روسیا: لەسەر داوای ئێمە چەند مادەیەكی تر بە رەشنووسی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران زیادكرا

ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند؛ لەسەرداواكاریی روسیا هەندێک ماددەی پێویست بەرەشنووسی ئامادەكراوی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران زیاد كرا تا لەهاوكارییەكانی ئێران و روسیا لەبواری پرۆژە ناوەكییەكان پشتڕاست بین.

رۆژی چوارشەممە ئاژانسی هەواڵی "تاس" لەزمانی زاخارۆڤاوە بڵاویکردەوە: "دۆخی نێودەوڵەتی لە ئان و سات دا لە گۆڕاندایە و هێرشە دوژمنكارانەكانی ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا بۆ سەر روسیا، ئێمەی ناچار بەوە كرد بیر لەوە بكەینەوە، كە لە بەرامبەر ئاستەنگە نێودەوڵەتیەكان لەگەڵ رژێمی ئێراندا بەخۆماندا بچینەوە و رێكاری پێویست بگرینەبەر".

زاخارۆڤا جەختیشی لەوە كردووەتەوە، بۆ مەبەستی گەرەنتیكردنی هەموو ئەو پرۆژانە، لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی (بەرجام) بەتایبەتی لەبواری هاوكاری لەگەڵ ئێران لەبەشی وزەی ناوەكی لە بوشەهر لە گەماڕوە نیگەتیڤەكانی ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا لەسەر روسیا پارێزراو بن، هەندێک ماددەی پێویستمان لەسەر رەشنووسە ئامادەكراوەكەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران لە ڤییەنا زیاد كرد.

وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە وتەكانیشیدا جیاواز لە بەرپرسانی تری روسیا رایگەیاندووە؛ هۆكاری سستبوونی بەرێوەچوونی پرۆسەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤییەنا، روسیا نەبووە.

ژ.ت