بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن ڕێکخراوەکانی پۆلیسی ئەڵمانیاوە بڵاویکراونەتەوە، لە مانگی ئەیلولدا، ٢١ هەزار و ٣٦٦ کۆچبەر بە شێوەیەکی نایاسایی گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە. بەو پێیەش ئەوە بەرزترین ژمارەیە لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٦ەوە تۆمار کراوە.
ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئەیلول گەیشتوونەتە وڵاتی ئەڵمانیا، ٩٢ هەزار کەسی تێپەڕاندووە. ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ساڵی ٢٠٢٣ لە ڕووی کۆچبەرییەوە ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات.
ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لەوبارەیەوە بە گۆڤاری دێر شپیگڵ ڕایگەیاندووە، سیاسەتی دیپۆرتکردن جێبەجێ دەکرێت و وتی: ئەوانەی مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا نییە، دەبێت بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ دیپۆرتیان بکەینەوە.
شۆڵز جەختیشیکردەوە، پێویستە بە شێوەیەکی باشتر کۆنترۆڵ و چاودێری سنوور و سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بکرێت.
هەفتەی ڕابردوو ئەڵمانیا لەسەر سنوورەکانی کۆماری چیک، پۆڵەندا و سویسرا دەستی بە چاودێری کرد. سنووری نەمساش، ماوەیەکە لە لایەن پۆلیسەوە چاودێری و کۆنترۆڵ دەکرێت.