لە شەنگال ژنانی ئێزدی و عەرەب ٨ی مارسیان پیرۆزکرد

ژنانی ئێزدی و عەرەب بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانی زەحمەتکێشەوە ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ڕێکخست.

لە شەنگال بە پێشەنگایەتیی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی، بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنانی زەحمەتکێش، سەدان ژنی عەرەب و ئێزدی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو شۆڕشی ژنان" ڕێپێوانی جەماوەرییان رێکخست.

ڕێپێوانەکە لە بەرەدەم ئەنجومەنی گەلی سنون دەستیپێکرد و تاوەکو گۆڕەپانی مام زەکی بەردەوام بوو. لە ڕێپێوانەکەدا بە بەردەوامی  دروشمەکانی 'ژن، ژیان، ئازادی' و 'بژی بەرخۆدانی ژنان' و 'بەبێ سەرۆک ژیان نابێت' دەوترانەوە. هەروەها وێنەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵاکانی رێکخراوەکانی ژنان و وێنەی ئەو ژنانە بەرزکرابوونەوە، کە تیرۆر و شەهید کرابوون.

ژنان لە گۆڕەپانی مام زەکی دا وتەیان پێشکەشکرد و سەرەتا ڕەحمە حەجۆ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تاژێ ٨ی مارسی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو ژنانی زەحمەتکێش و دایکانی شەهیدان پیرۆز کرد و وتی: "ماوەی ٥ هەزار ساڵە ئێمەی ژنان سەرکوت دەکرێین و دەچەوسێنرێینەوە و زوڵممان لێدەکرێت. کاتێک دوژمن پلانی بۆ کۆمەڵگایەک هەبێت و بیەوێت کۆمەڵگا لەناوببات، پێش هەموو شتێک پەلاماری ژنان دەدات و ژنان دەکاتە ئامانج. لە مێژووی باوەڕی ئێزدیەکان دا بە بەرخۆدانی ژنان دەناسرێت. لە مێژوودا دەیان ژنی وەک زەریفە ئۆسێ و خاتونا فەخرا و دەیان ژنی دیکە هەبوون، لە ناو کۆمەڵگادا ڕۆڵیان بینیوە، لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سەربازی و سیاسییەوە پێشەنگایەتییان بۆ کۆمەڵگە کردووە، لەبەر ئەوەش هەرکاتێک دوژمن ویستبێتی زیان بە کۆمەڵگەی ئێزدی بگەیەنێت، ژنانی ئێزدیی کردووەتە ئامانج. تاوەکو خۆبەڕێوەبەریی شەنگال بە دەست نەیەت ژن ئازاد نابێت و ژنە دیلکراوەکان لە دەستی چەتەکان ڕزگاریان نابێت، ئێمە بۆ کۆمەڵگای خۆمان تێدەکۆشین".

هەروەها ئەمیرە بە ناوی ئەنجومەنی ژنانی هەرێمی عەرەبەکان، پیرۆزبایی لە بەرخۆدانی ژنانی شەڕڤان و گەریلا کرد و داوای بەهێزکردنی تێکۆشانی کرد بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری عەبدوڵا ئۆجالان.

سارا بۆتان ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی یەکێتیی ژنانی گەنجی شەنگال لەبارەی گرنگیی ڕۆژی ٨ی مارسەوە ڕایگەیاند، بۆ ئێمە هەموو ڕۆژێک ڕۆژی ٨ی مارسە، بۆ ئازادی ژنان هەموو ڕۆژێک لە تێکۆشانداین و وتی، "ئێمە وەک ژنانی گەنجی ئێزدی، بە تووڕەیی و ڕقێکی زۆرەوە، ٨ی مارس لە هەموو ئەو ژنانە پیرۆز دەکەین، کە تا ئێستاش بە دیلی لە دەستی چەتەکان دا و بەڵێنی تۆڵەسەندوەیان دووپات دەکەینەوە.

دوای وتەکان، ڕێپێوانەکە بە وتنەوەی دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' کۆتایی پێهات.

ژ.ت