لە لوبنان ٢٧٠ کەس مردن و زیاتر لە هەزار کەس برینداربوون

وەزارەتی تەندرووستی لوبنان دەربارەی هێرشەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند لە هێرشەکانی سەرلەبەیانی، ژمارەی کوژراوان گەیشتە ٢٧٠ کەس.

وەزارەتی تەندرووستی لوبنان ڕایگەیاند لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان لانی کەم ٢٧٠ کەس مردوون و زیاتر لە هەزار کەس برینداربوون.

بەگوێرەی وەزارەتەکە لەنێو کوژراوەکاندا ژن و مناڵ و کارمەندی فریاگوزاری هەن.

ئەم بەیانییە سوپای ئیسرائیل بیقاع و باشووری لوبنانی بە سەختی بۆردوومان کرد.

سوپای ئیسرائیل بانگەوازی لە دانیشتووانی باشووری لوبنان و بیقاع کرد، دووربکەونەوە لە شوێنانەی چەکی حزبوڵای تێدایە. سوپاکە ڕایگەیاند زیاتر لە ٨٠٠ ئامانجی حزبوڵا بۆردوومان کراون.

سەرۆککۆماری ئیسرائیل ئیسحاق هەرزۆگ سەرەڕای بۆردوومانە دژوارەکە ڕایگەیاند "ئیسرائیل شەڕی ناوێت"، وە گوتی: "ئیسرائیل شەڕی ناوێت. بەلام ماف و ئەرکمانە گەلەکەمان بپارێزین".

هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد "هەزاران موشەکی دوور مەودا لە ماڵ و ژووری میوان و ژووری نووستن و چێشتخانەدان و دواتر بەکاریان دەهێنن بۆ کوشتنی گەلەکەمان".