لە ئۆسلۆ بڕیاری نەرویج بۆ هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا شەرمەزارکرا

کوردستانیان و دۆستەکنیان بە چالاکیەکی گردبوونەوە لە پێش پەرلەماندا لە ئۆسلۆ، بڕیاری نەرویج بۆ سەرلەنوێ هەناردەکردنی چەک و ئامرازەکانی بەرگرییان بۆ تورکیا شەرمەزارکرد.

چالاکیەکە لە لایەن فیدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردانی نەرویج (نەجەدەکە-ئۆسلۆ) سازکرا و نوێنەرانی ‘’Solidariet med Kurdistanê’’ پشتگیری چالاکیەکەیان کرد.

لە چالاکیەکەدا هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردانی نەرویج (نەجەدەکە-ئۆسلۆ) ئەندام ئاسۆ قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا لە ساڵی ٢٠١٩ەوە هەناردەکردنی چەک و ئامرازەکانی بەرگری بۆ تورکیا بە هۆی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنە داگیرکارییەکانەوە لە سوریا ڕاگیراوە، بەڵام لە ئێستادا ئەو بڕیارە هەڵگیرا و سەرلەنوێ چەک دەفرۆشرێتەوە بە ڕژێمێکی دیکتاتۆر.

هەر لە چالاکیەکەدا چالاکوانی ئەنتەرناسیۆنالیستی لیدا ویرتز قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا تورکیا زیان دەگەیەنێت بە ژێرخانی مەدەنی و یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات، بۆیە پێویستە نەرویج دەستبەجێ ئەم بڕیارەی ڕاگرێتەوە.

لە چالاکیەکەدا پانکارتی "نەخێر بۆ چەک و بەڵێ بۆ ئاشتی" و "تورکیا لە کورستانەوە بۆ جەهەنەم" بەرزکرانەوە.

*تورکیا و نەرویج دووهێزی ناتۆن، لەساڵی٢٠١٨دا وڵاتی نەرویج بە بەهای ٤١،٤ملیۆن کرۆن چەکی هەناردەی تورکیا کرد.