بە پێی هەواڵەکەی یۆنهاپ "چوار لیوای ١٢ هەزار کەسی کۆریای باکوور کە یەکینەی تایبەتیشیان لەناودایە" ئامادەکراون بۆ ئەوەی دەستوەردان لە شەری ئوکرانیادا بکەن.
سەرچاوە هەواڵگرییە ناوخۆییەکانی کۆریای باشوور بانگەشەی ئەوەیان کردووە، "یەکینەکانی کۆریای باکوور بەم نزیکانە رەوانە دەکرێن".
پەیوەندییەکانی نێوان پیونگ یانگ و سیول ماوەی چەند مانگە زیاتر ئاڵۆزبووە. کۆریای باکوور کە خاوەن چەکی ئەتۆمییە ماوەیەکی زۆرە هاوپەیمانی رووسیایە و زیاتر لەو وڵاتە نزیک بووەتەوە.
کۆریای باشوور بەردەوام کۆریای باکوور بەوە تۆمەتبار دەکات کە بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشێل دەکات و چەک بۆ رووسیا رەوانە دەکات بۆ ئەوەی لە شەڕی دژ بە ئوکرانیادا بەکاریان بهێنێت.
سەرۆکایەتی کۆریای باشوور رەوانەکردنی سەربازانی کۆریای باکوور بۆ رووسیای وەک هەڕەشەیەکی گەورەی ئەمنی پێناسەکردووە و رایگەیاندووە کە بۆ ناچارکردنەوەی پیونگ یانگ بە وەڵامدانەوە لەوبارەوە دەبێت سەرجەم کارتەکانی بەردەست بەکاربهێندرێن.
سەرۆککۆماری کۆریای باشوور یوون سوک یول وتی، "دۆخی ئێستای لێکنزیکبوونەوەی (مۆسکۆ و پیونگ یانگ) لە سەرووی رەوانەکردنی کەرستەی سەربازییەوەیە و نەک هەر بۆ وڵاتەکەمان، بەڵکوو لەهەمان کاتدا مەترسیی و هەڕەشەیەکی گەورەی ئەمنییە لەسەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی".