فابیان ڕۆسێل هێرشەکانی ڕژێمی تورکی شەرمەزار کرد

فابیان ڕۆسێل، سکرتێری گشتیی پارتی کۆمۆنستیی فەڕەنسا، هێرشەکانی ڕژێمی تورک بۆ سەر کوردستان و گەلەکەی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند: خۆمان بە پشتیوانی گەلی کورد دەزانین.


لە مەیدانی ستالین گرادی شاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، بەشداری کوردان و هاوڵاتیانی فەڕەنسی، لە چالاکیی و گردبوونەوەیەکدا هێرشەکانی ڕژێمی تورکی داگیرکەر بۆ سەر گەلی کوردستان و بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراوی کیمیایی دژ بە گەل و گەریلا لەلایەن ئەو ڕژێمەوە، بە توندی شەرمەزار کران. هاوکات داوا لە دەوڵەتی فەڕەنسا و دەوڵەتانی ئەوروپا و جیهان کرا، بەرامبەر بە هێرشەکان و چەکی کیمیایی هەڵوێستیان هەبێت و بێدەنگ نەبن و سنورێک بۆ تاوانەکانی ئەو ڕژێمە دابنێن.
لە چالاکیی و گردبوونەوەکەدا، فابیان ڕۆسێل، سکرتێری گشتیی پارتی کۆمۆنستی فەڕەنساش ئامادەبوو و تایبەت بە بەشی سۆرانی ئاژانسی هەواڵی فوڕاتی ڕایگەیاند: جێگەی شەرمەزارییە بۆ ئەردۆغان و ڕژێمەکەی کە بە ردەوامن لە هێرش و داگیرکاری بۆ سەر کوردستان و گەلی کوردی هاوخەباتمان. ئێمە درک بە ئازاری کورد دەکەین. هێرشەکان ڕژێمی تورک شەرمەزار دەکەین.
فابیان ڕۆسێل وتیشی:
لەبەرامبەردا  دەوڵەتانی ئەوروپا و دەوڵەتی فەڕەنساش بەرپرسیارن و نەدەبوو بێدەنگی هەڵبژێرن. هاوکات ئەردۆغان و ڕژێمەکەی سەرەڕای هێرش و بۆردومانەکانی سەر کوردستان و گەلەکەی،  هاوکارن لە پڕچەککردنی تاقمە ئیسلامییە جیهادی و تیرۆرستەکان.
ڕۆسێل ئاشکرای کرد: گەلی کورد لە هەوڵی دروستکردنی ستاتۆیە، بەڵام ئە ردۆغان و تیرۆرستان نایانەوێت کورد ستاتۆی هەبێت و بە ئازادی بژی. هەر بۆیە ئێمە خۆمان بە پشتیوانی گەلی کوردی هاوخەباتمان دەزانین.

ئارام کەریم/ پاریس

هـ.هـ