لە کەرکوک پانێلێک بە ناونیشانی "ژن لە کارکردن و ئابوریدا" سازکرا

لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان "ڕێکخراوی ڤیان بۆ پاراستی مافی ژنان" لەژێر دروشمی "ژن لە کارکردن و ئابوریدا" هەستا بە ئەنجامدانی پانێلێك‌.

ئێوارەی دوێنێ شەممە لە سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکوک، لەلایەن ڕێکخراوی ڤیان بۆ پاراستنی مافی ژنان و بە بەشداریی چالاکوانانی کاروباری ژنان و شارەزای یاسایی و کۆمەڵایەتی پانێلێک بەڕێوەچوو. پانێڵەکە لە چوار بەش پێکاتبوو، کە تیایدا چوار کەسی شارەزا لە کاروباری مافەکانی ژنان پانێلەکەیان پێشەکەش کرد.

لە پانێلەکەدا ژنانی چالاکوان باسیان لە گرنگی ئابوری سەربەخۆ کرد بۆ ژنان و هەروەها هەڵسەنگاندن کرا کێشەکانی ژن لە کارکردن لە کەرتی تایبەتی گفتوگۆ لە بابەتەکە کرا. پاشان لەلایەن شارەزای یاساییەوە باس لە چۆنیەتی داکۆکیکردنی ژنان کرا لەکاتی کارکردن لە کەرتی تایبەت.

پانێلەکە سێ بابەتی جیاوازی لەخۆ گرتبوو، کە تەواوی ئەو بابەتەنانە لەلایەن ژمارەیەک ژنانی چالاکوانی کاروباری ژنان و پارێزەر و توێژەری کۆمەڵایەتییەوە پێشکەش بە ئامادەبووانی پانێڵەکە کرا.

ووتاری کردنەوەی پانێڵەکە لەلایەن لینافە عیماد ئیبراهیم، چالاکوانی کاروباری ژنانەوە پێشکەش کرا، کە تیدا لینافە عیماد ووتی: "ئامانجمان لەم پانێلە، چارەسەرکردنی کێشەکانی کارکردنی ژنانە لەم کۆمەڵگایەدا، بۆ بەدەستهێنانی چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی ژنان لەکاتی کارکردن لە کەرتی تایبەت و حکومی و پێویستی بە هەماهەنگیی هەیە لەنێوان ڕێکخراوەکان بۆ ئەوەی بتوانرێت کێشەکانی ژنان بەشێوەیەکی کاریگەرتر چارەسەر بکرێن."

ئابوری لەلایەن ژنانەوە دامەزراوە

پاش ووتەکانی لینافە عیماد ، یەکەم بابەتیش سەبارەت (واتای ئابوری بۆ ژن)بوو کە لەلایەن فەنار فاروق، بەرپرسی ڕێکخراوی ڤیان بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان پێشکەش کرا و  سەرەتا بە مێژووی ئابوری دەستی بە ووتارەکەی کرد باسی لە دامەزراندنی ئابوری کرد لەلایەن ژنانەوە و  ووتی: " سەرەتای دامەزراندی ئابوری لەلایەن ژنانەوە دامەزراوە کە کاروباری ماڵ و منداڵ و پێداویستی خێزان لەلایەن ژنانەوە پلانی بۆ دارێژراوە بۆ ئەوەی خێزنەکەی هیچ کەم کوڕیەکی نەبێت لە پێداویستەکانی، بەشداری بوونی ژنان لە کاروباری ئابوری بۆ ڕەکابەری پیاوان نەبووە، بەڵکو ژنان وویستویانە سەربەخۆیانە بەبی پشت بەستن بە پیاوان بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن."

ڕیگە بە ژنان نەدرا بەشداری بازرگانی و کار بکەن

هەروەها لەدرێژەی قسەکانی سەبارەت بەمێژووی ئابوری و ژنان فەنار فاروق ووتیشی: " لە دەوڵەتی بابلی کۆندا لە ساڵی ١٨٩٤ی پێش زاینی کە بابل دەوڵەتێکی بەهێز بوو لەڕووی ئابوریەوە، ڕیگە بە ژنان نەدرا بەشداری بازرگانی و کار بکەن بە بیانوی ئەوەی ژنان بە شێوەیەکی سۆزدارانە (عاتیفی) کار دەکەن. سەرەتای زۆربەی داهێنانەکان لەلایەن ژنانەوە بەرهەمهێنراوە و پیاوان داهێنەکانی ژنانیان بردووەتەوە دەرەوەی ماڵ کاریان پێکردووە وەکو داهێنانێکی خۆیان و ڕێگەیان نەداوە ژنان لەماڵەوە دەربچن و ڕیگر بوونە لە پێشکەوتنی ژنان."

ژنان لە عێراق ئامادەنین بەشداری بکەن لە لەکارکردن لە بازاڕدا

هەروەها، بابەتێکی دیکەی گرنگی پانێلەکە بە ناونیشانی کێشەکانی ژنان لە کارکردن لە کەرتی تایبەت کە لەلایەن ئینتسار کەریم عەبدوڵا، ڕاوێژکاری یاسایی پاریزگای کەرکوک بۆ کاروباری ژنان، پێشکەش کراو ووتی: " پالپشتی کردنی ژنان لە بازاڕدا بناغەیە بۆ بەهێز کردنی کۆمەڵگا، هەرچەند ریژەی کارکردنی ژنان لە کۆمەڵگای کەرکوکدا کەمە بەراورد بە پیاوان، بەداخەوە ئەگەر هەلی کار بۆ ژنان بەراورد بکەین بە پیاوان ئەوەی رێژەی هەلی کار بۆ ژنان کەمە، بەپی ئامارەکان ٨٧٪ی ژنان لە عێراق ئامادەنین بەشداری بکەن لە لەکارکردن لە بازاڕدا، ئەوە ١٣٪ی دیکەی ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگیەکی زۆر دەبنەوە لە کارکردن."

زۆربەی ژنان تەنها لە دوو دامەزراوەی حکومی لە عێراق کار دەکەن

هەروەها ئینتیسار کەریم ووتیشی: " بەپی ئامارەکانی ووڵاتی عێراق لە پلەی ١٣٠هەمین ووڵات دێت بۆ یەکسانی ڕەگەزی لە کارکردندا، ووڵاتی عیراق نیوەی ووڵاتانی عەرەبیە لەلایەن دامەزراندنی ژنان لە کارکردن لەنیو کۆمەڵگادا، پالپشتی کردنی ژنان لە کارکردن گرنگیەکی زۆی هەیە بۆ بنیادنانی بناغەیەکی ئابووری بۆ ووڵات هەروەها لە عێراق زۆربەی ژنان لە دامەزراوەی پەروەردە و تەندروستی کار دەکەن."

ژنان نایانەوێت لە کەرتی تایبەت کار بکەن

سەبارەت بە هۆکاری کارنەکردنی ژنان لە کەرتی تایبەت ئەو ژنە چالاکوانە ووتی: " ژنان لە کەرتی تایبەت ڕووبەرووی گێچەل دەبنەوە لەلایەن خاوەن کار و ئەو کەسانەی کە سەردانی ئەو شوینە دەکەن، بۆیە ژنان حەز ناکەن لەم کۆمەڵگایەدا کاربکەن."

گرنگیی زۆر بە ماف و تواناکانی ژنان نەدرێت

لە کۆتایی پانێڵەکەیشدا بابەتێک بەناونیشانی چارەسەری یاسایی و مەیدانی ، لەلایەن حەنان قاسم خورشید، پارێزەر و ڕاگەیاندکار و چالاکوانی کاروباری ژنان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد کە تیدا ووتی: " سەرەتا یاسایی مافی ژن لە کەرتی تایبەت بەپی کلتوری خێڵەکی بوو و یاسایەک نەبوو، پاش جەنگی جیهانی شۆڕشی کارکردنی ژنان بەشیوەیەکی بەرچاو لە کەرتی تایبەت دەستی پێکرد، بەهۆی ئەوەی لەکارکردندا زیاتر گرنگی بە مووچە و کاتی کارکردن دەدرێت ئەمەش وایکردووە کە گرنگی زۆر بە ماف و تواناکانی ژنان نەدرێت."

یاسا لەسەر خاوەن کار مەرجی داناوە

لە بەشێکی دیکە قسەکانی ئەو پارێزەرە باسی لە مافخورادنی ژنان دەکات لەکاتی کارکردن بەهۆی نا شارەزا بوونی لە یاساکان بۆ پاراستنی مافی ژنان لە کەرتی تایبەت، ناوبراو ووتی: " بەپێی چەند بڕگە یاسایەک لە یاسای عێراق بۆ کارکردن ماف دراوە بە ژنان کە بیمەی کارکردن و تەندروستیان بۆ دابین بکرێت و کاتەکانی کارکردن نابێت لە هەشت کاتژمێر زیاتر بێت، یاسا لەسەر خاوەن کار مەرجی داناوە بۆ ڕەخاساندنی بیمەی کۆمەڵایەتی کە ژنان لەکاتی دووگیان بوون بۆی هەیە بەپی یاسا مۆڵەت وەربگرێت یان لەدوای ١٥ ساڵ دەتوانێت خانەنشین بکرێت."

 هۆشیاری ژنان گرنگە بۆ پاراستنی کافەکانیان لەکاتی کارکردن

لە درێژەی قسەکانی دەربارەی مافەکانی ژنان لەکاتی کارکردن حەنان قاسم ووتی: "هەروەها ئەگەر لە هەشت کاتژمێر زیاتر کاربکات دەتوانیت داوای زیادکردنی مووچەکەی بکات و لەسەر خاوەن کارە کە کامیرا چاودێری دابنێت بۆ پاراستنی ژنان لە گێچەل، وە لەکاتی کەم کوڕی لەلایەن خاوەن کارەوە ئەوە ژنان دەتوانن سکاڵا دژی خاوەن کار تۆماربکەن، بۆیە هۆشیاری ژنان گرنگە بۆ پاراستنی کافەکانیان لەکاتی کارکردن."

پاش پێشکەش کردنی هەر سێ پانێڵەکەدا، دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان واڵا کرا و لە ڕێگەی گفتوگۆ ئامادەبووانی پانێڵەکە تێبینی سەرنج و پرسیاری خۆیان خستەڕوو.

لەکۆتایی پانێڵەکەدا، ژمارەیەک لە ژنان کە لەنێو کۆمەڵگا کاردەکەن و پشتیان بەخۆیان بەستیوە بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان، باسیان لە ئەزموون و ئاستەنگەیەکان کرد کە ڕووبەروویان بۆتەوە لە کارکردنی رۆژانەیان، وە بەم شیوەیە پانێڵەکە کۆتایی هات.

فەنار فاروق بەرپرسی ڕێخراوی ڤیان بۆ داکۆکی لە مافی ژنان، کە لە پانێڵەکەدا، بابەتێکی بەناونیشانی (واتای ئابوری بۆ ژنان) پێشکەش کردبوو لەبارەی پانێلەکەوە بە ئاژانسی هەوڵی فورات (ANF)ی ووت: "ئێمە ئەمڕۆ لەم پانێلەدا، هەوڵمانداوە وەکو ژنانی چالاکوان بۆ کاروباری ژنان هۆشیاری بگەینینە زۆرترین ژمارەی ژنان لە کەرکوک سەبارەت بە کارکردن لە کەرتی تایبەت، لەم پانێلەدا هەوڵمانداوە ژنان ئاگاداربکەینەوە لە مافەکانیان و پی ڕابگەینین کە یاسا دەیانپارێزێت لە گێچەڵ و نەدانی مافەکانیان هەروەها بیمەی کۆمەڵایەتی هەیە بۆ ژنان و پێویستە لەسەر ژنان بێ بەش نەبن لە بیمەی کۆمەڵایەتی."

ژ.ت