لەسەر تۆمەتێکی تر سزایەکی تری زیندانیکردن بەسەر توغڵوکی بە بارمتە گیراودا سەپێنرا

ئایسەل توغڵوک پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، کە لە ئێستادا لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە بە بارمتە گیراوە، لەسەر یەکێک لە تۆمەتەکان بە ساڵێک و ٨ مانگ زیندانی سزادرا.

ئایسل توغڵوک پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، لە زینداندا بە شێوەی داخراو سزا دەدرێت. توغڵوک بە تۆمەتی ئەوەی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣دا دوو جار "پڕوپاگەندەی بۆ ڕێکخستن" کردووە لەلایەن داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورکەوە سکاڵای لە دژ تۆمار کرابوو.

دانیشتن لەبارەی دۆسیەی دژ بە توغڵوک لە چوارەمین دادگای سزا قورسەکانی وان بەڕێوەچوو. توغلوک، کە ئێستا بە تۆمەتێکی دیکە لە زیندانی ژنانی کاندیرا زیندانیکراوە، لە ڕێگەی سیستمی دەنگ و ڤیدیۆ (SEGBIS) بەشداریی دانیشتنەکەى دادگا بوو.

توغلوک بەرگریی لەخۆی کرد و ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە، کە رووبەڕووی کرابوونەوە.

لە کۆتایی دانیشتنەکەى دادگای دەوڵەتی تورک دا، ئەو دادگایە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەکردن بۆ ڕێکخستن" سزای ساڵێک و ٨ مانگ زیندانیی بەسەر ئایسەڵ توغڵوک دا سەپاند.

ژ.ت