مستەفا عەبدوڵاهی کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی زاگرۆس سووتابوو، گیانی لەدەستدا

مستەفا عەبدوڵاهی کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی خوڕەم ئاباد تووشی سووتانێکی قورس بوو، ژیانی لەدەستدا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، مستەفا عەبدوڵاهی، کارمەندی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی خوڕەم ئاباد تووشی سووتاوییەکی زۆر قورس بوو، پاش چەند ڕۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانە ژیانی لەدەستدا.

مستەفا عەبدوڵاهی، یەکێک لە ژینگەپارێزانی ناوچەکە بوو، ١٩ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری سروشتی ناوچەی خوڕەم ئاباد تووشی سووتانێکی قورس بوو و لە نەخۆشخانەی ئەو شارەدا چارەسەری دەکرا، بەڵام بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، بۆ نەخۆشخانەی تایبەت لە تاران گواسترایەوە، دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە ژیانی لەدەستدا.

جێی ئاماژەیە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە ژینگەپارێزان لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستان و سروشتی زاگرۆس تووشی سوتان و برینداربوون دەبن و بەشێکیشیان ژیانیان لەدەست دەدەن.

تا ئێستا حکومەت هیچ ڕێوشوێنێکی گونجاوی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستانەکانی زاگرۆس نەگرتووەتەبەر، کە زۆربەیان بە مەبەست و بەهۆی کەسانێکی ئاژاوەگێرەوە یان ڕێکخراوە سەربازییەکانەوەیە دەسوتێندرێن و  لە ئەنجامی ئەمەشدا زیان و وێرانکارییەکی زۆر بەر دارستانەکانی زاگرۆس کەوتووە.

بۆیە لەم نێوەندەدا تەنها هاوڵاتیان، ژینگەپارێزانی ناوچەکە و کەسانی خۆبەخش بەبێ هیچ ئاسانکاریی و دەرفەتێکی گونجاو بە دەستی بەتاڵ ئاگری دارستانەکان دەکوژێننەوە کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە ببنە قوربانی.