یەکەمین پێشبڕکێی ئەدەبی ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە دەڤەری ڕاپەڕین کۆتایی پێهات

ژنانی گەنجی تێکۆشەر بە دروشمی "نا بۆ چارەنووسی نوسراو" پێشبڕکێیەکی ئەدەبیان بۆ بابەتەکانی وتار و چیرۆک و هەڵبەست لە مانگی تشرینی دووەم دەستی پێکرد، بە بەشداری ٢٣ ژنی گەنج لە بناری قەندیل و قەڵادزێ و ڕانیە و لە ١ی کانونی یەکەم کۆتایی پێهات.

یەکەمین پێشبڕکێی ئەدەبی ژنانی گەنجی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیە و بە ئامادەبوونی ژنانی گەنج و خێزانی شەهیدان و خەڵکی ناوچەکە کۆتایی پێهات، مەراسیمێک سازکرا بۆ کۆتایی هاتنی پێشبڕکێکە.

مەراسیمەکە بە دەقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دیلان لوقمان بەناوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر وتارێکی پێشکەش کرد و وتی:" ئێمە لە بەردەم ئەو چارەنووسەی کە کۆمەڵگە و سیستەم بۆ ژنانی گەنجی دیاری کردووە دەڵێین نا، ئەم پێشبڕکێیەی ئێمە بەشێکە لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و ژن. ئێمە ئەم پێشبڕکێیەمان بۆ بەبیرهێنانەوەی شەهیدانی ژنی دەڤەری ڕاپەڕین ڕێکخست، لەبەر ئەوەی شەهیدان بەرامبەر ئەو چارەنووسەی بۆیان دیاری کرا وتیان نا و راستی ژنیان نیشانی ئێمەدا. هەموو نووسینێکی ئەدەبی چیرۆک و شیعر و وتار بۆ دەرخستنی توانای ژنانی گەنجی هەرێمەکەیە و بۆ ئەوەیە هەنگاوێک بێت بۆ پێشەوە ."

دوای قسەکانی دیلان لوقمان، لەسەر ناوی کۆمیتەی ئامادەکار، مامۆستا سازان خەلیفە قسەی کرد و باسی گرنگی ڕۆڵی ژنی گەنجی لە بواری ئەدەبدا کرد و وتی، بۆ پشتگیری لە بیرۆکە و توانای نوێ زۆر گرنگە لەم ڕێگایەوە کار بۆ هێنانە پێشەوەی ژنانی گەنج بکرێت.

دواتر سەرجەم بەژداربوان هەڵبەست و چیرۆک و وتارەکانیان بۆ ئامادەبوان و لیژنەی پێشبڕکێ خوێندەوە، پاش دەستنیشان کردنی یەکەم و دووەمەکان، لەلایەن دایکی شەهیدانەوە خەڵاتیان بەسەردا دابەشکرا.

لە بەشی چیرۆک، نەوار کاوە ئەحمەد پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و سارا حوسێن پلەی دووەمی بەدەست هێنا.

لە بەشی وتاردا، ئەژین عەبدووڵا یەکەمی بەدەستهێنا و ژیلوان زیادیش پلەی دووەم. لە بەشی شیعریشدا زارا ئەحمەد جاف بووە یەکەم و ئەلین محەمەد پلەی دووەمی بەدەستهێنا. لە لایەن کۆمیتەی ئامادەکارەوە سوپاسنامە پێشکەشی هەموو بەژداربووان کرا.

دوای دابەشکردنی خەڵاتەکان، کورتە ڤیدیۆیەک لەسەر شەهیدانی ژنی دەڤەری ڕاپەڕین نمایش کرا و مەراسیمەکە کۆتایی پێهات.

ز.ش