لە بەرلین یادی ئەو ژنانە کرایەوە کە لە ئێران گیانیان بەختکردووە

لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بۆ یادی ژینا ئەمینی ئەو کچە کوردەی لەلایەن 'پۆلیسی ئاکاری' دەوڵەتی ئێرانەوە بە ئەشکەنجە کوژرا و هەروەها ئەو کەسانەی لە بەرخوداندا ژیانیان لەدەستداوە مەراسیمێک سازکرا.

فێمێنیستا بەرلین، کۆلەکتیڤی ژنانی ژیان ئازاد، جەنی، ئەنجومەنی ژنانی دەستدان، وۆمێن دیفێند رۆژئاوا، جەمەنیسام کامپفێن و کۆمینی شەهید سارا دۆرشین بە شێوەیەکی هاوبەش مەراسیمی یادکردنەوەیان ئەنجامدا. مەراسیمەکە بە خولەکێک رێزلێنان دەستیپێکرد.

لە وتارێکدا لەسەر ناوی بزوتنەوەی ژنانی کورد راگەیەندرا: "تێکۆشانی سەکینە، بێریتان، زیلان، ئاڤێستا و بە هەزاران شەهیدی ژن، ژینا ئەمینی و تەواوی ژنانی خۆڕاگر کە لەدژی رژێمی ئێران خۆڕاگری دەکەن، بە رێزەوە یادیان دەکەینەوە و سڵاویان لێدەکەین".

چالاکوانانی بەلوچستانیش بۆ یادەکە پەیامیان نارد و رایانگەیاند، کە ناوەندی ئەم بەرخودانە کوردستان و بەلوچستانە و بەرخودانەکە بەرفراوانتر دەکەن.

ئەندامانی فێمینیستا بەرلین، کۆمینی شەهید سارا دۆرشین و جەمەنیسام کامپێنیش وتەیان پێسکەش کرد و گۆرانیان بە زمانی ئەڵمانی چڕی.

بۆ سیرین عەلەمهولی، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی و عەلی حەیدەریان کە ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لەسێدارەدران، هۆنراوە خوێندرانەوە و بە زمانی کوردیش مەقامی دەنگبێژی وترانەوە.

چالاکییەکە بە نمایشی بەڵگە فیلمێک و هەروەها بە نوسینی داواکارییەکان لەسەر دارێک کە سەرپۆشی ژنانی کوردی پێوە هەڵواسرابوو کۆتاییهات.

هـ . ب