مارتینا فێلدمایەر: دەبێت دەوڵەتی تورک دەست لە ستەمکاری بەرامبەر بە کورد هەڵبگرێت

ئەندامی پەرلەمانی ئەیالەتی هەسەن مارتینا فێڵدمایەر رایگەیاند، کە تورکیا ستەم لە کورد دەکات و وتی، "رێگە نادەن بە کوردی قسە بکەن و منداڵانیان فێری زمانی خۆیان بکەن. دەبێت تورکیا کۆتایی بە ستەمکاری بەرامبەر بە کورد بهێنێت".

دەووڵەتی تورکی داگیرکەر لە لایەکەوە بە هاوکاری بنەماڵەی بارزانی هێرشی داگیرکەری و لکاندن لە دژی باشوری کوردستان درێژەپێدەدات و لەلایەکی دیکەوە گوشار و زۆرداری بۆ سەر کولتور و زمانی کوردی پەیڕەو دەکات. دەوڵەتی تورک لەم ماوانەی دواییدا هەڵیکوتایە سەر ناوەندەکانی زمانی کورد و هۆگرانی زمان و وێژەی کوردیی دەستبەسەرکرد. گەلی کورد لە دژی قڕکردنی زمان و کولتوری خۆی لە ناو چالاکیدایە. بە تابەتیش کوردان لە ئەوروپا بۆ زیندووکردنەوەی کولتور و زمانی کوردی فێستیڤاڵ سازدەکەن. جگە لە کورد ژمارەیەکی زۆر لە ئەوروپییەکانیس بەشداری لە فێستیڤاڵەکانی کورد دەبن و دڵخۆشی خۆیان دەخەنەڕوو.

یەک لەو کەسانە ئەندامی حزبی سەوزەکان (یەکێتی ٩٠/سەوز) لە پەرلەمانی ئەیالەتی هەسەن مارتینا فێلدمایەرە. مارتینا کە بەشداری لە ٣٢هەمین فێستیڤاڵی کولتوری کورد لە فرانکفۆرتی کردبوو، لەبارەی گوشار و تواندنەوەی کولتوری دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و هێرشەکان بۆ سەر زمانی کوردی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

کولتور و موزیکی کوردان زۆر خۆشە

پەرلەمانتار مارتینا فێلدمایەر سەبارەت بە جۆش و خرۆشی فێستیڤاڵەکە وتی، "کولتور و موزیکی کوردان زۆر خۆشە، هەڵپەڕکێی کوردی جوانە و خواردنەکانیشیان زۆر خۆشن. هەموو شتێک لێرە زۆر ئارامە. زۆر دڵخۆشم بەوەی فێستیڤاڵێکی خۆش و جوانی بەم جۆرە لە فرانکفۆرت ساز دەکرێت".

'لە تورکیا ستەم لە کوردان دەکرێت'

مارتینا فێلدمایەر لەبارەی سیاسەتەکانی تواندنەوەی کولتوری و گوشار بۆ سەر زمانی کردیش قسەی کرد و رایگەیاند، "لە هەواڵەکاندا ئەوەی بەردەوام سەرنج رادەکێشێت ئەوەیە کە دەڵێن رێگە بە کوردان نادرێت بە زمانی خۆیان قسە بکەن. لە تورکیا ستەم لە کوردان دەکرێت، ناهێڵن بە کوردی قسە بکەن و منداڵەکانیان فێری زمانی خۆیان بکەن، رێگە نادڕێت بە کولتوری خۆیانەوە بژین. هیج مرۆڤێک لە مرۆڤەکانی تر گەورەتر نییە. هەموو گەلان مافی یەکسانیان هەیە و ئەو مافە مرۆڤیانەش گەردوونین. لەبەر ئەوەش شتێکی لەو جۆرە مایەی قەبوڵکردن نییە، هەربۆیە ئێمە وەک کەسانی دیموکراسیخواز داوا لە دەوڵەتی تورک دەکەین دەستبەرداری چەوساندنەوە و ستەمکردن لە کوردان بێت، با گەلی کورد بە زمانی خۆیان بخوێنن و بە کولتوری خۆیانەوە بژین".