تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و رووناکبیران لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کوردی دا

تیرۆکردنی ڕووناکبیران و ڕۆژنامەنووسان لە مێژووی دەسەڵاتی کوردی دا مێژوویەکی دێرینى هەیە. لە سەردەمی دەسەڵاتی شێخ مەحمودەوە تیرۆری ڕوناکبیر و ڕۆژنامەنووسان دەستی پێکردووە.

بە بۆنەى ساڵیادی تێرۆرکردنى رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان لاپەڕەکانى تیرۆرکردنى رووناکبیران و رۆژنامەنووسان لە ژێر سایەى دەسەڵاتى کوردیدا هەڵدەدەینەوە.

٩ ساڵ بەسەر تیرۆکردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دا تێپەڕی، کە لە ڕۆژی ٤ی ئایاری ساڵی ٢٠١٠ لەبەردەم کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین ڕفێندرا و ڕۆژی دواتر تەرمەکەی لە موسڵ بە تیرۆرکراوی دۆزرایەوە.

جەمال عیرفان

جەمال عیرفان کوڕی عەبدوڵا عیرفانی کوڕی مەلا ڕەسولی کاژاوییە. لە ساڵی ۱۸۸۱ لە گەڕەکی کانی ئاسکان لە سلێمانی لە دایکبووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی سەربازی، دواتر کۆلێژی سەربازیی لە ئەستەنبۆڵ تەواوکردوە.

لە ١٩٩٢١و کاتێک حکومەتی دووەمی شێخ مەحمود دروست دەبێت لە سلێمانی، ململانێیەکی زۆر لەنێوان ڕووناکبیر و ئاغا و شێخ و مەلاکاندا دروست دەبێت، کە زۆربەیان دەستوپێوەندی شێخ مەحمودی بوون. ئەوانە بەردەوام دژایەتیی خوێندەوار و ڕۆشنبیرەکانی ئەو سەردەمەیان دەکرد. بە وتەى مێژوونووس تۆفیق وەھبی، شێخ و مەلاکان لیستێکیان دروستکردبوو کە تۆفیق وەھبیشی تێدابووە، ناویان نابوون (فەرمەسۆن) یان بۆینباخ لەملەکان، وەک کەسانی بێدین سەیردەکران.

جەمال عیرفان کەسێکى ئەکادیمى و رووناکبیر و بە ئەزموون بوو و چەندین شاری گەورەى دونیاى ئەو سەردەمی بینبیوو خەمى پێشکەوتنى کۆمەڵگەى کوردستان و بە دامەزاروەیکردنى دام و دەزگاکانى حکومەتى لەو سەردەمەدا هەبوو. هەموو ئەوانە وایانکردبوو لە رۆژنامەکانى ئەو سەردەمەدا بابەتى دەنووسی و باسی لە پێشکەوتنخوازی دەکرد.

لەبارەی ڕۆژی تیرۆری جەمال عیرفانەوە، لە ژمارە ٥ی ڕۆژنامەی "رۆژی کوردستان"ی ڕۆژی ٢ی کانونی دووەمی ١٩٢٣ / ١١ی بەفرانبار نووسراوە "زیاعێکی گەورە: لە ئەزکیا و مونەوەرانی وەتەن عیرفان زادە جەمال بەگ، شەوی چوارشەممەی ڕابردوو ١٢ لەسەر ١٣ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢٢، لەتەرەف ئەشخاسی مەجهوولەوە دەست رێژی لێ کراو و دوو گوللە ئیسابەتی کرد، پاش سێ سعات وەفاتی کرد".

 لەو بارودۆخە پڕ لە ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتیەدا جەمال عیرفان لەماڵەکەی خۆیدا تیرۆر کرا. بەھۆی کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ئەو کاتەی حکومەتی شێخ مەحمود تیرۆرکردنەکە بە ناڕوونی مایەوە، بەڵام ڕای ھەرە باو ئەوەیە کە جەمال عیرفان بەدەستی تورکخوازەکان تیرۆر کرابێت کە ئەوکاتە هەژموون و دەسەڵاتێکی زۆریان ھەبووو و دەوری شێخ مەحمودیان دابوو، تا ئێستاش بەڕای زۆرێک لە نوسەران و مێژوونوسان، تیرۆری جەمال عیرفان، بە یەکەم تیرۆری ڕووناکبیران دادەنرێت کە لەژێر دەسەڵاتی کوردی ڕوویدابێت هیچ کەسێکیشی لەسەر سزا نەدرابێت.

رەئوف ئاکرەیی، یەکەم شەهیدی قەڵەمی دوای ڕاپەرین

رەئوف کامیل، سەرنوسەری ڕۆژنامەی ڕێگای ڕەنجدەران بوو کە بە زمانی و کوردی وعەرەبی لە ساڵی ١٩٩٢ دەردەچوو، هاوکات نووسەری سەدان بابەت و ٣ پەرتوکی میژوویی و ئابووری بوو لەسەر ئەنفال.

زۆر کەس لەو باوەڕەدان کە بەهۆی سەروتاری دووەمین ژمارەی ڕۆژنامەکەی تووشی کێشە بوبێت، ئەویش بەهۆی ئەو سەروتارە توندەی کە بەزمانی عەرەبی نووسیبوی، دواتریش بووە یەکێک لەهۆکارەکانی تیرۆر کردنەکەی.

شەهید رەئوف یەکێک بوو لە ڕێکخەرانی ئەو خۆپیشاندانانەی کە بۆ پشتگیری لە تەڤگەری ڕزگاریخوازی باکوری کوردستان و دژی شەڕی سەپاوی ساڵی ١٩٩٢ لە هەولێر بەڕێوەچوو. هاوکات یەکێک بوو لەوانەی کە چەندین ڕۆژ لە زیندانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەولێر زیندانی کران.

شەهید رەئوف ئاکرەیی یەکەم تیرۆری قەڵەمە دوای راپەرین بوو. رەئوف کامیل لە  ٢٦ی ئایاری ١٩٩٣ /  ٥ی جۆزەردان لەبەردەم ماڵەکەی لە دهۆک تیرۆر کرا.

بکوژەکانى شەهید رەئوف ئاکرەیى نەدۆزرانەوە و دادگایى نەکران و زۆر هەوڵیش دەدرێت بۆ ئەوەى دۆسیەکەى بشاردرێتەوە و لە هیچ شوێنێک باسی نەکرێت.

لیسی شمیت

لیسی شمیت (Elisabeth Schmidt) لە دایكبووی  ١٩ی کانوونی دووەمی ١٩٥٩ / ١١ی بەفرانبارە لە ئەڵمانیا. زۆر جار بە ناوی (میلێنا ئێرگن)یشەوە بابەتی دەنووسی. شەهید لیسی هەرچییەكی نووسیوە بۆ گەلانی ژێردەستە و ئازادییانی نووسیوە. خەباتیشی هەر لە پێناوی ئەوان و دادپەروەرییدا بووە. گیانیشی هەر لە پێناوی سەركەوتن و دواڕۆژی ئەواندا بەخشی.

رۆژنامەوانێكی ئینتەرناسیۆنالیست و ئازادیخواز

لیسی شمیت هەتا ساڵی ١٩٩١ وەك رۆژنامەنووسیك لە باشووری كوردستان كاری دەكرد و چالاك بوو. لە ١٩٩٤ بە دواوە لە توركیا دەژیا. دواجار لە شاری ئامەد دەژیا. هەتا ئەو كاتەی كە لەلایەن حكومەتی توركیاوە ناوبرا بە كەسێكی حەزپێنەكراو ناسێنرا و لەوێ دەركرا. لیسی یەكێك بوو لەو رۆژنامەنووسە دەگمەنانە، كە توانیی چەوساندنەوە و دەنگی كورد لە دەرەوەی حكوماتە ناوچەییەكانی توركیا، عێراق، ئێران و سوریا بگەیەنێتە رای گشتی ئەوروپا. دەیزانی كە دڕكێكە بۆ چاوی چەوسێنەرانی كورد و یارمەتیدەرەكانیان لە دەرەوە. لیسی دابویە بەرەی قوربانیەكان و هەرگیز لە شوێن و ژیانێكی پارێزراوەوە ریپۆرتاژەكانی خۆی نەنوسیوە. بیۆگرافـیای سیاسیی لیسی مێژووی ژیانی مرۆڤیكە كە دژ بە وێرانی و جەنگ و هێزی داگیركەر و كوشتن و چەوساندنەوەی مرۆڤ بووە. لە پێناوی ئەو دادپەروەریەدا ژیانی كردە قوربانی و تیرۆرکرا.

 لیستی چالاكییە ئینتەرناتسیۆنالیستیەكانی لیسی دوور و درێژن، بەشێکیان بریتین لە:

- سەرقاڵبون بە بابەتی پەناهەندە و مەسەلەی دەربەدەری پەناهەندە.

- چالاكیی رۆژنامەوانی لە توركیا. وەرگێڕان و نوسینی رێپۆرتاژو چەندین بابەت سەبارەت بە تێمای جیاواز.

- گوێزانەوەی كارو چالاكییەكانی لە رۆژئاوای توركیاوە بۆ باكوری كوردستان و كاركردن لەگەل رێكخراوی مافـی مرۆڤ لە ئامەد.

- لێكۆلینەوە و نووسین سەبارەت بە پێكەوە كاركردنی كارگە ئەلمانیەكان لەگەل رژێمی بەعس و بڵاوكردنەوەی چەند ریپۆرتاژێك سەبارەت بە كیمیابارانەكەی هەڵەبجە و ناوچەكانی تر لە لایەن رژێمی عێراقەوە.

- قەدەغە كردنی مافـی هاتوچۆ لە توركیا و هەڕەشە لێكردنی لە لایەن سوپای توركیاوە.

لیسی لەلایەن دەوڵەتی توركەوە بە مرۆڤێكی حەزپێنەكراو دەستنیشان دەكرێت و ناچاری دەكەن توركیا جێبهێـلێت.

لە دواى ئەو بڕیارەى دەوڵەتى تورک لیسی کارەکانى بەمشێوەیە ئەنجام دا

- مانەوە لە هەرێمى كوردستان و گرتنەبەری رێگای هاتوچۆكردن لە نێوان هەولێر و فرانكفورت و كاركردن لەگەڵ رێكخراوی مرۆڤ دۆست مێدیكۆ ئینتەرناشنال.

- تیگەیشتنی لیسی بۆ ئینتەرناسیۆنالیزم لەوەشدا بوو، كە هەر مرۆڤە لەو شوێنە دەبێت خەبات بكات كە لێی دەژی. خۆیشی پەیڕەوی ئەم تیۆرییەی دەكرد.

- لیسی وەك رۆژنامەنووسیك بابەت و ریپۆرتاژ و هەواڵی بۆ چەند رۆژنامەیەكی جیاوازی ئەڵمانی دەنوسی. بۆ نمونە Frankfurter Rundschau, Berliner Tagesspiegel .

- لە كوردستانەوە بۆ چەندین كەناڵی رادیۆ و تەلەفزیۆن رێپۆرتاژی دەنووسی. هەروەها بە هەمیشەیی لەگەل ئاژانسی دەنگ و باسی فەرەنسی AFP كاری دەكرد.

سەربەستی نرخی گرانە

دوا رێپۆرتاژەكانی لیسی شمیت لە باشووری كوردستانەوە سەبارەت بە روداوەكانی ساڵانی (٩١-٩٣) بوون و لە كتێبەكەیدا كۆی كردوونەتەوە و لە ژێر ناونیشانی: "سەربەستی نرخی گرانە". لەم كتێبەیدا ١٥ ریپۆرتاژی نووسیوە و باسی تاقیكردنەوە و سەرنجەكانی خۆی دەكات لە باشووری كوردستان. دیدەنییەكان و ریپۆرتاژەكانی ناو كتێبەكەی لیسی شمیتیان گەیاند بە هاوڕێیەتیی گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵ و بەلایەن و گروپە رەسمییەكان كە بە بێ وەرگێڕ خۆی بە هەردوو زاراوەی كورمانجی و سۆرانی قەسی دەکرد.

نووسراوەی دووەمی لیسی شمیت

نووسراوەی دووەمی لیسی شمیت (نامیلكەیەك) بوو كە بە هاوبەشی لەگەڵ (Thomas Meinhardt) نووسیویەتی و  لە مانگی ئەیلولی ١٩٩٣ بڵاو كراوەتەوە بە ناونیشانی "شوێنی رووداو كوردستان". ئەم نامیلكەیە باسی شەڕی تورك دەكات لە باكوری كوردستان و ئامانجە سیاسی و ئابوورییەكانی شیکردووەتەوە. هەروەها لێپرسینەوەی دەوڵەتی ئەلمانیا و فرۆشتنی چەك لەلایەن كارگەكانی چەكی ئەو دەوڵەتە دەخاتەڕوو.

"بۆ عەدالەت تێكۆشام، بەڵام بوومە قوربانی دەستی تیرۆر"

لیسی كاتژمێری دوانزەونیوی نیوەڕۆی ڕۆژی ٣ی نیسانی ١٩٩٤ / ١٤ی خاکەلێوە و لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا لە نزیك شارۆچكەی عەربەت-ی سەربە شاری سلێمانی لەگەڵ پاسەوانێکی بەناوی (عەزیز قادر فەرەج) تیرۆر كران.

لە ڕۆژی شەممە ١٦ی نیسانی ١٩٩٤ / ٢٧ی خاکەلێوە تەرمەكەی لیسی شمیت (میلێنا ئێرگن) لە نزیك شاری فرانكفورتی ئەڵمانیا بە بەشداریی زیاتر لە ٨٠٠ كەس بە خاكسپێردرا، لە گۆڕستانی   (Igstadt -Wiesbaden)و لە تەنیشت گۆڕی باوكییەوە (Helmut Schmidt)  بە خاكسپێردرا.

لەسەر گۆڕەکەی لیسی نووسراوە "بۆ عەدالەت تێكۆشام، بەڵام بوومە قوربانی دەستی تیرۆر".

بکوژانی لیسى شمیت نەدۆزرانەوە و لەلایەن دەستڕۆیشتووەکان و دەسەڵاتدارانەوە بکوژەکان حەشاردران و شاردرانەوە. زۆر بە دەگمەن نەبێت هیچ میدیا و ناوەندێکیش لە باشووری کوردستان باسی تێکۆشان و خەباتى لیسی شمیت و تیرۆرەکەى و هۆکاری تیرۆرکردنەکەى ناکەن.

سۆران مامە حەمە

ڕۆژنامەنووس، سۆران مامە حەمە لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٧ی شاری کەرکوک بوو، ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ بوو بوو کە لە گۆڤاری لڤین بابەتەکانی بڵاو دەکردەوە.

نووسینەکانی ئەو رۆژنامەنووسە زیاتر دژی خیانەت و گەندەڵی دەسەڵاتی کوردی بوون. لە یەکێ لە نووسینەکانیدا باس لەوە ئەکات کە خیانەت لە ناو دەسەڵاتی کوردیدا بووەتە فەلسەفە و فاکتەرێکە بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات. بۆ نمونە لە بەشێکی یەکێک لە وتارەکانیدا دەڵێت: "ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ خۆیان به‌ سیاسی و خاوه‌ن خه‌باتی کوردایه‌تی ئه‌و هه‌رێمه‌ ده‌زانن، له‌ خۆیان وردبونه‌ته‌وه‌ که‌ ئایا ته‌نها ڕۆژێک خه‌بات و سه‌روه‌رییان هه‌یه‌ بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازی دۆزی کوردان له‌ مێژودا؟ جگه‌ له‌ کورد کوشتن و خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ کۆیله‌بوون و جاسوسی وڵاتانی دراوسێ و جیهان نەبێت."

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چەند وتارێکی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، وەک وتاری پرسی دەرکەوتنی خانمی یەکەمی کوردستان لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی کە تیایدا داوای دەرکەوتنی خێزانی مەسعوود بارزانی کردبوو، لەگەڵ ڕاپۆرتێک لەسەر تێوەگلانی بەرپرسانی حکوومی شاری کەرکووک لەگەڵ لەشفرۆشانی ئەو شارە، بەر لە دوو مانگ لە تیرۆرکردنی، هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو.

سۆران مامە حەمە، لە ڕۆژی ٢١ی تەمموزی ٢٠٠٨ / ٣١ی پووشپەڕ لە شاری کەرکوک و لەبەردەم ماڵی خۆیدا تیرۆر کرا.

بکوژەکانی سۆران مامە حەمە نەدۆرزانەوە و دادگایى نەکران. لەلایەن دەسەڵاتەوە هەوڵ بۆ شاردنەوەى دۆسیەکەى دەدرێت، بەڵام هاوڕێ رۆژنامەنووسەکانى هەموو ساڵێک یادی دەکەنەوە.

سەردەشت عوسمان

سەردەشت عوسمان، لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٨بوو، ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری دوا قۆناغی  بەشی زمانی ئینگلیزی کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەلاحەدین بوو لە ھەولێر. هاوکات لەگەڵ خوێندنەکەیدا بابەتى رۆژنامەوانیى بڵادەکردەوە. چەندین بابەتى جۆراوجۆری بڵاوکردبووە. سەردەشت ناسرابوو بە بابەتە ڕەخنەییەکانی بەرانبەر دەسەڵات و حکوومەت، بە تایبەتی بەرانبەر 'پارتی دیموکراتی کوردستان' و سەرۆکی ئەو کاتی ھەرێم (مەسعوود بارزانی)، سەرۆکی ئەو کاتی حکوومەت (نێچیرڤان بارزانی) و سەرۆکی ئەو کاتی دەزگای پاراستن (مەسروور بارزانی) کە کوڕە گەورەی (مەسعود بارزانی) (سەرۆکی ئەو کاتەی ھەرێمی کوردستان) بوو.

سەردەشت بەهۆی نووسینەکانیەوە هەڕەشەی لێ کرابوو، جگە لەوەی کەسانی پەیوەندیداری لە هەڕەشەی کوشتنەکە ئاگادار کردبوەوە، بابەتێکیشی بڵاوکردبووەوە، بەناوی (یەکەمین زەنگی کوشتنم لێدرا) لە بابەتەکەیدا بە ئاشکرا داوا لە بکوژەکانی ئەکات کە مەرگێکی شایستە بە ژیانەکەی پێ ببەخشن و دەنووسێت: "دوعاش ده‌كه‌م مردنێكی تراژیدیام پێببه‌خشن كه ‌شایسته‌ی ژیانه‌ تراژیدیاكه‌م بێت، بۆیه ‌ئه‌م قسانه ‌ده‌كه‌م تا بزانن گه‌نجه‌كانی ئه‌م وڵاته ‌چ هۆلیسۆسێكن و مردن ساده‌ترین هه‌ڵبژاردنیانه‌، بۆئه‌وه‌ی تێبگه‌ن كه ‌ئه‌وه‌ی ئێمه ‌ده‌ترسێنێت به‌رده‌وامی ئه‌م رۆژگاره‌ی ئێستایه ‌بۆ نه‌وه‌یه‌كی داهاتوو، نه‌ك مردنی خۆمان، كاری منیش خۆشبه‌ختی برا بچوكه‌كانمه، ‌نه‌ك خۆم".

سەردەشت سەرلەبەیانی ڕۆژی ٤ی ئایاری ٢٠١٠ / ١٤ی بانەمەڕ (گوڵان) لە بەردەم زانکۆکەیدا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە ڕفێندرا، رۆژی دواتر تەرمەکەی بە قۆڵبەستراوی لە مووسڵ دۆزرایەوە.

بکوژەکانى سەردەشت نەدۆزرانەوە و هیچ کەسێکى لەسەر دادگایى نەکرا. دەسەڵات هەوڵی دا بە سیناریۆک دۆسیەی تیرۆرکردنى شەهید سەردەشت عوسمان بشێوێنێت و بە هاودەستى لەگەڵ تیرۆریستانی گروپە ئیسلامییەکان تۆمەتباری بکات، بەڵام بە خێرایى هەموو ئەو سیناریۆ و چەواشەکارییانە لەلایەن رۆژنامەنووسان و  بە تایبەتى میدیای ئەهلییەوە رەتکرانەوە و چەندین بەڵگە لەبارەى تیرۆرەکەى و چەندین بەڵگەش لەبارەى ئەوەى هیچ پەیوەندییەکى بە گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە نەبووە خرانەڕوو و ئەو سیناریۆیەى دەسەڵاتیان پووچکردەوە.

کاوە گەرمیانی

کاوە گەرمیانی، ناوی تەواوی کاوە محەمەد ئەحمەد بوو. لە ساڵی ١٩٨١ لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گە میان لەدایکبوو. ڕۆژنامەنوس و پەیامنێری ڕۆژنامەی ئاوێنە بوو. هاوکات سەرنوسەری گۆڤاری ڕایەڵ و پێشتر گۆڤاری گەڕان بوو. لە بابەتەکانیدا هەوڵی دەدا گەندەڵی و ساختەکاریى بەرپرسان و خراپیى سیستمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا بکات و رێگری لە کارە خراپە و گەندەڵییەکانیان بکات.

کاوە گەرمیانی لە ڕۆژی ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ / ١٤ی سەرماوەرز لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کەلار، لە لایەن چەن چەکدارێکەوە درایە بەر دەستڕێژی گولە و تیرۆر کرا.

بکوژەکانى کاوە گەرمیانى نەدۆزرانەوە و دادگایى نەکران. لەلایەن دەسەڵاتەوە هەوڵ دەدرێت دۆسیەی تیرۆرکردنى کاوە گەرمیانى وەک زۆرێک لە دۆسیەکانى تری تیرۆری رۆژنامەنووسان پەردەپۆش بکرێت.

وەدات حسێن

وەدات حسێن، ناسراو بە وەدات دهۆکی لە ساڵی ١٩٨٨ لە دهۆک لەدایک بووە. وەدات حسێن وەکو پەیامنێر لە ئاژانسی ڕۆژنیوز کاری دەکرد. لە ڕۆژی ١٣ی ئابی ٢٠١٦ / ٢٣ی گەلاوێژ لە شاری دهۆک ڕفێندرا و تیرۆر کرا.

هەرچەند دەیان کامێرای چاودێری لە شوێنی ڕووداوەکە هەیە، بەڵام وێنەی هەموو ئەو کامێرانە سڕاونەتەوە و هیچ بەڵگەیەک بەجێ نەهێڵدراوە. تاوەکو ئێستاش هیچ کەس لەسەر تیرۆرکردنی دەستگیر نەکراوە و لە ڕاپۆرتی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیشیدا بە ڕێکخراوترین تێرۆر لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا ناسێندرا.

بکوژەکانى رۆژنامەنووس وەدات حسێن نەدۆزرانەوە و دادگایى نەکران. دەسەڵات هەموو هەوڵ و تواناى خۆی خستووەتەکار بۆ ئەوەى بکوژەکان بشارێتەوە و دۆسیەى تیرۆرکردنى ئەو رۆژنامەنووسە بە ئەنجام نەگات.

شوکری زەینەدین

شوکری زەینەدین وێنەگری کەناڵی KNN بوو، لەلایەن هێزێكی نەناسراوەوە رفێنرا. دوای چوار رۆژ لە دیارنەمانی لە ڕۆژی ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ / ١١ی سەرماوەرز لە نزیک شێلادزێ تەرمەکەی دۆزرایەوە.

 بەرپرسی نووسینگەی کەناڵی KNN لەدهۆك ئاماژەی بەوە کردبوو کە "بەم دواییانە شوکری زەینەدین هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کە داوایان لێدەکرد کە وازبهێنێت لەکارکردن لەگەڵ کەناڵەکەمان".

 ئەوەشی وتبوو "ڕۆژنامەنوس شوکری زەینەدین لەسالی ٢٠١٣دا دەستگیرکرابوو لەلایەن هێزەئەمنیەکانەوە بەهۆی کارەکەیەوە وداوای لێکراوە واز لەکارەکەی بهێنێت".

دەسەڵات هەوڵی دا دۆسیەى تیرۆری شوکری زەینەدین بشوێنێت و سیناریۆیەکى لەبارەى هۆکاری تیرۆرکردنەکەیەوە بڵاوکردەوە، کە گوایە بەهۆی لێدانى قۆچی بەرزاوە گیانى لە دەستداوە!، بەڵام بە خێرایی ئەو سیناریۆیە لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە بەرپەرچدرایەوە و سیناریۆکەى دەسەڵات پوچکرایەوە.

بکوژەکانى رۆژنامەنووس شوکری زەینەدین نەدۆزرانەوە و دەسەڵات کار بۆ شاردنەوەی بکوژەکانی و شاردنەوەى دۆسیەکە دەکات.

ر.م