"لە تەواوی جیهان توندوتیژی دژی ژنان ڕوو لەزیادبوونە"

لە ٦١هەمین ساڵرۆژی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان،، چالاکوانی ژنان ئاماژە بەوە دەکەن کە  لە تەواوی جیهان توندوتیژی دژی ژنان ڕوو لەزیادبوونە.

رۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم لەساڵی ١٩٩٩ەوە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە وەك رۆژی جیهانیی بۆ رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان دیاری كراوە، لەهەرێمی كوردستانیش ساڵانە بۆ ماوەی ١٦ رۆژ هەڵمەتێكی نیشتیمانی رادەگەیەنرێت لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت لەهەڵمەتی هۆشیاركردنەوە و سیمینار و هۆشیاركردنەوەی ژنان لەمافە یاساییەكانیان، كردنەوەی پێشانگا بۆ نیشاندانی ئازار و ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان كراوە لەهەرێمی كوردستان.

مێژووی ئەم رۆژە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٠ کە لەو سالەدا سی خوشكە چالاك لە بواری رامیاریدا تیرۆركران بە فەرمانی (رافائیل تروجیلو) دیكتاتۆری كۆماری دۆمینیكان، ژنانی چالاكوانی مەدەنی بواری مافەكانی ئافرەتان لە ساڵی ١٩٨١ رۆژی ٢٥/١١یان وەك رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدژی ژنان دیاریكرد و پاشان كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی ١٩٩٩ ئەم رۆژەی بە رەسمی ناساند.

هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەدەکات، لە سەردەمی کۆرۆنادا تووندوتیژی دژ بە ژنان زیادیکردووە، بەڵام دەڵێت، ئاماری ئەو تووندوتیژییانە پێش کۆرۆناش مەترسیداربوون، ساڵی رابردوو ١٨%ی ژن و کچان لەئاستی جیهاندا رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی یاخود تووندوتیژیی جەستەیی بوونەتەوە.

زۆربەی توندوتیژی دژی ژنان لەنێو خێزان ڕوودەدات

سەبارەت بە زیادبوونی رێژەی توندوتیژی دژی ژنان لەتەواوی جیهان، سرود ئەحمەد بەرپرسی نووسینگەی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عیراقی(امل عراقي)، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئەگەر بەگشتی باسی توندوتیژی دژی ژنان بکەین ئەوە دەبینین لە تەواوی جیهان توندوتیژی ڕوو لەبەرزبوونەوەیە بە تایبەتی لە ساڵانی ڕابردوو، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا و سەپاندنی کەرەنتینە بەسەر خەڵکی و مانەوەیان لەماڵەوە بۆ ماوەیەکی زۆر وایکرد کە ڕێژەی توندوتیژی خێزانی لەتەواوی جیهان ڕوو لەزیادبوون بکات، زۆربەی کەیسەکانی توندوتیژی لەماڵەوە ماوە و تۆمارنەکراوە، لەئیستاشدا بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە فەرمانگەکانی تایبەت بەو کەیسانە بەتەواوی تواناکانیانەوە کار ناکەن چونکە نیوەی فەرمانبەران کارناکەن لەئیستادا، ئەمەش وایکردووە رێژەی کەیسەکانی کۆڕۆنا کەڵەکە بن و زۆربەی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان لەنێو خێزان ڕوودەدات".

وایکردووە گێچەڵی ئەلیکترۆنی ڕوو لەزیادبوون بکات

سەبارەت بە زۆربوونی رێژەی گێچەڵی ئەلیکترۆنی، سرود ئەحمەد ووتی: " لەئیستادا تەواوی کوڕان و کچان لەقوتابخانە دابڕاون و خوێندیش هەمووی بۆتە ئۆنڵاین و گەنجەکان خاوەنی ئامێری پەیوەندین ئەمەش وایکردووە گێچەڵی ئەلیکترۆنی ڕوو لەزیادبوون بکات لەنیوان گەنجاندا."

پێویستە هاووڵاتیان پەروەردە بکرێن

سەبارەت بە کارکردن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و رێژەی توندوتیژی لە ناوچەکانی عێراق ناوبرا وتی: " دەامودەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق زیاتر بڕوایان بەمافی ژنان هەیە و زیاتر کار دەکەن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی ژنان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەڵام پێویستە بۆ بنبڕکردنی دیارەی توندوتیژی، چارەسەری لەنێوان خێزانەکانەوە دەستپێبکەین چونکە زۆربەی توندوتیژەیەکان دژی ژنان لەنێو خێزانەوە ڕوودات کە پیاوان کاتێک توڕەن و دەچنە ماڵەوە توڕەییەکەیان بە ژنان دەردەخەن، پێویستە هاووڵاتیان پەروەردە بکرێن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوماڵ و کێشەی سەرشەقام نەگوازێتەوە ماڵەوە."

بوونەتە هۆی زۆربوونی گێچەڵ و هەرەشە لەدژی ژنان

هەروەها سەبارەت بەهۆکاری زیادبوونی دیاردەکانی وەکو گێچەڵ دژی ژنان لەسەرشەقام و دامودەزگا حکومییەکان، سرود ئەحمەد ڕایگەیاند: "هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان بەراورد بەناوچەکانی دیکەی عێراق تا ئاستێک توندوتیژی تیدایە بە مەوادیەکی ئاساییەیە، بەڵام لەناوچەکانی دیکە توندوتیژی لەزیادبوونە ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە وەکو نەبوونی ئاسایشی پێویست، نەبوونی ئارامی، لاوازی بازار و  زۆربوونی خەڵکی نامۆ بۆ شارەکان بەهۆی ئاوارە بوونی بەشێکی خەڵکی عیراق، ئەم هۆکارانەش بوونەتە هۆی زۆربوونی گێچەڵ و هەرەشە لەدژی ژنان."

پێویستە رێژەی دابەشکردنی پۆستەکان ژنانیش بگرێتەوە

لەکۆتایدا سەبارەت بە کەمی رێژەی ژنان لە دامودەزگاکان و کاریگەری لەسەر توندوتیژی دژی ژنان ئەو ژنە چالاکوانە ئاماژەی بەو کرد وتی: "لەئیستادا بەربەستێکی زۆر گەورەمان هەیە لە چارەسەرکردنی کێشەی ژنان، ئەویش نەبوونی ئەفسەرانی ژنانە لە دامودەزگا ئەمنیەکان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە بە کێشەی ژنان، پێویستە لەسەر حکومەت ژنان رێژەی زیاتری ژنان دامەزرێنێت بۆنموونە ژناێکی زۆر بەتوانا هەن کە دەتوانن ببنە بەرپرسی دامودەزگاکانی وەکو پەروەردە و تەندروستی و زۆر دەزگای دیکە، لەئیستادا دابەشکردنی پۆستەکان لەنیوان حزب و نەتەوەکان هەن پێویستە رێژەی دابەشکردنی پۆستەکان ژنانیش بگرێتەوە، لە یاسای عێراقدا کۆتای ژنان هەیە بەڵام تەنها بۆ پەرلەمان کار بەم کۆتایا دەکرێت ، ئیمە داواکارین کۆتای ژنان لەدامەزراندنی دامودەزگاکانی حکومەت هەبێت."

بە ئەنجامدانی توندوتیژی خێزانی، پیاوان فشارەکانیان دەردەبڕن

دوونیا ئەنوەرەدین توێژەریکی کۆمەڵایەتیە، سەبارەت بە زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان بەشیویەکی بەرچاو، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: "لە تەواوی ووڵاتانی پێشکەوتوو دەبینین رێژەی توندوتیژی دژی ژنان ڕوو لەکەم بوونە و تائاستێک یەکسانی جەندەری دروستبووە، بەڵام لە وولاتی ئێمەدا رۆژ لەدوای رۆژ رێژەی توندوتیژی دژی ژنان بەرەو زیادبوون هەنگاودەنێت، هۆکارەکانیش بۆ دۆخی وولات دەگەڕیتەوە کە لەدواین دۆخیشدا بەتای کۆڕۆنا بوو کە وایکردوو پیاوان زیاتر لەماڵەوە بن و فشار و کێشەکانیان لەڕێگەی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی خێزانەکانیان دەرببڕن ئەمەش ڕێژەی توندوتیژی لەتەواوی جیهان دژ بەژنان زیاد کرد، تائیستاش خەڵکی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە دۆخی پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا."

بەهۆی زالبوونی نەرێتە کۆمەڵایەتیەکان، ژنان ناتوانن ئازادی تەواو وەربگرن

سەبارەت کاریگەری نەرێنی نەریتی کۆمەڵایەتی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان، ئەو توێژەری کۆمەڵایەتیە ڕایگەیاند: " لە ووڵاتی ئێمەدا دابونەریەتی کۆمەڵایەتی زۆر زاڵە بەسەر کۆمەڵگادا کە ئەوەش وایکردووە هۆشیارکردنی کۆمەڵگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان جێگای قەبووڵ کردن نەبێ، تا ئیستا نەتوانراوە لەم کۆمەلگایە ئازادی تەواو بدرێت بە ژنان بەهۆی زالبوونی نەرێتە کۆمەڵایەتیەکان."

توندوتیژی دژی ژنان تەنها لێدان نیە، بەڵکو جۆری زۆرە

لەکۆتایدا وونیا ئەنوەرەدین توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە چۆنیەتی ڕێگری لە زیادبوونی رێژەی توندوتیژی دژی ژنان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " ئێمە وەکو توێژەری کۆمەڵایەتی هەوڵمانداوە لە رێگەی پێشکەش کردنی سیمینارەوە ژنان هۆشیار بکەینەوە تا مافەکانیان بزانن و بزانن کە چەند جۆر توندوتیژی هەیە لەسەر ژنان و توندوتیژی دژی ژنان تەنها لێدان نیە، کاتێک ژنان مافەکانی خۆیان دەزانن ئەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر کەم کردنەوەی رێژەی توندوتیژی دژی ژنان."

ژ.ت