دان بورک و سام نیوی، کە خەڵکی وڵاتی بەریتانیا بوون، لە ئۆکرانیا لە شەڕ دژی هێزەکانی ڕوسیا گیانیان لەدەستدا. دان و سام دوای گیان لەدەستدانیان لەلایەن میدیاکانی وڵاتەکەیانەوە وەک قارەمان ناویان هێنرا.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، تەرمی دان بورک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دۆزرایەوە. هەروەها سام نیوی-ش لە شەڕی دژی هێزەکانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا گیانی لەدەستدا.
گیان لەدەستدانی ئەو دوو خۆبەخشە بەریتانییە لە ئۆکرانیا، لە میدیاکانی وڵاتەکەیاندا دەنگی دایەوە. لە زۆرێک لە هەواڵەکاندا، بورک و نیوی ناویان وەک 'شەڕڤانی ئازا و فیداکار' هێنرا.
لە کاتێکدا ئەوەی جێگەی سەرنجە 'دان بورک' بەهۆی ئەوەی لە ڕیزەکانی یەپەگەدا دژی داعش شەڕی کرد، بۆ ماوەی حەوت مانگ زیندانی کرا. هەروەها سام نیویش هەرچەندە تەمەنی ١٩ ساڵ بوو و هەرگیز نەچووبووە ڕۆژئاوا لە لایەن دادگاوە سزا درا.
دان نیوی برای سام، کە خۆی پێشتر لە ڕۆژئاوا شەڕی کردووە، لەبارەی ئەو بابەتە قسەی کرد و وتی: هەردوو ئینتەرناسیۆنالیستەکە قارەمان بوون.
وتیشی: "گەلی ئازاد لە ڕۆژئاوا بوونە بەربەستێک لە نێوان داعش و وڵاتانی ڕۆژئاوایی، ئەگەر فیداکاری ئەوان نەبوایە، داعش ئازار و کارەساتی گەورەتری دەخولقاند؛ ئێستا دەکرێت هەمان شت لەبارەی ئۆکرانیاوە بوترێت. ئەوە تێکۆشانی هەموومانە. چی دەبێت با ببێت، دەبێت ئێمە دژی دیکتاتۆریەت خۆڕاگری بکەین".
دان بورک ساڵی ٢٠١٧ ڕووی لە ڕۆژئاوا کردبوو و دوای ئەوەی لە دژی داعش شەڕی کرد، ساڵی ٢٠١٩ گەڕایەوە وڵاتەکەی. بورک چاوەڕێی بوو وەک قارەمانێک پێشوازیی لێبکرێت، بەڵام لە وڵاتەکەیدا بە 'تیرۆریزم' تۆمەتبار کرا. دان بورک و سام نیوی لەگەڵ چوار هاوڕێیان دادگایی کران.
سام نیوی تەمەن ١٩ ساڵ، بە هۆی ئەوەی ١٥٠ پاوەندی بۆ براکەی دان نیوی ناردبوو، بە تۆمەتی 'پاڵپشتی دارایی لە تیرۆر' تۆمەتبار کرا و سزا درا.
دواتر بڕیارەکە ڕەتکرایەوە، بەڵام دان بورک بۆ ماوەی حەوت مانگ زیندانی کرا. هەروەها هەندێک لە میدیاکان وەک گاڵتە پێکردن بە 'دان جیهادی' ناویان برد.
سام نیوی و باوکی بە دانانی بارمتە ئازادکران و کارەکانیان لەدەستدا و پۆلیس چەند جارێک هەڵیکوتایە سەر ماڵیان.
سام نیوی ڕۆژی ٣١ی ئاب لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لە ئۆکرانیا گیانی لەدەستدا. هەروەها دان بورکیش وەک ڕاگەیەندراوە بە ئەگەری زۆر ڕۆژی ١١ی ئاب کۆچی دوایی کردووە و لەبارەی گیانلەدەستدانیشی لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
تۆڕی پشتیوانی کوردستان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەو دوو ئینتەرناسیۆنالیستە ڕایگەیاند، "ئەو دوو ئینتەرناسیۆنالیستەی کە لەپێناو بەرگریکردن لە ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە، دەبێت وەک قارەمان یادیان بکرێتەوە. بەڵام هەردووکیان لەلایەن دەوڵەتەوە هەراسانکران و ستەمیان بەرامبەر کرا، چونکە لە شاننشینی بەریتانیا نەیانهێشت بە ئاسایی بژین. پستیوانی دووڕوویانەی بەریتانیا بۆ شەڕی تورکیا لە دژی کوردان، بانگەشەکانی شانشینی یەکگرتوو لەسەر دیموکراسی، دیاریکردنی چارەنوس و پشتیوانی لە مافە سەرەتاییەکان لە یوکرانیا دەکاتە بابەتێکی مایەی پێکەنین".
ژ.ن