کۆماری قەرەباخ هەڵدەوەشێتەوە

کۆماری قەرەباخ کە تاکلایەنە سەربەخۆیی راگەیاندبوو، دوای هێرشەکەی ئازەربایجان، بڕیاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی و سەرجەم دامودەزگاکانیدا.

سەرۆکی حکومەتی قەرەباخ ساموێل چاکرامانیان لە گشتاندنێکدا رایگەیاند، کە هەموو دامودەزگا و دامەزراوەکانی حکومەت لە ٢٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ نامێنن و کۆتایی بە کۆماری قەرەباخ دەهێندرێت.

٢٠ی ئەیلول ئازەربایجان کتوپڕ هێرشیکردە سەر قەرەباخ. دوای شەو و رۆژێک قەرەباخ بڕیاریدا چەک دابنێت و قەبوڵی کرد خاکەکە بخرێتە سەر ئازەربایجان.

زیاتر لە ٦٥ هەزار کەس ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە

دوای هێرشەکە قەرەباخ چۆڵ دەبێت. خەڵک زێدی خۆیان جێدەهێڵن. بە گوێرەی راگەیەندراوی کاربەدەستانی ئەرمینیا ٦٥ هەزار و ٣٦ کەسی قەرەباخی وەک پەنابەر روویان کردووەتە ئەو وڵاتە. ئەو ژمارەیە نزیکەی نیوەی ژمارەی دانیشتوانی قەرەباخە.

میل گیبسۆن: جارێکی دیکە کۆمەڵکوژی روودەدات

ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی میل گیبسۆن ڤیدیۆیەکی لەسەر هەژمارەکانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاوکردووەتەوە، تیاید دەڵێت "مێژوو بە شێوەیەکی مەرگەساتبار دووبار دەبێتەوە".

گیبسۆن لە درێژەی پەیامەکەیدا بۆ خەڵکی قەرەباخ دەڵێت، "ئێمە شایەتی کۆمەڵکوژیەکین کە بەردەوامە".

گیبسۆن بە بیریهێنایەوە کە بەسەدان ساڵە بەۆی ئایینەکەیانەوە گوشار لە سەر ئەرمەنیەکان بەردەوامە و بۆ ئەوەی خەڵکی قەرەباخ بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی بانگەوازی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد، بۆ ئەوەی بکەونەخۆ و هەوڵە دیپلۆماسیەکان بخرێنەگەڕ.

گیبسۆن لە کۆتایی پەیامەکەیدا بەم جۆرە دەڵێت، "بەو ئەرمەنیانە دەڵێم کە ئازار دەچێژن، ورە بەرمەدەن، خوداتان لەگەڵدایە".

هـ . ب