'ژنان باس لە فەلسەفەی ژیان دەکەن کە ئەوەش فەلسەفەی مردن رەتدەکاتەوە'

رۆژنامەوان ماریا حسێن پەناهی رایگەیاند، کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی شۆڕشێکی رۆژانە یاخود کاتی نییە. ئەوە شۆڕشێکی هزرییە و دەبێت بەردەوام بێت.

لە بەرنامەی لاپەڕەی رادیۆ گەلدا کە دوێنێ بڵاوکرایەوە، ئەندامی راگەیاندنی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان ماریا حسێن پەناهی سەرنجی راکێشا بۆ سەر مامەڵەکردنی کۆمەڵگا و ئەو گۆڕانکارییەی کە شۆڕشی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هێناویەتە ئاراوە و وتی، " لە سەر کێلی گۆڕی ژینا ئەمینی نوسراوە 'ژینا گیان تۆ نامری، ناوت دەبێتە رەمز'. باس لە نەمری دەکرێت. کۆمەڵگا بڕوای بەمردن نییە، بڕوایان بە ژیان هەیە. لەبەرامبەر ئەو شەهیدبوونانەی کە روودەدەن، بە سەربەرزیەوە بە بێ ئەوەی بیشارنەوە یان لە رژێم بترسن، بە سەما و بە دروشم شەهیدان بەڕێدەکەن. گۆڕستانیان کردووەتە شوێنی شایی".

حسێن پەناهی، باسی لە بەرخودانی مێژوویی گەلی کورد لە رۆژهەڵات کرد و وتی، "کوردستان و کورد بە پێشەنگایەتی خۆیان، بە ئیرادەبوون، بە ئامانجی کۆمەڵگایەکی ئازاد بەردەوام لە دژی دەسەڵاتداری وەستاونەتەوە و رەتیان کردووەتەوە. ئەو کاتەی کە شۆڕشی گەلان لە ١٩٧٩دا بەئەنجام گەیشت و خومەینی فەرمانی جیهادی لە دژی کوردستان دەرکرد و بە سەربازەکانی خۆی وت کە 'نابێت پۆتین و پۆستاڵەکانتان دابنێن تاکوردستان داگیرنەکەن'، کوردان بە بەرخودانی خۆیان بە دەسەڵاتدارانیان نیشاندابوو کە هەتا ستەم بمێنێت ئەوانیش دەسەڵات قەبوڵ ناکەن و هەتا هەتایە دژی دەوەستنەوە".

حسێن پەناهی سەرنجی راکێشا بۆ سەر کۆچە بەناوبانگەکەی مەریوان ولە کەسایەتی دایە تەڵادا باسی نەریتی پێشەنگایەتی ژنان دەکات و بەم جۆرە درێژەی پێدا: "کاتێک گەل لە مەریوان هاتە دەرەوە و کەسی تیانەما کە سوپا دەسەڵاتداری خۆی بەسەردا بسەپێنێت، هەربۆیە بە ناچاری چون بەدوای گەل و کاک فواددا. بە گەلیان وت ئێوە لەم چۆڵەوانیە لە برساندا دەمرن، ئەگەر نەگەڕێنەوە بۆ مەریوان. لەوێ ژنێک بە ناوی دایە تەڵا وەڵامی دایەوە و گەڵای داری بەدەستەوە گرت و وتی، ' من ئامادەم ئەو گەڵایانە بخۆم، بەڵام لە ژێر داگیرکەریدا نەژیم".

'خاوەنداری لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە رووخاندنی سیستمی ئیمڕاڵی دەستەبەردەبێت'

ماریا حسێن پەناهی دەستنیشانی کرد کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پەیوەستە بە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەر وەها وتی: "رێبەر ئاپۆ لە دژی سیستمی جیهانی هەڵوێستی نیشانداوە. سیستمی دەسەڵاتداری ویستی کە ئیرادەی رێبەر ئاپۆ بشکێنێنێت، بەڵام رێبەر ئاپۆ قەبوڵی نەکرد و تێکۆشا. ئەو تێکۆشانەی لە خۆیدا سنووردار نەکرد، کردیەی موڵکی گشتی. ئەو شۆڕشەی لە باکور دەستی پێکرد دەنگی دایەوە و هەمووان خۆیانی تێدا دەبیننەوە".

هـ . ب