باڵیۆزی فەڕەنسا لە ووڵاتی نەیجەر دەردەکرێت
ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەر لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی ووڵاتەکەی بڕیاریدا باڵیۆزی فەڕەنسا لە وڵاتەکە دەربکرێت.
ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەر لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی ووڵاتەکەی بڕیاریدا باڵیۆزی فەڕەنسا لە وڵاتەکە دەربکرێت.
ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەر کە لە ٢٦ ی مانگی ڕابردوودا لە کودەتایەکی سەربازییدا دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتە دەست، دوێنێ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند فەرمانی بە باڵیۆزی فەڕەنسا (سیلڤەین ئیتی) کردووە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا نەیجەر جێبهێڵێت، لە کاتێکدا کە پەیوەندییەکانی نێوان نەیجەر و ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ووڵاتی فەرەنسا خراپتر بوونە، ئەمەش لەکاتێکدایە هەندێک لە ووڵاتانی ئەفریقی فەڕەنسایان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دەستوەردان لە کاروبارییاندا.
هەروەها لەلای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی نەیجەر کە لەلایەن ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەرەوە دەستنیشان کراوە وتی بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزەکە وەڵامێک بووە بۆ کارەکانی حکومەتی فەڕەنسا کە " پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی نەیجەر " بوون.
حکومەتی فەڕەنسا تاوەکو ئێستا بە فەڕمی دانی بە بڕیارێکی ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەردا نەناوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە سەربازییەکانی نێوان وڵاتەکە و فەڕەنسا، دەڵێت ئەو ڕێککەوتنانە فەرەنسا لەگەڵ نەیجەر ئەنجامی داوە لەگەڵ 'بەرپرسانی یاسایی' نەیجەردا واژۆ کراون.
نەیجەر گرنگییەکی ستراتیژی هەیە بە تایبەتیش بۆ فەرەنسا کە نەیجەر بە یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری یۆرانیۆم دادەنرێت و و هەروەها گرنگی یەکی دیکەی ئەوەیە کە وەکو بنکەیەک بۆ هێزەکانی فەڕەنسا و ئەمەریکا و وڵاتانی بیانی دیکە بەکاردێت کە یارمەتی دەدەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارییە ئیسلامییەکاندا لە ناوچەکەدا.
هـ . ب