کەنەکە هێرشەکانی سەر زمان و کلتوری کوردی شەرمەزارکرد

کەنەکە هێرشە قڕکارییە سیاسەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر زمان و کلتوری کوردی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاندا پێویستە هەموو وڵاتپاریزانی کوردستان بە یەک دەنگ لە دژی ئەو هێرشانە بوەستنەوە.

کۆمیسۆنی زمان، کلتور و پەروەردەی کۆنگرەی نەوەتەوەی کوردستان (کەنەکە) بە ڕاگەیاندراوێک هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردنی زمانی کوردی شەرمەزارکرد.

ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە بەم شێوەیە:

" هەر وەک ئاشکرایە دەوڵەتی تورکی فاشیست و داگیرکەر، لەم رۆژانەی دواییدا بە شێوەیەکی دڕندانە و بە بەردەوامی لە دژی بەکاربردن، فێرکردن و پەروەردەی زمانی کوردی وەستاوەتەوە و هێرش دەکاتە سەر کەسان و سازیەکانی زمان.

لە سەرەتادا هونەرمەندێکی کوردیان کوشت بە تۆمەتی ئەوەی بە کوردی گۆرانی چڕیوە. دوای ئەو رووداوە گەنج و لاوانی کورد کە شایی و هەڵپەرکێی کوردیان دەکرد، لەلایەن پۆلیسەکانی دەوڵەتی هاوپەیمانێتی ئاکەپە-مەهەپەوە دەستەسەرکران. دوای ئەوەش هەڵیانکوتایە سەر ئاهەنگ و زەماوەندەکانی خەڵکی کورد. بەمەشەوە نەوەستانەوە چەتەکانی دەوڵەت لە شاری ئەستەنبوڵ هێرش دەکەنە سەر کەسێک  و دەیکوژن بە بیانووی ئەوەی کە بە تەلەفون لەگەڵ یەکێک لە بنەماڵەکەی بە کوردی قسەیکردووە. هەر لە لایەن چەتەکانی دەوڵەتەوە هێرشیان بردە سەر  کۆمەڵێک کرێکاری کورد کە  بۆ بژێوی ژیانی رۆژانەیان کرێکاری دەکەن، وە لەو هێرشانەدا  هەندێکییان لێ دەستگیرکرا.

بەهۆی ئەوەی کە لە دژی ئەو ڕەفتارانەی دەوڵەت هیچ  کاردانەوەیەک ئەنجام نەدرا، بۆیە کێشەیان بۆ ئەو شوێنانەی کە وانەی زمانی کوردی تیا دەگوترێتەوە و دەخوێندرا دروست کرد و بە دوای بیانوویەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە داخەن و ئەو چاودێریکردن و هێرشانە تا ئێستا بەردەوامن. لەم رۆژانەی دواییەدا لە شارەوانیانەی کە باخچەی ساوایانیان کردبووەوە لەسەر دیوارەکانی چەند رێنماییەکی هاتوچۆیان لەسەر نووسیبوو لەلایەن چەتە فەرمی و نافەرمیەکانی دەوڵەتەوە بەدواداچوونیان لەسەرکرا و دواتر سڕدرانەوە. لە بەردەوامیدا بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی ئەو شوێنانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.  ئێستایش پشکنەرەکانی دەوڵەتی شارەوانییەکانی ئامەد، وان و شارەکانی دیکە بەدواداچوون و پشکنین دەکەن و بۆ لێپرسینەوەی کردنەوەی شوێنی وانە وتنەوە لە بیانوو دەگەڕێن.

دوێنە بەیانیەکەی هێرشیان بردە سەر باڵەخانەی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی زمان و کلتووری مێسۆپۆتامیا ) MED-DER ) و کتێب فرۆشی پایز پەرتووک و دوای ئەوە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بەڕێوەبەر و مامۆستایانی مەد-دەر و خەباتکارەکانی پایز پەرتووک تەواوی هاوسەرۆک، بەڕێوەبەر و مامۆستایان دەستەسەر کران. زۆرێکیش لە پەرتووک و گۆڤارەکانی کە بە زمانی کوردی بوون وەکو نموونە بۆ تاوان لەگەڵ خۆیاندا بردیان. هەروەها لە شاری ئەزمیریش بەڕێوەبەری (ژن ئارت هونەر) لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتەوە دەستەسەرکراوە.

دەوڵەتی فاشیستی تورکی داگیرکەر جارێکی دیکە دوژمنایەتی خۆی بەرامبەر زمان، کلتوور، وێژە، مێژوو ، هونەر و فۆلکلۆری کوردی بە گەلی کوردی نیشان دا و هەموو نرخ و بەهاکانی کوردانیان پێشێل کرد.

لەبەر ئەم تاوانە دڕندانەی دەوڵەتی تورکیا ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بانگەوازی لە هەموو رێکخستنە سیاسیەکان، سازی، دام و دەزگا مەدەنی و پیشەییەکان، باوەڕی و ئاینی، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری، ئەکادیمیەکان، نووسەران و هەموو وڵاتپارێزە کوردستانیەکان دەکەین کە بەیەکەوە و بە یەک دەنگیی لە بەرامبەر ئەم هێرش و رەفتارە نا ئەخلاقی و دڕندەکانی نەژادپەرستانی دەوڵەتی هاوپەیمانێتی ئاکەپە-مەهەپە ی تورکیا کاردانەوە و هەلوێستی توندوتۆڵ بە کۆمەڵ و بە یەک دەنگ نیشان بدەن و لەم نرخ و بەها پیرۆزیانەی گەلی کورد و کوردستان خاوەنداری بکەن.

دیسانەوە ئێمە لە کەنەکە، ئەم هێرشە دڕندانە و نەژادپەرستانە بە توندی شەرمەزار دەکەین. بۆ ئەوەی بەیەک دەنگی هەڵوێست و کاردانەوە بنرێت بانگەوازی لە هەموو وڵاتپارێزانی کوردستان دەکەین.

دوپاتی دەکەینەوە، زمان، کلتور، فۆلکلۆر و هونەری کوردی شەنگەستە و پێناسەی هەبوونمانە."