سێ ژنی کورد خۆیان بۆ پەرلەمانی فینلەندا کاندید کردووە

سبەی یەکشەممە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند بەڕێوەدەچێت، لەنێو دوو هەزار و ٢٤ کاندید لە ١١ ناوەندی هەڵبژاردن سێ ژنی کورد کێبڕكێ بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەکەن.

یەکەمجارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند سێ کاندیدی کورد هەبێت و لەهەمان کاتدا هەرسێکیان ژن بن، هەروەها لە سێ پارت و بازنەیەکی هەڵبژاردنی جیاوازن.

شیرین نامیق، تەمەن ٤٠ ساڵ، لەدایکبووی شاری کەرکووکە، لە ساڵانی نەوەدەکانەوە چووەتە فینلاند و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە ڕۆژنامەوانیدا، وەک ژینگە پارێز و دیپلۆماتکاری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەنگاریا کاریکردووە، ئێستاش بە ژمارە ١٢ کاندیدی پارتی سەوزە.

گەشاو بیبانی، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٧ی شاری کەرکوکە، زانکۆی لە بواری گەشەپێدانی تەندروستی تەواوکردووە و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بەشدار بووە و ئەندامی لیژنەی پەروەردەی شارەکە بووە، ئێستا بە ژمارە ٩٠ کاندیدی پارتی چەپەکانە.

شەیدا سوهرابی تەمەن ٣٢ ساڵ، لە سەرپێلی زەهاو لەدایکبووە، ساڵی ١٩٩٦ لەگەڵ خێزانەکەی وەک پەنابەر چوونەتە فینلاند، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستە سیاسییەکان و جێگری ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی هێڵسنکییە.    

ئێستا بە ژمارە ١٥٠ کاندیدی هاوپەیمانیی نیشتمانیی فینلەندایە بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە لە بازنەی هێڵسنکی، هاوپەیمانیی نیشتمانیی فینلاند، لە پێنج پارت پێکهاتووە و سەرۆکی هەر پێنج پارتەکەش ژنن.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی ٢٠ هەزار کورد لە فینلاند دەژین و نزیکەی هەشت هەزار کورد مافی دەنگدانیان هەیە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی رابردوو ١١ هەزار كورد لە فینلاند دەژیان و تەنیا چوار هەزار و ٥٠٠ كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، هەروەها حەوت كوردیش خۆیان بۆ پەرلەمان بەربژێرکرد بوو.

ف.ق