کتێبی "مێژووی کوردستان" بە ڕووسی چاپکرا

لە ڕووسیا کتێبی ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی گشتی کەجەکە، دیار غەریب بە ناونیشانی "خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژووی کوردستان" بە زمانی ڕووسی چاپکرا.

ئۆتۆنۆمی فیدڕاڵی نەتەوەیی و کەلتووری کوردانی فیدراسیۆنی ڕووسیا کتێبی "مێژووی کوردستان"ی بە زمانی ڕووسی بڵاوکردەوە، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٥ بە ناونیشانی "خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژووی کوردستان" چاپ و بڵاوکرایەوە. کتێبەکە لە ٣٦٧ لاپەڕە پێکهاتووە. کتێبەکە لە ماڵی کوردانی ڕووسیا دەست دەکەوێت.

لە کتێبەکەدا شیکارییەکی قووڵ بۆ پێکهاتەی گەلی کورد و کوردستان لە سەردەمی نیۆلیتیکەوە تاوەکو ئێستا دەکات. هەروەها لەسەر تەڤگەری ڕزگاریخوازی کە بوونەتە بەشێکی جەوهەری مێژووی کوردستان. نووسەر دیدێکی نوێ بۆ جوگرافیا و دیمۆگرافیای هەرێمەکە دەخاتە ڕوو کە ڕێگە دەدات بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە گرنگییەکەی لە مێژووی جیهاندا.

 لە کتێبەکەدا باسی ئەم تەوەرانە دەکات:

* سەردەمی نیۆلیتیک: کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی کوردستان.

* دامەزراندنی عەشیرەتە کوردییەکان: ڕۆڵیان لە سەردەمی هیرارشییەت و بازرگانی کۆیلەدا.

* کۆنفیدراسیۆنی میدیا: زەردەشتیەت و کاریگەری لەسەر هەرێمەکە.

* قۆناغی ئیسلام: بەرکەوتن لەگەڵ ڕاستینەی نوێی ئایینی و کۆمەڵایەتی.

*قۆناغی سەرمایەداری: کاریگەریی فاکتەرە دەرەکییەکان لەسەر پێشکەوتنی هەرێمەکە.

* سەردەمی هاوچەرخ: تێکۆشانی کورد بۆ چارەنووس و بەشدارییان لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا.