لە زیندانی ئێڤینەوە ٧ ژنە زیندانی نامەیەکیان بڵاوکردەوە

حەوت ژنە زیندانی سیاسی لە زیندانی ئێڤینی تارانەوە، نامەیەکیان بڵاوکردەوە و سەرنجیان بۆ سەر چالاکوانانی ژینگەپارێز، زیندانی سیاسی کورد زەینەب جەلالیان و ئەو ژنانەی دیکە کردووە کە بۆ ماوەی چەندین مانگ رووبەڕووی ئەشکەنجەی دژواری جەستەیی بوونەوە.

هەریەك لە نێرگس محەمەدی، سپیدە قولیان، عالیە موتەلیب زادە، هەستی ئەمیری، نوشین جەعفەری، بەهارە هیدایەت و ڕەها عەسگەری زادە، کە حەوت ژنە زیندانی سیاسین لە زیندانی ئێڤینی تاران، لە نامەیەكی كراوەدا داوایان لە ڕایگشتی كردووە، لە دژی جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدانی خۆپیشاندەران هەڵوێست بگرنەبەر و بێدەنگ نەبن، لە نامەکەدا هەروەها باس لە دۆخی زەینەب جەلالیان ژنە زیندانی سیاسی کەردیش کراوە.

لەو نامەیەدا، جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدان، وەك زەقترین نموونەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران ناوبراوە و هاوكات ئەوەش خراوەتەڕوو، بەشێك لە ژنە زیندانییە سیاسییەكان بەردەوام بە سەپاندن و جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدان هەڕەشەیان لێدەكرێت.

ئەو حەوت ژنە زیندانییە سیاسییە، ئاماژەیان بە دۆسیەكانی هەریەك لە “سپیدە كاشانی” و “نیلوفەر بیانی” كردووە، كە جیا لە ئەشكەنجە و ئازاردان و ڕاگرتن لە ژوری تاكەكە كەسی بۆماوەی زۆر، چەندین جار هەڕەشەی لەسێدارەدانیان لێكراوە.

باسیان لەوەشكردووە، بۆ ناچاركردنی هەندێك لە ژنە زیندانییە سیاسیەكان بە دانپێدانان، دیمەنی چۆنێتی لەسێدارەدانیان لە ناو ژوورە تاكەكەسییەكان نیشانداون.

هاوكات ئاماژە بە “مریەم حاج حسێنی”، “مەهوەش شەهریاری” و “فەریبا كەمال ئابادی”، كە هەرسێكیان چەندین جار هەوڵدراوە تۆمەتی “خراپەكاری لەسەر زەویی”یان بەسەردا بسەپێندرێت و بەردەوامیش بە لەسێدارەدان هەڕەشەیان لێدەكرێت.

لەنامەكەدا ئاماژە بە ژنە زیندانی سیاسی كورد، “زەینەب جەلالیان”یش كراوە، كە هەوڵێكی زۆر درابوو لە ژێر ئەشكەنجەی دژواردا تۆمەتی “بەشداری لە چالاكی چەكداری” بەسەردا ساغ بكرێتە، بەڵام ئەو ژنە كوردە خۆڕاگری كردووە و نەچووەتە ژێرباری دانپێدانانی زۆرەملێ لەو جۆرە.

هەروەها باسی ژنە شۆڕشگێڕی کورد شیرین عەلەمهولی کراوە کە لە ساڵی ٢٠١٠دا لە سێدارەدرا.

ئەو حەوت ژنە زیندانییە سیاسییە، لە كۆتایی نامەكەیاندا وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی و بێزاری خۆیان بەرامبەر بە سەپاندن و جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان و هەڕەشەكردن لە زیندانیان بەو سزایە، داوایان كردووە ڕایگشتی بەرامبەر بە جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان بە سەر خۆپیشاندەرە دەستگیركراوەكان كەمتەرخەم و بێهەڵوێست نەبن.

هـ . ب