'ئەگەر مامۆستایانی زیندانی ئازاد نەكرێن، نارەزایەتی گشتی رێكبخرێت'

ئەنجوومەنی هاوكاری سەندیكا پیشەیی و كەلتوری لەئێران راگەیەندراوێكیان بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە و رایانگەیاند؛ ئەگەر لەرۆژانی داهاتوودا مامۆستایان دەستبەسەركراو ئازاد نەكرێن، گردبوونەوەی ناڕەزایەتی گشتی بەرێوە دەبەین.

رۆژی شەممە، ٧ی گۆڵانی ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی هاوكاری سەندیكا پیشەیی و كەلتوریەكانی ئێران لەراگەیەندراوێكدا كە بۆ رای گشتی بڵاوكراوەتەوە رایانگەیاندوە؛ ئەگەر مامۆستا دەستبەسەركراوەكان ئازاد نەكرێن، رۆژی پێنج شەممە، ١٢ی گۆڵان بانگەوازی بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی گشتی لەئێراندا دەكەن.

ئەنجوومەنەكەی لەراگەیەندراوەكەیدا دەڵێت:"دەسەڵاتداران لەسەرتاسەری ئێران، بەبانگهێشتكردن و دۆسیەكردنەوە لەدژی چالاكڤانانی پیشەی مامۆستایان نیشانیاندا كە گرنگی پلەی مامۆستا كە بەساڵانە لەسەری زمانیانە، تەنیا"خەیاڵ و درۆ"یەك بووە.

ئەنجوومەنی هاوكاری سەندیكای پیشەیی كەلتوری ئێران لەبەردەوامی راگەیەندراوەكەیدا ئاماژە بەبەشی حەوتەم لەیاسای بنەڕەتی"خاڵی سێیەم" لەسەر"ئاسایشی ئازادیە سیاسی و كۆمەڵایەتی"یەكان دەكات و دەڵێت، هەر سێ دامەزراوەی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێ كردن هیچ پابەندبوونێكی یاسایی لەكردەوەدا پێكنایەنن و بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆیان چاویان لەئاست"رفاندنی مامۆستاكان لەم ماوەیەی دوایی و هەڵسوكەوتە نابەجێیەكانی بن پێ كردنی یاسا و نا دیموكراتیك"، لایەن دەزگاكانی دادوەری و دامەزراوەكانی خوارەوەی خۆی نووقاندوە.

چۆن چۆنیە كە لەپەیڕەو و پرۆگرامەكەتاندا"كۆبوونەوە و گردبوونەوە بۆ پاراستن لەمافی كەسانی نە ئێرانی رەوا، رێگەپێدراو و تەنانەت وەكو ئەركێك دەبیندرێت، بەڵام كاتێك نۆرە دەگاتە پاراستنی مافی مامۆستایان و خوێندكارانی ئێرانی كە ئەمەش مافێكی كۆمەڵایەتی و یاساییە، لەچوارچێوەی دەستی دەرەكی و ئامرازێك بۆ خراپەكاری لەسیستەمی ژیانی گشتی، هەڵخەڵەتاندن، پرۆپاگەندە و دژایەتی دژ بەرژێم و دژایەتی لەگەڵ ئاسایشی نەتەویی، پێناسەی بۆ دەكرێت؟

لەبەردەوامی راگەیەندراوەكەیاندا، ئەنجوومەنی هاوكاری سەندیكا پیشەیی و كەلتوری، سەرەڕای پێداگری و جەختكردنەوە لەسەر داواكاریە خزمەتگۆزاری و كەلتوریەكانی مامۆستایان و خوێندكاران، دەستبەسەركردن و بانگهێشتكردنە لەهەژمار  نەهاتووەكان لەماوەی رۆژانی رابردوودا و هەڵسوكەوتی بێ رێزانەیان، ئەوانیان بەتوندترین شێوەی ریسوا كردوە و رایانگەیاندوە؛ ئەگەر ئەو مامۆستایانەی لەم رۆژانەی دواییدا دەستبەسەركراون ئازاد نەكرێن، لەبەرامبەر بەم هەڵسوكەوتە نامرۆڤیی و دژە كۆمەڵایەتی و گەل، لە رۆژی ١٢ی گۆڵاندا بەشێوەیەكی جەماوەری لەسەر ئاستی هەموو ئێران چالاكی گردبوونەوە و كۆبوونەوە رێكدەخەین. چالاكیەكانیش لەچوارچێوەی تایبەت بە پاراستنی مامۆستایان دەستبەسەركراو و نەبوونی پلەبەندی و هاوتاكردنی مافی و ئیمتیازاتی بازنشستەكان و بەپارەكردنی خوێندن دەبێت.

لەناڕەزایەتیەكانی ئەمدواییەی مامۆستایان و خوێندكاران و بازنشتگان"تەقاویدبوو" و كارمەندان كە لەرۆژی یەكشەممە، یەكی گۆڵان بەرێوەچوو، هێزە ئەمنیەكان دەستیان بەهەڕەشە و گرتنی مامۆستیان كرد كەبەگوێرەی زانیاریە بڵاوكراوەكان نزیكەی ٦٠ كەس دەستبەسەركراون.

لەم چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ یەكشەممە، 8یت گۆڵان مامۆستایانی خوێندنگاكانی مەریوان و سنە لەپشتیوانی لەدژی دەستگیركردنی مامۆستایان و بێ رێزیكردن پێیان گردبوونەوەی ناڕەزایەتی رێكدەخەن و داوای دەستبەجێ ئازاد كردنیان دەكەن و بڕیارە رۆژی دووشەممە لەم چوارچێوەیەدا گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دیكە پێكبێن.

ف.ق