کەجەدەکە-ئە: مانگرتنەکەی مەزڵوم دۆرا سەرکەوت
کەجەدەکە ئەو سەبارەت بە هونەرمەند مەزڵوم دورا کە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە زیندانی ستامهایمی شتوتگارتی ئەڵمانیا زیندانییە، رایگەیاند: "مانگرتنەکەی مەزڵوم دۆرا گەیشتە ئەنجام".
کەجەدەکە ئەو سەبارەت بە هونەرمەند مەزڵوم دورا کە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە زیندانی ستامهایمی شتوتگارتی ئەڵمانیا زیندانییە، رایگەیاند: "مانگرتنەکەی مەزڵوم دۆرا گەیشتە ئەنجام".
کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) سەبارەت بە چالاکوان و هونەرمەند مەزڵوم دۆرا کە لە ١١ی ئایاری ٢٠٢١ەوە لە زینداندایە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کە ئەو هونەرمەندە لە بەر کارە هونەریەکانی لەوانە لێدانی دەهۆڵ لە رێپێوانێک و گۆرانی جەنگی رۆژئاوا لە ٢٠٢١ەوە لە زیندانی ستامهایمدایە و لەئێستاشدا مانی لەخواردن گرتووە".
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە مەزڵوم دۆرا بە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لە دژی هەبێت بەر لە سەردانێکی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی دەوڵەتی تورک مەولود چاوشئۆغڵو دەستگیر و سزای ٣ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
هەر بە پێی راگەیەندراوەکەی کەجەدەکە-ئە لە ٢١ی ئەیلولەوە مەزڵوم دۆرا بە شێوەی بێکۆتایی و بێ گەڕانەوە لە دژی یاسای ژمارە (١٢٩ب)، بۆ هەڵکوتانە سەر دامودەزگاکانی کورد، کردەوەی خراپ بەرامبەر بە زیندانیانی سیاسی کورد دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە و ئەو چالاکییە پشتیوانی زۆری بەدەستهێناوە و مەزڵوم دۆرا بووەتە دەنگی دەیان زیندانی لە زیندانەکانی ئەڵمانیا و سەرنجی رای گشتی بۆ ئەو سەر ئەو مانگرتنە و داواکارییەکانی راکێشراوە.
هەربۆیە کەجەدەکە- لەو بڕوایەدایە کە چالاکی مانگرتنی مەزڵوم دۆرا سەرکەوتووە و بۆیە داوای لەو هونەرمەندە زیندانیە کردووە، کە کۆتایی بە چالاکییەکەی بهێنێت و تێکۆشانەکەی لە بوارێکی دیکەدا درێژە پێبدات، هەروەها داواشی کردووە "کردەوە و پێشێلکاری هەڕەمەکی لە زیندانەکانی ئەڵمانیا بەرامبەر بە زیندانیانی سیاسی کۆتایی پێبهێندرێت و دەستبەجێ ئازاد بکرێن".