شەڕی ئەمریکا و چین لەسەر رووباری میکۆنگ

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین لەسەر رووباری میکۆنگ لە شەڕێکی ستراتیژیدان. ژیانی ٧٠ ملیۆن کەس بەندە بەو رووبارەوە، کە درێژییەکەى ٤ هەزار و ٣٢٠ کیلۆمەترە و بە ٦ وڵاتدا تێدەپەڕێت.

رووباری میکۆنگ بە وڵاتانی چین، بورما، تایلاند، لائۆس، کامبودیا و ڤیتنامدا تێدەپەرێت و سەرچاوەیەکی گرنگ و دەوڵەمەندی سروشتییە بۆ ئەو وڵاتانە، بەڵام هاوکات بەهۆی گۆڕینی کەش و هەوا و هەروەها بەهۆی دروستکردنی ژمارەیەک بەنداوی کاری ئاوی لەسەر رووبارەکە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەمەندی و ژینگەى رووباری میکۆنگ دروستبووە.

بەپێی راپۆرتێکی رادیۆ و تەلەفزیۆنی سویسرا (RTS) ژنە ماسیگرێک لە گوندێکی تایلاند رایگەیاندووە، "ئێستا ئاوی رووبارەکە ٣ مەتر کەمیکردووە و تەوژمەکەى نائاساییە. ئەوەش کاریگەریی خراپی لەسەر کۆچ و گەرادانانی ماسییەکان دروستکردووە و نازانن لە کوێ ئارام بگرن و گەرا دابنێن، ئێمەش نازانین ئیدی دەبێت لە کوێ بیاندۆزینەوە".

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن مانگە دەستکردەکانی سەر بە ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە نێوان مانگی نیسان و ئەیلول دا چین دەستیکردبوو بە گلدانەوەى ئاوی رووبارەکە بۆ پڕکردنی بەنداوەکانی.

لە وڵاتانی خوار رووباری میکۆنگ-ەوە بە رێژەیەکى زۆر وشکەساڵی روویداوە. بەو هۆیەوە دروستکردنی بەنداوەکانی چین لەسەر ئەو رووبارە لە ئاستی جیهاندا دەنگدانەوە و ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتووەتەوە.

چەند هەفتە دوای بڵاوکردنەوەى دیمەنی مانگە دەستکردەکانی سەر بە ئەمریکا، چین راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەى وشکەساڵی لەو وڵاتانەدا"، بەڵام ئەو راپۆرتەى چین گرنگیی پێنەدرا.

لە دۆخی ئێستادا چەندین رێکخراوی مەدەنی و ژینگەیی، کە کار بۆ پارێزگاریکردن لە میکۆنگ دەکەن بە پارە و پشتیوانیی ئەمریکا کارەکانیان رادەپەڕێنن. ئەو کۆمیتەیە، کە ئێستا بۆ ئەو رووبارە خراوەتە کار لەلایەن رێکخراوێکی ئەمریکییەوە جوڵێنراون. پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی چین لە ساڵی ٢٠١٦دا لە رێگەى کۆمیتەى لانکانگ – میکۆنگ ەوە پلانەکان و میکانیزمی خۆی لەبارەی رووباری میکۆنگەوە خستبووەڕوو.

رووباری میکۆنگ لە شەڕی ڤێتنامەوە گرنگیی زۆری وەرگرتووە بۆ ستراتیژیی ئەمریکا ئاسیا. ئەمریکییەکان لە رێگەى هەزار کۆمپانیاوە سەرمایەگوزارییەکی زۆریان لەسەر ئەو رووبارە و دەورووبەری کردووە.

ژ.ت