له‌ باشور له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگدا ٦٠ ژن كۆتاییان به‌ ژیانی خۆیان هێناوه‌

رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان رایگه‌یاند، كه‌ له‌ باشوری كوردستان له‌ ماوه‌ی ٦ مانگی رابردوودا ٦٠ ژن كۆتاییان به‌ ژیانی خۆیان هێناوه‌ و ٢٢ ژنیش كوژراون.

رێكخراوی هاریكاریی یاسایی له‌ ژنان له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وایدا راپۆرتی شه‌ش مانگه‌ی خۆی له‌ باره‌ی تونوتیژی دژی ژنان ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند كه‌ له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردوودا توندوتیژی هه‌ڵكشاوه‌ و زیادی كردووه‌. 

رێكخراوی هاریكاریی یاسایی ژنان رایگه‌یاند، كه‌ به‌ پێی داتاكانی به‌رده‌ستیان له‌ ماوه‌ی ٦ مانگی رابردوودا ٢٩ ژن خۆیان سوتاندووه‌، ٣١ ژنیش كۆتاییان به‌ ژیانی خۆیان هێناوه‌ و ٢٢ ژنیش به‌ پاساوی جیاجیا كوژراون. رێكخراوی هاریكاریی یاسایی ژنان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كوشتنی ژنان داوای له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد به‌رپرسیارێتی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن و هاوكاری جدییان بۆ دۆسیه‌كانی ژنان هه‌بێت.

به‌پێی راپۆرتی ساڵی ٢٠٢١ له‌ دادگاكانی سلێمانی هیچ كێشه‌یه‌كی ژنان چاره‌سه‌ر نه‌كراون. به‌ڵام به‌پێی ئاماری رێكخراوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان له‌ ساڵی ٢٠٢١ دا له‌ سلێمانی ٤٠ ژن كوژرابوون و ٦٢ ژنیش كۆتاییان به‌ ژیانیان هێناوه‌.

رێكخراوی هاریكاریی یاسایی ژنان ئاشكرای كرد كه‌ ماوه‌ی لێپرسینه‌وه‌ زۆر ده‌خایه‌نێت و له‌به‌ر ئه‌وه‌ دۆسیه‌كان دواده‌خرێت، هه‌ربۆیه‌ داوای كرد كه‌ بۆ ئه‌و دۆسیانه‌ دادگایه‌كی تایبه‌ت دابمه‌زرێت.

هـ . ب