لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان دواکەوتوویی بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژنێکی گەنج

لە شاری پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنێکی گەنجی بەهۆی گوشارەکانی بنەماڵەکەیەوە خۆی کوشت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ژنێکی گەنج لە شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی ساریا ئیبراهیم پووری بەهۆی گوشاری بنەماڵەکەیەوە خۆی کوشتوە.

ئاماژە بەوە کراوە، خزمێکی ئەو ژنە گەنجە، کە ئاگاداری ئەو رووداوە بووە رایگەیاندووە، ساریا ئیبراهیم پووری کاتێک دەیەوێت هاوسەرگیری بکات لە نێوان ئەو و باوکیدا ناکۆکی روودەدات و بنەماڵەکەى هەوڵ دەدەن رێگری لە هاوسەرگیرییەکەى بکەن، ساریاش لە دژی گوشارەکانی بنەماڵەکەى کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زاڵبوونی عەقڵییەتی پیاوسالاری، نەبوونی پشتیوانیی یاسایی بۆ ژنان، بە شودانی کچانی تەمەن منداڵ، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، دواکەوتوویی خێزانی و کۆمەڵایەتی و کێشەی ئابووری بوونەتە هۆی زیادبوونی خۆکوشتنی ژنان.

ژ.ت