منداڵانی گەلانی خۆجێیی و ڕەسەن لە خێزانەکانیان وەردەگیران و بە زۆر نێردران بۆ قوتابخانەی کڵێسەکان، کە لە سەدەی ١٩دا دروستکرابوون. لەو قوتابخانانەدا فشار و جینۆساید و پاکتاوکاری ئەنجام درابوون.
مارک میلەر وەزیری پەیوەندییەکانی گەلانی خۆجێیی لەوبارەیەوە وتی: "ئێمە دەزانین ئازارەکانی ڕابردوو تێناپەڕێت، بەڵام دەمانەوێت پێکەوە و بە هەرەوەزی ڕووبەڕووی ئەم کارەساتە و نادادییە ببینەوە".
حکومەت پارەی قەرەبووەکردنەوەکەی پەسەند کردووە، بەڵام هاوکات دەبێت دادگاش ئەو قەرەبووکردنەوەیە قبوڵ بکات و ئەگەر دادگا قبوڵی بکات حکومەت ئەو پارەیە دەداتە سندوقێکی سەربەخۆ.
قوتابخانەکانی لیلیی سەر بە کڵێسا بەشێک بوون لە پرۆسەی ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوەی منداڵان و سیاسەتی جینۆسایدی کولتوری و لەناوبردنی زمانەکانی خەڵکی خۆجێیی کەنەدا.
هەفتەی ڕابردوو هەرێمی ئۆنتاریۆ و لە گۆڕەپانی خوێندنگەیەکی کڵێسەیەکی کۆن دا ١٧١ شوێن دیاریکران، کە مەزەندە دەکرێت گۆڕی منداڵانی قوتابخانەکە بێت. لە مانگی ئازاری ٢٠٢٢شدا لە زەویی قوتابخانەیەکی کڵێسەدا لە هەرێمی ئەلبێرتا ١٦٩ گۆڕی منداڵان دۆزرایەوە.
قوتابخانەکانی لیلیی سەر بە کێڵسە لە ساڵانی ١٨٤٠ دا دروستکران و لە ساڵی ١٩٩٧دا داخران. لەو قوتابخانانەدا نزیکەی ١٥٠ هەزار منداڵ لە خێزانەکانیان جیاکرانەوە. لەو قوتابخانانەدا منداڵان لە کولتور و زمانی خۆیان دووردەخرانەوە و هەراسانکردن و دەستدرێژیی سێکسی و جەستەیشیان کرابوویە سەر. ئەوەش لە پێناو ئەوەدا، کە تێکیان بشکێنن و لە زمان و کولتوری خۆیان دووریان بخەنەوە.
لەساڵی ٢٠٠٨دا لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو تراژیدیا و جینۆسایدە دامەزرا.لیژنەکە ڕاپۆرتێکی ٤ هەزار لاپەڕەیی ئامادەکردبوو و ئەو تاوانانەی بە جینۆسایدی کولتووری پێناسە کردبوو. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە نزیکەی ٦ هەزار منداڵ لەو قوتابخانانەدا کوژراون.
ژ.ت