کۆریای باکوور مووشەکێکی کیشوەربڕی تاقیکردەوە
کۆریای باکوور هاوکات لەگەڵ تاوانبارکرانی بە ڕەوانەکردنی هەزاران سەرباز بۆ ڕووسیا، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانا ئەتۆمییەکانی، یەک لە بەهێزترین مووشەکەکانی خۆی تاقیکردەوە.
کۆریای باکوور هاوکات لەگەڵ تاوانبارکرانی بە ڕەوانەکردنی هەزاران سەرباز بۆ ڕووسیا، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانا ئەتۆمییەکانی، یەک لە بەهێزترین مووشەکەکانی خۆی تاقیکردەوە.
سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، کە ئەوان بۆیان یەکلابووەتەوە کە کاتژمێر ٠٧:١٠ کۆریای باکوور لە ناوچەی پیونگ یانگەوە مووشەکێکی دوورهاوێژی بەئاراستەی دەریای ژاپۆن هەڵداوە.
وەک وەزارەتی بەرگریی ژاپۆنیش ڕایگەیاندووە، مووشەکە ئاماژەبۆکراوەکە توانای پێکانی ئامانجی لە مەودای پێنج هەزار و ٥٠٠ کیلۆمەتر هەیە و دەکەوێتە خانەی مووشەکە بالستییە کیشوەربڕەکان.
هاوکات چینیش نیگەرانیی خۆی لە هەڵکشانی ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆریای باکوور و کۆریای باشوور دەربڕی و لەهەمان کاتدا ناڕەزایەتیی خۆی لە دژی هەڵدانی ئەو مووشەکە کیشوەربڕە نیشاندا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین،لین جیان، لە میانی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی لە پەکین وتی: "چین وەک دراوسێیەکی نزیکی نیمچەدوورگەی کۆریا، لە بەرامبەر پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە کۆریا نیگەرانە" و داوای لە هەمووان کرد کێشەکانی نیمچە دوورگەکە لە ڕێگەی سیاسییەوە چارەسەر بکەن.
بە ماوەیەکی کورت بەر لە هەڵدانی ئەو مووشەکە وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و کۆریای باشوور داوایان لە کۆریای باکوور کردبوو ئەو ١٠ هەزار سەربازەی بکشێنێتەوە، کە لە ڕووسیا جێگیری کردوون.
تائێستا کۆریای باکوور سەبارەت بە پرسی ناردنی سەربازانی بۆ ڕووسیا هیچ لێدوانێکی نەداوە.
بە گوێرەی ئاژانسی فەرمیی حکومەتی کۆریای باکوور، لە کاتی هەڵدانی مووشەکەکەدا سەرۆکی وڵاتەکە کیم جۆنگ-ئون وتەیەکی پێشکەش کردووە و رایگەیاندووە: "تاقیکردنەوە مووشەکییەکانمان لە چوارچێوەی خواستمان بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمنانمان، هەنگاوێکی ئاگادارکردنەوەی سەرکەوتووە".
ئەم دوا تاقیکردنەوە مووشەکییەی کۆریای باکوور، لەلایەن کۆشکی سپییەوە بە توندی سەرکۆنە کراوە و وەک "پێشێلکارییەکی زەق"ی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان پێناسەکراوە.
بە گوێرەی سزاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر پیونگ یانگ، هەموو جۆرە تاقیکردنەوەیەکی مووشەکە بالستییەکان لەو وڵاتە قەدەغەکراوە.