ئەو چالاکییە کە لە بەردەم کونسوڵخانەی ئێران لە شاری ئۆسلۆ بەڕێوەچوو، لەلایەن پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و کۆمیتەی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) ڕێکخرابوو.
لە چالاکییەدا ڕاگەیەندراوێکی کۆمیتەی نەرویجی کەژار خوێندرایەوە، کە تێیدا ھاتووە، "هێزەکانی دەوڵەتی ئێران مانگی تەمموز چالاکوان وریشە مورادی (جوانا سنە)یان ڕفاندووە و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
کەژار ئاماژەی بەوەشکردووە، "وریشە مورادی، ناسراو بە (جوانا سنە)، ئەندامی کەژار، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی رێکخراوەیی سیاسیمانی ڕادەپەڕاند، لە نزیک سنە ڕفێندراوە و هیچ زانیارییەکی لەبارەی چارەنووسی دەست ناکەوێت".
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بنەماڵەکەی دوای ڕفاندنی وریشە مورادی هەموو هەوڵێکیان خستۆتەگەڕ، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیووە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بەدەست بھێنن و چارەنووسی نادیارە، ئەمەش نیگەرانی بنەماڵەکەی و ڕێکخستنەکەمانی زیاتر کردووە".
لای خۆشیەوە عومەر ئەمین، نوێنەری ئەورووپایی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند، وریشە مورادی (جوانا سنە) لەلایەن ھەواڵگری ئێران و سیخوڕەکانی سوپای پاسدارانەوە ڕفێندراوە، وتیشی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژیانی ئەو ھەڤاڵە شۆڕشگێڕەمان بەرپرسیارە، دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێت ."
لە چالاکییەکەدا لەگەڵ لافیتەیەک کە لەسەری دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" نوسرابوو، وێنەکانی زەینەب جەلالیان و وریشە مورادی بەرزکرایەوە.
چالاکییەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.