مانگی سووری كوردستان هاریكاریی جه‌ژنی قوربانی گه‌یانده‌ ئاواره‌كانی عه‌فرین

ڕێكخراوی مانگی سووری كوردستان هاریكارییه‌كانی جه‌ژنی قوربانی به‌سه‌ر خه‌ڵكی عه‌فرین كه‌ ئاواره‌ی كانتۆنی شه‌هبا بوون و هاوڵاتییانی باكووری كوردستان له‌ ناوچه‌ وێرانكراوه‌كان دابه‌ش كرد.

مانگی سووری كوردستان كه‌ ڕێكخراوێكی هاریكاریی مرۆییه‌، به‌ر له‌ جه‌ژنی قوربان ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌مساڵ هاریكارییه‌كانی جه‌ژنی قوربان به‌سه‌ر خه‌ڵكی عه‌فرین و لێقه‌وماوانی ده‌ڤه‌ره‌كانی دیكه‌ی كوردستان دابه‌ش ده‌كه‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی مانگی سووری كوردستان ڕایگه‌یاند، ئه‌وان به‌ بڕی ١٥٠ هه‌زار یۆرۆ هاریكاریی جه‌ژنی قوربانییان به‌سه‌ر ئاواره‌كانی عه‌فرین له‌ كانتۆنی شه‌هبا دابه‌ش كردووه‌. هاریكارییه‌كه‌ له‌ ڕێی خه‌باتكارانی ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی سه‌رده‌م و به‌رخۆدان دابه‌شكراون.

دوای ئه‌وه‌ی سه‌دان هه‌زار هاوڵاتیی عه‌فرین به‌هۆی زوڵمی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی توركیا و چه‌ته‌كانی ناچار بوون ڕوو له‌ كانتۆنی شه‌هبا بكه‌ن، ڕێكخراوی مانگی سووری كوردستان كه‌مپینی كۆكردنه‌وه‌ی هاریكاری ده‌ستپێكرد. له‌ ماوه‌ی ٧ مانگی ڕابردوودا، به‌ به‌های زیاتر له‌ ملیۆنێك یۆرۆ هاریكاری بۆ خه‌ڵكی عه‌فرین ڕه‌وانه‌ كراوه‌.

مانگی سووری كوردستان هه‌روه‌ها به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربان به‌ به‌های ١٥٠ هه‌زار یۆرۆ هاریكاریی جه‌ژنی قوربانی به‌سه‌ر خه‌ڵكی جزیر، گه‌ڤه‌ر، سوور، نسێبین، هه‌زه‌خ، سلۆپی و شرناخدا دابه‌ش كرد.

s.m