نەبوونی داهاتوویەکی ڕوون خوێندنی سریانی بەرەو لەناوچوون دەبات

زمان و خوێندنی سریانی لە عێراق مەترسی لەناوچوونی لەسەرە. تەنیا لە زانكۆی بەغدا و زانكۆی سەڵاحەدین بەشی زمانی سریانی هەیە.

لە رۆژی جیهانیی زمانی دایک-دا، تیشک دەخەینەسەر مەترسییەکانی سەر زمانی سریانی، کە لە عێراق لە زمانێکی سەرەکی و مێژووییەوە بەرەو زمانێک کە ڕوو لە لەناوچوونە دەڕوات، زۆربەی کریستانەکانی عێراق لە ناوچەی نەینەوا نیشتەجێن، لە هەموو ناوچە كریستیان نشینەكانی نەینەوا تەنیا چوار قوتابخانەی سریانی هەیە، بەڵام كەمترین خێزان لەوێ منداڵەكانیان دەخەنە بەر خوێندن و لە ئایندەیان دەترسن.

حكومەتی پێشوتری عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی دیکتاتۆر سه‌دام حسێن (١٩٧٩-٢٠٠٣)، به‌كارهێنانی زمانی سریانیی له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردودا تا روخانی حكومه‌ته‌كه‌ی قه‌ده‌غه‌ كرد، ته‌نیا له‌ مه‌راسیمه‌ ئایینییه‌كانی بەشێك لە كڵێساكانی به‌سره‌، به‌غداد، كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا به‌كارده‌هێنرا.

بەشێكی زۆر لە كریستیانەكانی عیراق دەكەونە دەشتی نەینەوا، لە ساڵی ٢٠١٤ لەكاتی هێرشەكانی چەتەکانی داعش ناوچەکیان دەستی بەسەردا گیرا و رووبەڕووی سێ بژاردە كرانەوە، ئەوانیش بوون بە ئیسلام، پێدانی جزیە، یان بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان، بۆیە زۆرینه‌ به‌ ناچاری ئاواره‌بون، بەشێكیان هێشتا لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستانن و نەگەڕاونەتەوە و هه‌زاران خێزانیشیان به‌ره‌و ووڵاتانی دیكە كۆچیانكرد.

دۆخی خوێندنی سریانی

لەئیستادا لەنەینەوا خوێندنی سریانی كراوەتەوە و سەر بە پەروەردەی پارێزگاكەیە، تەنیا چوار قوتابخانەی لە دەشتی نەینەوا هەیە، كە دوانیان  لە ناوەندی حەمدانییە و دوانیان لە بەرتڵەیە (ناوچەیەكی كریستیان نشینە لە رۆژهەڵاتی موسڵ). لەو قوتابخانانەدا، كە سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیین، وانە سەرەكییەكانی خوێندن بە زمانی سریانییە. لە بەرانبەردا نزیكەی ١٠٠ قوتابخانەی خوێندنی عەرەبی و چەندین قوتابخانەی خوێندنی كوردی لەو ناوچانەی دەشتی نەینەوادا هەن، كە بە كریستیان نشین هەژماردەكرێن، لەكاتێكدا قوتابخانەكانی خوێندنی عەرەبی تەنیا یەك وانەی زمانی سریانییان هەیە.

لە ٨ـی ئابی ساڵی ڕابردوو و بەر لە ئامادەكارییەكانی ساڵی نوێی خوێندن، گەورەترین خول بۆ فێربوون وبەهێزكردنی زمانی سریانی لە شاری قەرەقوش-ـی ناوەندی قەزای حەمدانییە بۆ ٧٠٠ خوێندكار كرایەوە، کە ئەویش بە پاڵپشتی و هاوكاری كڵێسا بوو.

سریانیەکان بەم شێوەیە باس لە دۆخی زمانی دایک دەکەن

ئەنەس سەبری یەكێكە لەو هاوولاتیە كریستیانییانەی دەشتی نەینەوا و لە ناوەندی قەزای حەمدانییە (باشورى رۆژهەڵاتی موسڵ)دایە، كە ناوچەیەكی زۆرینە كریستیانییە و دوو قوتابخانەی خوێندنی سریانی تێدایە، كە كچەكەی لە قوتابخانەیەكی عەرەبی داناوە و تەنیا لە پشووی هاوینەدا دەیخاتە خولی فێربوون و بەهێزكردنی زمانی سریانی.

لەپێناو پاراستنی زمانی دایک دا کچەکەم ناردۆتە خولی هاوینە

 ئەنەس ووتی: "كە بە پاساوی نەبوونی هیچ داهاتوویەكی ڕوون، ئامادەنەبووە كچەكەی بخاتە قوتابخانەی سریانی، وە بۆ بەهیز کردن و پاراستنی زمانی دایک کچەکەم ناردە خوڵی زمانەوە، چونکە لە قوتابخانە عەرەبییەكاندا تەنیا یەك وانەی زمانی سریانی هەیە، ئەوەش واناكات قوتابییەكان بە باشی فێری زمانەكە ببن، بۆیە کچەکەم ناردە خولێكی هاوینە"

حكومەت لە پاڵپشتیكردنی خوێندنی سریانی كەمتەرخەم بووە

ئەنەس پێیوایە: "حكومەت لە پاڵپشتیكردنی خوێندنی سریانی كەمتەرخەم بووە، چونكە ئەگەر منداڵێك لە یەكی سەرەتایی تا ١٢ـی ئامادەیی خوێندن بە سریانی تەواو بكات، دواتر هیچ پەیمانگە و زانكۆیەكی حكومى نييە خوێندنیان بەو زمانە بێت تا لەوێ درێژە بە خوێندن بدات".

تەنیا لە زانكۆی بەغدا و زانكۆی سەڵاحەدین بەشی زمانی سریانی هەیە

هەروەها ناوبراو سەبارەت بە ڕۆڵی حکومەت و دەوڵەت لە پاراستنی زمانیان، ئاشکرای کرد: "لەبری حكومەت پیاوانی ئایینی و كڵێساكان هەوڵدەدەن گرنگی بە زمانی سریانی بدەن لەڕێی كردنەوەی خولی فێربوونەوە، بەڵام حكومەت پشتی كردۆتەوە سریانی لەكاتێكدا وەك هەر پێكهاتەیەكی دیكە مافی خوێندنی هەیە بەو زمانە و دەبێت دەوڵەت كارئاسانیمان بۆ بكات".

زۆرینەی خەڵك منداڵەكانیان دەنێرنە خوێندنگەی عەرەبی

سەڵاح سەركیس، بەرێوەبەری خوێندنگای مار ئەفرامی سریانی لە ناوەندی حەمدانییە و مامۆستای خولی فێربونی زمانی سریانی بە ئاژانسەکەی ووت "زۆرینەی خەڵك منداڵەكانیان دەنێرنە خوێندنگەی عەرەبی، چونكە پێیانوایە ئەگەر بە سریانی بخوێنن ئایندەیان روون نییە، دەترسن دوای تەواوكردنی خوێندنگەی سریانی لە هیچ شوێنێك نەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن".

دەمانەوێت نەوەی نوێ فێری زمانی دایک ببن

سەڵاح سەرکیس ووتیشی: "بە دڵنیاییەوە زمانی سریانی ڕووبەڕووی كێشە بۆتەوە نەبونی قوتابخانەی پێویست و گرنگیی پێنەدانی خوێندنی سریانی و كەمی شارەزایی لە زمانەكەدا هێندەی دیكە رووبەڕووی مەترسی كردۆتەوە، وە ئەو مامۆستایە كە شارەزای زمانی سریانییە و دەڵێت، لەڕێی خولەكانی فێربوون و بەهێزكردنی سریانییەوە دەمانەوێت نەوەی نوێ فێری زمانی خۆیان بن (زمانی دایک) و پارێزگاری لە مانەوەی بكەن".

پاڵپشت بە ئامارەكانی خوێندنی ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٢، لە چوار قوتابخانەكەی خوێندنی سریانی لە دەشتی نەینەوا، لە سەرەتاییەوە تا ئامادەیی، كەمتر لە ٧٠٠ خوێندكار هەبون، لەبەرانبەردا تەنیا قوتابخانە عەرەبییەكانی ئەو ناوچانە زیاتر لە پێنج هەزار خوێندكاریان هەبووە.

تەنها ١٠٠ مامۆستای زمانی سریانی هەن

عیسام میخا، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی خوێندنی سریانی لە پەروەردەی حەمدانییە بەم شێوەیە باسی دۆخی خوێندنی سریانی کرد و ووتی، "لە قەزاكەماندا نزیكەی ١٠٠ مامۆستای زمانی سریانی هەن، كە جگە لە قوتابخانەكانی خوێندنی سریانی، لە قوتابخانە عەرەبییەكاندا وانەی زمانی سریانی دەڵێنەوە".

بە ئامانجی پەرەپێدانی زمانی سریانی

هەروها ناوبراو ووتیشی: "مامۆستا و قوتابخانەی سریانی كەمە، پێویستە زیاتر بكرێن، بۆ ئەوەش داوامانكردووە بەڵام ئەنجامی نەبووە، لە قەرەبووی كێشەكانی خوێندنی سریانی خولی هاوینە دەكرێتەوە بە هاوكاری و پاڵپشتی كڵێسا، بە ئامانجی پەرەپێدانی زمانی سریانی و فێركردنی منداڵان".

به‌پێی ده‌ستوری عیراق زمانی سریانی دانیپێدانراوه‌ و پارێزراوه‌، پێویسته‌ له‌و ناوچانه‌ی تێیدا زۆرینه‌ن هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك مافی بەکارهێنانی زمان و کەلتوری خۆی پێبدرێت.

نەوەی ئێستا بەشی زۆریان كێشەی زمانی سریانییان هەیە

هەروەها لە یاسای زمانە فەرمییەكان ژمارە ٧ـی ساڵی ٢٠١٤دا هاتووە، سریانی زمانی فەرمییە و لەو یەكە ئیدارییانەی تیایدا زۆرینەن، دەكرێت بۆ هەموو قۆناغەكانی خوێندن قوتابخانە بەو زمانە بكرێتەوە و ئەركی دەوڵەتیشە كە پاڵپشتی بكات و لە هەوڵی گەشەپێدانیدا بێت.

حكومەتی عیراق زمانی سریانی فەرامۆش كردووە

بەوتەی ڤیان جەلال مارقوس چالاكوانی كلدانی: "هەبونی خوێندنی سریانی سەر بە پەروەردە تەنیا روكەشییە و رۆڵی گرنگیان نییە، چونكە حكومەتی عیراق زمانی سریانی فەرامۆش كردووە، ئەوەش تەنیا لەسەر ئەوەی كەمینەن، ئەو گرنگیپێدانەی هەیە وەك پێویست نییە، بۆیە نەوەی ئێستا بەشی زۆریان كێشەی زمانی سریانییان هەیە چونكە خوێندنیان بە عەرەبی بووە".

بۆ پارێزگاری لە زمانی سریانی

ڤیان جەلال چالاکوانی کلدانی دەشڵێت: "خولەكانی زمانی سریانیش لەلایەن كڵێساكانەوە دەكرێنەوە بۆ پەرەپێدان و پارێزگاری لە زمانی سریانی".

ژ.ت

سەرچاوە: کەرکوک ناو