نەتەوە یەكگرتووەكان: لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ لە ئێران ١٠٥ کەس لەسێدارە دراون

سكرێتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند؛ پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی ئەتینكی و قەومی و مەزهەبیەكان بە بەردەوامی بۆ بەدەستهێنانی داواكارییە رەواكانیان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دەكرێنە ئامانج.

نەدا ئەلناشف جێگری مافی مرۆڤی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لەراپۆرتێكدا ئاماژەی بە دۆخی خراپی مافی مرۆڤ لەئێران كرد و رایگەیاند، بەرپرسانی ئێران تەنیا لە سێ مانگەی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢دا بەلانیکەمەوە ١٠٥ كەسیان لەسێدارە داوە، كە زۆرینەیان لە پێكهاتە ئیتنیکی، نەتەوەیی و مەزهەبیەكانن.

ئەلناشف رۆژی سێ شەممە، ٢١ حۆزەیران لە پنجاهەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لەجنێڤ، راپۆرتی ئانتۆنیو گۆتێرێس  سكرێتری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەسەر دۆخی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوکردەوە.

گۆتێرێس لەراپۆرتەكەیدا؛ دڵگرانی خۆی لەدۆخی مافی مرۆڤ لەئێراندا باس كردبوو و رایگەیاند، جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا لە ساڵی ٢٠٢١ لەساڵانی رابردوو زیاتر پەرەی سەندوە.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی، بەلانیکەمەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا ٣١٠ كەس لە ئێران لەسێدارە دراون، کە ١٤ یان ژن بوون.

سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان، سزای لەسێدارەدان لە دژی زیندانیان بەناڕەوا زانیووە و رایگەیاند؛ پرۆسەی دادگایكردنەوە و بەتاوانبار ناسینی ئەو كەسانە، نادادپەروەرانەیە.

بەگوێری ئەو راپۆرتە؛ لەكانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ تا مارسی ٢٠٢٢ بەلانیکەمەوە دوو منداڵ لەئێران لەسێدارەدراون و ٨٥ منداڵی تریش چاوەڕوانی لەسێدارەدانن.

بەكارهێنانی توندوتێژی لەرادەبەدەر بەرامبەر بەدەستگیركراوان

ئەلناشف لەبەشێكی تری راپۆرتەكەیدا دەڵێت: "دۆخی میزاجی و كەیفی بەرپرسان و زۆر بەكارهێنانی توندوتیژیی لە ڕادەبەدەر بەمەبەستی كۆشتنی ئەو كەسانە، كاری كۆڵبەری و گواستنەوەی سۆتەمەنی دەكەن و هاوكات بەكارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بەگردبوونەوە ئاشتیخوازانەكانی گەل و دەستگیركراوان بەهەموو شێوەیەك درێژەی هەیە و هیچ كاردانەوەیەكیش لەدژی ئەو بەرپرسانە نییە، بەو توندوتیژیانە هەڵدەستن".

سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بەئاماژەدان بە بەكارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بەدەستگیركراوان و دەستڕانەگەیشتنی ئەو كەسانە بەدام و دەزگا تەندرۆستیەكان، رێژەی گیان لەدەستدان لەزیندانەكانی ئەو وڵاتە زیاتر بووە و ئەمەش جێگەی دڵگرانییە".

پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان؛ گەورەترین قوربانیانی مافی مرۆڤن لە ئێراندا

ئانتۆنیو گۆتێرێس؛ لەبەشێكی تری راپۆرتەكەیدا رایگەیاندوە؛ پێكهاتە كۆمەڵایەتیە نەتەوەییەكان، بەهۆی داواكارییە رەواكانیان لەوانە خۆێندن بەزمانی دایك، لەلایەن رژێمی ئێرانەوە دەكرێنە ئامانج. لەراپۆرتەكەدا ئاماژە بەسەركوتكردنی كۆمەڵگەی بەهاییش كراوە.

هاوكات هەر لەو راپۆرتەدا، ئاماژە بەسەركوتكردنی ناڕەزایەتیەكانی گەل لەخوزستان، سەركوتكردنی ناڕەزایەتیە پیشەییەكان و هەڵسوكەوتی بەرپرسانی رژێم لەگەڵ بنەماڵەی قۆربانیانی مانگی تەشرینی ٢٠١٩ دەكات.

ژ.ت