قوڵتر بۆتەوە، کۆمەڵکوژییەکانی سەر ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. ئەو قەیرانانە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ژنان هەیە. بێگومان ئەفغانستان سەرەکییە. لە ئەفغانستاندا ڕاستییەک بەرامبەر بە ژنان هەیە، کە هەوڵ دەدرێت لە ژێر فشاری ڕژێمی تالیباندا ئیرادەیان سەرکوت بکرێت. توندوتیژیی دژ بەژنان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، ئابووری، یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەموو بوارەکانی ژیان و هەروەها لە پارک و باخچەکاندا ژنان و پیاوان جیا دەکرێنەوە؛ سیاسەت و هێرشی سێکسی و زایەندپەرەستی ئەنجام دەدرێن. بێبەشکردن و شاردنەوە و بێدەنگبوون بەسەر ژنان دا دەسەپێنرێت. لە جەستەی ژنەوە بۆ هەموو ئەو شتانەی نیشانە و رەنگی ژنیان پێوەیە وەک تاوانێک نیشان دەدرێن. سەفەری تەنیا و سەرکەوتن لە تەکسییەکان قەدەغە کراوە، بۆ ژنان قەدەغەیە، کە بچنە قوتابخانەی ناوەندی و ئامادەیی و زانکۆ. ژنان کاتێک ئیدانەی ئەو کردەوانەی دژ بە مرۆڤایەتی دەکەن، سزای لێدانیان بەسەردا دەسەپێنرێت. ئەو عەقڵییەت و ئارگۆمێنتە، کە ڕەوایی بە کرداری لەو شێوەیە لە دژی مرۆڤەکان دەدات سەرچاوەکەی بۆ وتەى شەرەف و ناموس دەگەڕێتەوە، کە ئەوەش پشتبەستووە بە دواکەوتوویی ئایینی.

ژن بە مرۆڤ نازانن

رێکخستنەکانی تالیبان، داعش و قاعیدە کە لەلایەن هێزە سەرمایەداریەکانەوە دامەزراون، دوژمنایەتیی ژنان دەکەن، لە هەموو شوێنێکی ناوچەکەمان دا بە سیاسەتی پاکتاوکردن و کوشتنی ژنان، ژیان لەگەل و ژنان تێکدەدەن. ژنانیش لە دژی پاکتاوکردنی ژنان، لە دژی کۆیلایەتیی ژنان و سیستەمی پیاوسالاری، لە هەموو شوێنێکی جیهان دا خۆیان ڕێکدەخەن و ڕەخنەی ڕادیکاڵ و ڕیشەیی لە سیستەمی داگیرکاری دەگرن. لە کاتێکی وەهادا بەهۆی ئەو توندوتیژیی سیستماتیکی هێزە دەوڵەتپارێزەکان، ڕووبەڕووی ڕاستییەکی  جدی دەبنەوە. لە وڵاتێکی وەک ئەفغانستان هێزێکی دواکەوتوو، زاڵم، دڵڕەق و دوژمنی ژنان بە ناوی تالیبان لە ساڵی ٢٠٢١دا بە بەر چاوی هەموو جیهانەوە لەلایەن هێزە هەژموونگەراکانەوە هێنرایە سەر دەسەڵات. لەو کاتەوە ژنان لە بواری گشتی دوورخراونەتەوە.  ژن بە مرۆڤ نازانرێت، هەبوونی ژن تەنیا وەک خزمەتکردن بە پیاوان پێناسە دەکرێت و ئەم ڕژێمە دوژمنەی مرۆڤایەتی سەرباری ئەوەش هێشتا ژن دەکوژێت.

کوشتنی نەبیزادە پەیامێکی دژ بە ژنان بوو

کوشتنی مورسەل نەبیزادەی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەفغانستان، کە گوایە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژراوە، لە ئەنجامی ئەو ڕژێمە دڕندەیەوە کوژراوە. هەرچەندە ڕژێمی تالیبان بانگەشەی ئەوە دەکات، کە ئەوە ئەنجامدەری ئەم کوشتنە نییە، بەڵام ئێمە باش ئاگادارین، کە بکەرەکان کێن و ئەو کوشتنە دەرەنجامی کام مێشکی تاریک و دڕندانەیە. کردە تاوانکارییەکانی کوشتنی ژنان ڕوون و ئاشکرایە. سیستەمی پیاوسالاری فاشیست، دەسەڵاتخواز و سێکسپەرست و زایەندپەرەستە، کە سوودی لە بەها مرۆڤایەتیەکان و مافەکان، یاسا جیهانیەکان وەرنەگرتووە، هۆکار و تاوانباری ئەو کارە نامرۆڤانەیە، کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، دوای هاتنە سەر دەەسڵاتی تالیبان زیاتر و توندوتر بوون، نەبیزادە یەکێک بوو لەو ژمارە کەمە سیاسەتمەدارە ژنانە، کە وڵاتی خۆی جێنەهێشت. کوشتنی نەبیزادە پەیامێکە لە دژی ژنان.

ترس لە راستی ژن

هەڵوێستی تێکۆشانی ژنانی کورد، فارس و ئەفغان کە نمونەی بەرجستەی رابوون و وەستانەوەیە بەرامبەر هەموو جۆرە هێز، دیکتاتۆریەت و رژێمێک، دەسەڵاتداری ئەوان دەهەژێنێت.  سیستمی پیاوسالار کە بە چاوێکی دوژمنکارانە لە تێکۆشانی ژنان دەڕوانێت، دەیەوێت کە بە قەدەغەکردنی تێکۆشانی ژنان بتوانێت رێگریی لە تێکۆشانی ژنان بکات. سیستمی پیاو کە دەترسێت لە ئەنجامی تێکۆشانی ژناندا دەسەڵاتەکەی لەدەست بدات، لە هەر شوێنێکی جیهان ژنان دەکاتە ئامانج. ئەمڕۆ هەموو رژێمەکان تێکۆشانی ژنانیان کردووەت ئامانج. لە ژنای بەهێز دەترسن کە قسەی خۆیان دەکەن، خۆیان رێکدەخەن و چالاکی دەکەن. هۆکاری توندوتیژی قورس لەسەر رەنج، جەستە و ژیانی ژن ئەمەیە. پوچەڵکردنەوەی دەستکەوتەکانی ژنانن، قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ، هەموو جۆرە توندتوتیژییەک لە دژی ژن ئاماژەیە بۆ ترس لە راستی ژنی خاوەن ئیرادە.

تێکۆشانی بەرفراوان پشت بە خۆپاراستن دەبەستێت

لە دژی ئەو راستیەی ژن کە لە سەدەی ٢١ دا راستی کۆمەڵگا و ژیانی یەکسانی بە هیوای جۆش و خرۆش ئافراند، سیستمی پیاو سالار بە هەموو هێزی دەسەڵاتداری خۆی هێرشی دەکاتە سەر. بۆ ئەوەی بتوانێت تێکۆشانی ژن لە جەوهەری خۆی دووربخاتەوە، رادیکاڵیزم لاواز بکات، ژن راپێچی ناو سیستمی دەوڵەتی پیاو بکات، داوی لیبراڵیزم دەنێتەوە. هێندەی داوەکانی لیبراڵ بۆ بەلارێدابردنی تێکۆشانی ژن، هەروەها گوشار، قەدەغە و هێرشی نەژادپەرستی هێزە جیهادیست و دەسەڵاتداری کۆنسێرڤاتە رەگەزپەرستەکان بە شێوەی سیستماتیک بەخێو دەکات، بۆ بزوتنەوەکانی ژنان مەترسییەکی ئایدۆلۆژیکی جدین. لەبەر ئەوە لە دژی توندوتیژی پیاوسالار کە بە سیستماتیک کراوە، ئێمە ناچارین کە تێکۆشان زیاتر بە وشیاری خۆپاراستن بە رێکخستن بکەین و لە هەموو گۆڕەپانێکدا بەربڵاو و بە کاریگەری بکەین. لە هەر بوارێکی ژیاندا، لە دژی ئەم سیستمە کۆلۆنیالیستیە کە بەرپرسیاری کۆلۆنیالیست، نادادپەروەری، مردن، دەستدرێژی، ئەشکەنجە و هەژاریە، توڕەییمان رۆژ لە دوای رۆژ زیاد دەکات. تێکۆشان و بەرخودانی ژنان ئەو کردەوە نامرۆڤانە رادەوەستێنێت.

پشتیوانی لە ژنانی ئەفغانستان

لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی کردەوە دژەمرۆڤایەتیەکان بەرامبەر بە ژنانی ئەفغانستان، داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە پشتیوانییەکان بۆ ژنانی ئەفغانستان بەهێز بکەن. لە دژی کردەوەکانی سیستم کە ژنان لە یەکتر جیا دەکاتەوە، بە گژ یەکتریاندا دەکاتەوە و سیاسەتی چەپەڵ دەسەپێنێت، دەبێت بە شێوەی ژیرانە، بە ویژدان و رێکخستنبوونی ژنان، ئێمە بەرامبەر بەو هێزانەی دوژمنی ئازادی ، دوژمنی ژیانی ژن بوەستینەوە.

بۆ ساڵانی دوور و درێژ ژنانی ئەفغان لە بەرامبەر ئەو کردەوە دواکەوتوانەدا بە شێوەی جیاجیا خۆڕاگرییان کردووە، هێشتاش خۆڕاگریی دەکەن. رێکخراوەکانی ژنای ئەفغان، چالاکوانانی ژن، گروپەکانی پشتیوانی دەڵێن 'هەرگیز دەست هەڵناگرین'، 'هەر ماڵێک دەبێتە گۆڕەپانێکی خۆپیشاندان'، 'ژنانی ئەفغان لە بیر مەکەن' و بە شێوەی جیاجیا بەرخودانی گەورەی خۆیان بەرامبەر بە رژێمی تالیبان نیشان دەدەن. خوشکە ئەفغانستانییەکانمان لە بەرامبەر بە ستەم و رەگەزپەرستی دەوەستنەوە، سڵاو لەو تێکۆشانە رەسەنەیان دەکەین و بەم بۆنەوە داوا لە بزوتنەوەکانی ژنان لە سەرتاسەری جیهان دەکەین کە لەگەڵ خوشکەکانمان لە ئەفغانستان یەکبگرن، تێکۆشانی هاوبەش لە هەموو شوێنێک گەورە بکەن، لەبەرامبەر سیاسەتی چەپەڵی دەوڵەتان کە رەوایەتی بە تالیبان دەدات، هەڵوێست وەربگرن، لەبەر ئەوەی توندوتیژی پیاوان هاوبەشە. بێدەنگی بەرامبەر بەو سیاسەتە پراگماتیستی، دووروویانە و چەپەڵانەی دەوڵەتان بە واتای هاوبەشییە لە تاوانەکانی دەوڵەتان. هەربۆیە یەکگرتنمان، تێکۆشانی هابەش بە دڵنیاییەوە ئازادی ژنان مسۆگەر دەکات. 

ئێمە لەگەڵ ژنانی ئەفغانستانداین

وەک ژنانی کورد ئێمە دوێنێ و ئەمرۆش لەگەڵ خوشکەکانمان لە ئەفغانستانداین. بەردەوام لەگەڵ تێکۆشانی ئازادی خوشکەکانمان لە ئەفغانستاندابووین. بەردەوام لە تێکۆشانی ژنانی ئەفغانستان هێزمان وەرگرتووە و وەریدەگرین. دەمانەوێت بزانن کە ئێمە ژیان، ئازادی و یەکسانی بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە هەموو شوێنێک گەورە دەکەین و ئێمە لەگەڵتانین. تێکۆشانی ئازادی ژنان مرۆڤایەتی رزگار دەکات. هەربۆیە تێکۆشان و بەرخودانی ژنانی ئەفغانستان بە دڵنیاییەوە ئازادی مسۆگەر دەکات".

ژ. ت/ هـ . ب