لە شاری هەمەدان ژنێکی کورد کوژرا

ژنێکی کورد بە ناوی لەیلا شەکیبا خەڵکی شاری سنە، کە دانیشتوی شاری هەمەدانە، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا.

لە شاری هەمەدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنێک لەلایەن پیاوێکەوە کوژرا. ژنەکە خەڵکی سنەیە و ناوی لەیلا شەکیبایە و تەمەنی ٣٩ ساڵە و دایکی ٢ منداڵە. لەیلا لەلایەن هاوسەرەکەی بە ناوی بەهرام بەختیارییەوە کوژراوە. دەوترێت ناکۆکییەکی لەمێژینە لەنێوان ئەو و هاوسەرەکەیدا هەبووە و لەیلا شەکیبا زۆرجار توندوتیژیی لەگەڵ کراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە شوێنی ڕووداوەکە ئەوەی پشتڕاست کردەوە، کە دوێنێ باوکی لەیلا میوانیان بووە و دوای رۆیشتنیان لە هەمان شەودا مشتومڕ لە نێوان بەهرام و لەیلادا دروست دەبێت و بەو هۆیەوە بەهرام بەختیاریی هاوسەری لەیلا دەداتە بەر چەقۆ و دەیکوژێت.

دوای ڕووداوەکە پۆلیس بەهرام بەختیاریی دەستگیرکردووە.

بەپێی ئامارەکانی چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان، لە بەهاری ئەمساڵەوە و بە کوژرانی لەیلا شەکیبا ١٨ ڕووداوی لەو جۆرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی ژنان روویانداوە.

ژ.ت