"پێویستە لە تەواوی عێراق دیالۆگی نێوان پێکهاتەکان ئەنجام بدرێت"

چالاکوانێکی بواری نزیککردنەوەی نێوان ئاینەکان و پێکهاتەکان، بەگرنگی دەزانێت لە تەواوی عێراق دیالۆگ و کۆنگرەی ئاشتەوایی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق ئەنجام بدرێت.

هەفتەیەک لەمەوبەر لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق، بەبەشداری زیاتر لە سەد کەسایەتیی جیاواز لە سەرانسەری عێراقەوە، کۆنگرەی "بەرەو دیالۆگێکی عەرەبی - کوردیی سەرکەوتوو" بەرێوەچوو. کۆنگرەکە لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی گەلان و کۆمەڵگای دیموکراتیک سازکرا.

کۆنگرەی "بەرەو دیالۆگێکی عەرەبی-کوردیی سەرکەوتوو" بەدەستپێشخەریی ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراتی و هاوکاریی هەریەک لە کۆمەڵەی ئازادیی بۆ کوردانی فەیلی عێراق، دەزگای ستاندار، ڕێکخراوی مرۆیی ڕۆڵەکانی شەنگال و کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا، لە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق بەرێوەچوو، هەروەهالە کۆنگرەەکەدا زیاتر لە سەد میوان لە کەسانی ئەکادیمیسیان، ڕۆشنبیر، نوسەر، کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، لە هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب و سەرجەم  پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکانی عێراقەوە، بەشدارییان کردبوو.

یەکێک لەو چالاکوان و رۆشنبیرانەی کە بەشداری کۆنگرەکەی کردبوو، هادی نایف موحسن ئەلزبیدی چالاکوان لەبواری مافی مرۆڤ و نزیککردنەوەی نێوان ئاینەکان بوو، وەکو شارەزایەکی بواری نزیککردنەوەی نێوان ئاینەکان و پێکاتەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

پێویستە ئەم جۆرە دیالۆگانە تەواو عێراق بگرێتەوە

هادی نایف موحسن ئەلزبیدی چالاکوان، سەبارەت بە گرنگی ئەنجامدانی دیالۆگی ئاشتی نێوان پێکهاتەکان لەسەرتاسەری عێراق، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "سوپاسی لایەنی ڕێکخەری ئەم کۆنگرەی دیالۆگە دەکەین، کە هەستاون بە ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی دیالۆگ بۆ ئاشتی نێوان نەتەوەکان، ئێمە هەمیشە پێویستمان بەو جۆر دیالۆگانە هەیە، پێویستە ئەم جۆرە دیالۆگانە تەواو عێراق بگرێتەوە، لەباکورە تا باشوری ووڵات، وە پێویستە دیالۆگی نێوان گەلان لە تەواوی سیستەمی پەروەرەدی منداڵان جێگیربکرێت بۆ چەسپاندنی زیاتری ئاشتی لەنێوان تەواوی پێکهاتەکانی عێراق کە هەموویان مایەی شانازین بۆ ئێمە."

لایەنی دەرەکی هەن هەوڵدەدەن پێکەوەژیان نێوان نەتەوەکان تێکبدەن

هەروەها ئەو چالاکوانە سەبارەت بەو لایەنانەی هەوڵی تێکدانی پێکەوەژیان دەدەن لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقەدا وتی: "لەعێراقدا هەناسەیەکی مەزهەبی هەیە، و لایەنی دەرەکیش هەن کە هەوڵدەدەن پێکەوەژیان و پەیوەندیی نێوان کورد و عەرەب تێکبدەن، پێویستمان بە ئاشتیی نێوان پێکهاتەکان هەیە لەسەر بنەمای ڕیزگرتنی یەکتر، ڕێگاچارەش بۆ چەسپاندنی ئاشتی دەکرێت لەرێگەی پرۆگرامی خوێندن لە قۆناغەکانی سەرەتای سیستەمی پەروەردە جێبەجێ بکرێت، لە عێراقدا تەواوی پێکهاتەکان جێگایان دەبێتەوە."

دەبێت کێشەى کچە ئێزدییە رفێندراوەکان چارەسەر بکرێت

هەروەها سەبارەت بە ڕفاندنی کچانی ئێزدی، ئەو چالاکوانەی مافی مرۆڤ و نزیککردنەوەی نێوان ئاینەکان وتی: " لەم کۆنفرانسەدا باس لە ستەملێکراوی ژنانی شاری ڕەقەی سوریا کراوە، بەڵام ئێمە دەبیت لەبیری نەکەین تا ئیستا ٢٩٠٠ ژنی ئێزدی ڕفێندراون و بێ چارەنووسن و پێویستە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، بۆیە سەرەتا دەبیت خۆمان چاک بکەینەوە و پاشان ڕوو لەچارەسەرکردنی کێشەی ووڵاتانی دیکە بکەین."

بەتەواوی پێکهاتەکانەوە یەک چەپە گوڵین

لەکۆتایدا هادی نایف موحسن ئەلزبیدی چالاکوان لەبواری مافی مرۆڤ و نزیککردنەوەی نێوان ئاینەکان پەیامێکی نارد بۆ تەواوی پێکاتەکانی عێراق و وتی: سڵاوێکی گەرمیش ئاراستەی هەموو پێکاتەکانی عێراق دەکەم و تەواوی پێکهاتەکانی (کورد، عەرەب، تورکمان، کرستیانی، ئێزدی و سائبی) جێگای شانازین و ئێمە بەتەواوی پێکهاتەکانەوە یەک چەپە گوڵین پێکەوە."

ژ.ت