یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ڕاپۆرته‌كه‌ی ده‌رباره‌ی توركیا ئاشكرا كرد

كۆمسیۆنی ئه‌ورووپا ڕاپۆرتی پێشكه‌وتنی توركیای ئاشكرا كرد. به‌رپرسی دۆسیه‌كه‌ كۆمیسه‌ر یۆهانس هاهن ڕایگه‌یاند، ئه‌وان هیچ پڕۆژه‌یه‌كیان نییه‌ بۆ گه‌شكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا.

به‌رپرسی دۆسیه‌ی پێشكه‌وتن له‌ كۆمسیۆنی ئه‌ورووپا یۆهانس هاهن ڕاپۆرتی پێشكه‌وتنی ٧ وه‌ڵاتی پێشكه‌ش كرد كه‌ له‌ناویاندا توركیاش هه‌یه‌.

ڕاپۆرته‌كه‌ پێشكه‌شی كۆمیته‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا كرا و تیایدا هاتووه‌، توركیا به ‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێشوو له‌ ڕووی دیموكراتی و مافه‌كانی مرۆڤه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ی جددی كردووه‌. 

هان ڕایگه‌یاند، پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ زیاتر ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌ و له‌ ڕووی ئابووریشه‌وه‌ له‌ زۆر هه‌رێم «پاشكه‌وتن» هه‌یه‌. گوتیشی، توركیا به‌رده‌وامه‌ له‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا.

له‌ درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، توركیا له‌ ڕووی ئازادیی ڕاده‌ربڕین، خۆپیشاندان و مافه‌كانی دیكه‌ له‌ دۆخێكی خراپدایه‌. فشاری سیاسی له‌سه‌ر دادوه‌ر و داواكارانی گشتی كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری دروست كردووه‌.

یۆهانس هاهن سه‌باره‌ت به‌ په‌یمانی په‌نابه‌ران له‌گه‌ڵ توركیا سوپاسی خۆی پێشكه‌ش كرد و گوتی، له‌ بابه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هاوكارییه‌كانیان.

هه‌ر له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا باس له‌ هه‌ڵبژاردنی ٣١ی ئاداری شاره‌وانییه‌كان كراوه‌. سه‌رنج خراوه‌ته‌ سه‌ر ٤ شاره‌وانی كه‌ هه‌ده‌په‌ به‌ده‌ستیهێنابوون به‌ڵام ڕاده‌ستی هه‌ده‌په‌ نه‌كراون. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئیسته‌نبووڵ كراوه‌.

دوای پێشكه‌شكردنی ڕاپۆرته‌كه‌، ڕاپۆرته‌ری په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا بۆ كاروباری توركیا كاتی پیری و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی ئه‌ورووپا ئاماژه‌یان به‌ بارودۆخی زیندانه‌كانی توركیا كرد. په‌رله‌مانتاران گوتیان، پێویسته‌ له‌ به‌رانبه‌ر زیندانی كردنی ژنانی حه‌كیم و مامه‌ڵه‌ی خراپ له‌گه‌ڵ دیپلۆماتانی ئه‌نقه‌ره‌ بێده‌نگی بشكێنرێت.

s.m