بەهۆی لافاوەکەی لیبیا زیاتر لە ١١ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە

مانگی سووری لیبیا ڕایگەیاند، بە هۆی لافاوەکەی شاری دەرنە، ١١ هەزار و ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسیش بێسەروشوێنن.

مانگی سووری لیبیا نوێترین ئاماری قوربانیانی لافاوەکەی ڕۆژانی ڕابردووی شاری دەرنە لە ڕۆژهەڵاتی لیبیای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بە هۆی لافاوەکە ١١ هەزار و ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠ هەزار و ١٠٠ کەسیش بێسەروشوێن بوون.

هاوکات عەبدولمەنعەم ئەلغەیسی، سەرۆکی شارەوانی دەرنە ڕایگەیاند، ڕەنگە ژمارەی ئەو کەسانەی لە لافاوەکەدا گیانیان لەدەستداوە بۆ ٢٠ هەزار کەس بەرز ببێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بەهۆی زریانی "دەنیێڵ" دوو بەنداو لە شاری دەرنە تەقینەوە و لانیکەم ٣٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو ڕژایە دەرەوەی بەنداوەکان و بەشێکی زۆری ئەو شارەی گرتەوە.

ژ.ن